Draw Media

سەرۆك كۆمار هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكات

سەرۆك كۆمار هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكات

2020-04-27 20:53:06


راپۆرتی: درەو
لەژێر فشاری شیعەكان‌و هەڕەشەی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدادوە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستبەرداری دانانەوەی فوئاد حسێن دەبێت بۆ وەزیری دارایی عێراق، بەتایبەت كە بەشێك لەپەرلەمانتارانی شیعە هەڵمەتێكی میدیای فراوانیان دژی ناوبراو دەستپێكردووەو، بەهۆكارێكی سەرەكی قەیرانی دارایی عێراقی دەزانن. ئەوەش ئەو بڕوایەی لای پارتی تۆختر كردووتەوە، ئەگەر مستەفا كازمی_یش ڕەزامەندی پیشانبدات بەدانانەوەی ناوبراو، ئەوا لەپەرلەمان دەنگی پێویست ناهێنێت، بۆیە پارتی دەیەوێت بە رێككەوتنێك لەگەڵ سونەو شیعە بیكاتە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق. 
 
بارزانی یەكلای دەكاتەوە
سەرچاوەیەكی باڵا لەپارتی دیموكراتی كوردستان كە دوایكرد ناوی نەهێنرێت بە (درەو)ی ڕاگەیاند: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بڕیاریداوە، گەنجێكی شارەزاو پسپۆڕ لەبواری دارایی‌و ئابوری بۆ شوێنی فوئاد حسێن دەستنیشان بكات. ئەوە لەكاتێكدایە، ململانێیەكی شاراوەو ژێر بەژێر لەناو پارتی هاتووەتە گۆڕێ‌ لەسەر ئەو پۆستە.  
هەر ئەمڕۆ وەسفیە شێخۆ پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد ئەلیەوم" لەوباریەوە ڕایگەیاند: پارتی پێداگری ناكات لەسەر دانانەوەی فوئاد حسێن بۆ وەزارەتی دارایی.
بەگوێرەی زانیارییەكانی "بەغداد ئەلیەوم": پارتی بڕیاریداوە كەسێك لەمەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ ئەو پۆستە كاندیدبكات، ئەگەر ئەو كاندیدەش ڕەتبكرێتەوە، ئەوا بیر لەدانانی بەنگین ڕێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی ئێستای عێراق دەكاتەوە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دارایی.
بەڵام پێدەچێت هاتنە سەر خەتی بارزانی‌و، كۆمەڵێك پێشهاتی نوێ‌ لەچەند كاتژمێری ڕابردوودا لەبەغداد، چانسی هەموو ئەوانەی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دارایی بەتەواوی لاوازكردبێ‌و، ئەگەری بەهێز ئەوەیە پارتی دەموچاوێكی تازەی شارەزا لە كاروباری دارایی و ئابوری كاندید بكات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. 

كازمی‌و مەرجی تازە
لەبارەی تازەترین پێشهاتەكانی بەغدادیش، سەرچاوەیەكی سیاسی باڵای عێراق بە(درەو)ی ڕاگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، بەلایەنە سیاسییەكانی ڕاگەیاندووە: وەزارەتەكانی (ناوخۆو دارایی‌و بەرگری) دەدات بەكەسانی سەربەخۆ.
بەگوێرەی سەرچاوەكە: وەك ئیستحقاقی هەڵبژاردن، دارایی بۆ كوردو ناوخۆ بۆشیعەو بەرگری بۆ     سوننە دەبێت، بەڵام پێویستە لەسەر ئەو لایەنانەی ئەوسێ‌ وەزارتەیان بەردەكەوێت كەسانی سەربەخۆی بۆ كاندید بكەن.
هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتووە، كازمی بەنیازە سێ‌ جێگر بۆ خۆی دەستنیشانبكات‌و یەكێك لەو جێگرانەش بدات بەكورد، پارتی دیموكراتی كوردستان  فوئاد حسێنی دەستنیشانكردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. 
كازمی لەتازەترین لێدوانیدا كە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە  دەڵێت: پێویستە حكومەتی داهاتووە لە ئاستێكدابێت بتوانێت قەیرانەكان چارەسەر بكات، پێویستە هەموو لایەنەكان بەرژوەندی عێراق لەپێشەوە دابنێن. تەنها ئەو گوشارانە قبوڵ  دەكەم كە لەبەرژوەندی وڵات بێت.

پەرلەمان هەڵدەوەشێنمەوە
ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" ئاشكرایكردووە: بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق وەك ناوبژیوان بەچڕی هاتووەتە سەرخەت بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە ناكۆكە شیعییەكان‌و، چارەسەركردنی قەیرانی پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەت ئەو مۆڵەتە دەستورییەی بۆ كازمی دیاریكراوە نیوەی كۆتایهاتووەو، تەنها دوو هەفتەی لەبەردەستدا ماوە بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی، یان چوونە ڕیزی دوو ڕاسپێردراوەكەی پێشخۆی. 
بەگوێرەی سەرچاوەكە، سەرۆك كۆماری عێراق هۆشداری داوەتە لایەنە سیاسییەكان لەئەگەری شكستهێنانی كازمی هاوشێوەی (عەلاوی‌و زورفی)، ئاماژەی بە ئەگەری پەنابردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی پێشوەخت كردووە، ئەگەر بەزوویی حكومەت پێكنەیەت.
مستەفا كازمی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا شكستیهێنا لەگەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەكەی، بەجۆرێك زۆرینەی هێزە شیعییەكان بەشێكی زۆری ئەو ناوانەیان ڕەتكردەوە كە ناوبراو كاندیدی كردن بۆ وەزارەتەكان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand