Draw Media

بەناوی خوازراوەوە لە سویسرا خوێندویەتی

بەناوی خوازراوەوە لە سویسرا خوێندویەتی

2020-04-26 11:37:24


(درەو):
دوركەوتنەوەی كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور لە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتەكەی، بەمدواییە گومانی لەسەر دۆخی تەندورستی ئەو لە میدیاكانی خۆرئاوا دروستكردووە.
ئەوەی زیاتر وایكرد گومان لەسەر دۆخی تەندروستی كیم جۆنگ ئون بكرێت، بەشدارنەبوونی رێبەر كیم بوو لە مەراسیمی ساڵانەی یادی لەدایكبونی (كیم ئیل سۆنگ)ی باپیرەی لە رۆژی 15ی ئەم مانگەدا، باپیرە كیم ئیل سۆنگ دامەزرێنەری دەوڵەتی كۆریای باكورە.  
دواینجار كە میدیای فەرمی كۆریای باكور باسی شوێنی رێبەر كیم جۆن ئون-ی كرد، رۆژی 11ی ئەم مانگە بوو، كاتێك رایگەیاند، رێبەر سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی كردووە.
بەیانی ئەمڕۆش رادیۆی فەرمی كۆریای باكور رایگەیاند، رێبەر كیم سوپاسی كرێكاران‌و كارمەندانی كۆریای كردووە، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە باسیان لەوەدەكرد كیم جۆنگ ئون نەخۆشە‌و كۆچی دوایی كردووە.
سایتی (یو ئێس نیوز)ی ئەمریكیی هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی كەسایەتی سەرۆكی كۆریای باكور بڵاوكردەوەو كە زانیارییەكان بۆ زۆركەس نوێن:
•    هەندێك قسەوباسی جیاواز هەن لەبارەی تەمەنی كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور، ساڵی 2016 وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا تەمەنی كیم جۆن ئون بە رۆژی (8ی یەنایەری ساڵی 1984) دیاریكرد، بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بە هەمان رۆژ دەكەن بەڵام لە ساڵی 1983دا.
•    كیم كوڕی كیم جۆن ئیل سەرۆكی پێشووی كۆریای باكورە‌و باوكی لە ساڵی 1994وە حوكمی وڵاتی كردووە تاوەكو كۆچی دوایی لە ساڵی 2011دا، دایكی كیم ناوی (كو یونگ هوی)یە.
•    كیم جۆنگ ئیل باوك (7) منداڵی هەبووە، (3 كچ‌و 3 كوڕ)، كیم جۆنگ ئون سەرۆكی ئێستای كۆریا كوڕی سێیەم‌و منداڵترین كوڕی كیم جۆنگ ئیل بووە لە خاتوو (كو یۆنگ هوی).
•    كیم جۆنگ نام زڕبرای كیم جۆنگ ئون‌و كوڕە گەورەی كیم جۆن ئیل-ی باوك بوو، بەهۆی ئەوەی كوڕە گەورە بوو، چانسی لە دوو كوڕەكەی تر زیاتر بوو بۆ ئەوەی لەدوای مردنی باوكی ببێت بە سەرۆكی كۆریای باكور، بەڵام دوای ئەوەی راپۆرت بڵاوبووەوە لەبارەی ئەوەی ساڵی 2001 ویستویەتی سەردانی "دیزنی لاند" بكات‌و لە ژاپۆن بەتۆمەتی هەڵگرتنی پاسپۆرتی ساختەوە دەستگیركراوە، چانسی ئەوەی لەدەستدا ببێت بە سەرۆك.
•    رۆژی 13ی شوباتی ساڵی 2017، كیم جۆن نام-ی براگەورە لە فڕۆكەخانەی كوالا لامپور لە مالیزیا لەڕێگەی ژەهراویكردنەوە تیرۆركرا، تۆمەتی تیرۆركردنەكەی ئاڕاستەی كیم جۆن ئونی برا بچوك‌و سەرۆكی كۆریای باكور كرا.
•    كیم جۆنگ ئون ساڵی 1998 پەیوەندی بە خوێندنگەیەكی حكومییەوە كردووە لە شاری بێرن-ی سویسرا، ئەوكات هەرزەكاربووە‌و ماوەی دوو ساڵ لەو قوتابخانەیە خوێندویەتی، راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن كیم جۆن ئون لەژێر ناوێكی خوازراودا لەو خوێندنگەیە خوێندویەتی‌و ناوی "باك ئون" بووە.
•    بەپێی هەندێك راپۆرتەكان كیم جۆنگ ئون بەر لەوەی پەیوەندی بەو خوێندنگەیەشەوە بكات لە سویسرا ژیاوە، بەڵام ئەم راپۆرتانە تائێستا پشتڕاست نەكراونەتەوە، باسلەوەدەكرێت كاتێك تەمەنی گەیشتووەتە (17 ساڵ) بەشێوەیەكی كتوپڕ خوێندنگەكەی جێهێشتووە‌و گەڕاوەتەوە بۆ پیۆنگ یانگ. 
•    لەوكاتانەدا كە لە خوێندنگەكەی سویسرا بووە، كیم جۆنگ ئون لە وانەكانی زانستی سروشتیدا ئەنجامەكانی باش نەبووە، بەڵام نمرەی باشی لە بوارەكانی مۆسیقا‌و خوێندنی تەكنەلۆژیدا بەدەستهێناوە.
•    دەوترێت ئەو زۆر حەزی لە پەنیرو جگەرەكێشانە، ئەمە بووە بەهۆی ئەوەی كێشی زیاتر ببێت‌و دوچاری كێشەی تەندروستی ببێتەوە. 
•    ئارەزومەندی باسكەی ئەمریكییە، كاتێك منداڵ بووە یەكێك بووە لەوانەی سەرسام بووە بە مایكڵ جۆردن، پەیوەندی هاوڕێیەتیشی لەگەڵ دینیس رۆدمان یاریزانی پیشەگەری پێشووی باسكەی ئەمریكادا هەیە‌و رۆدمان لە چەند بۆنەیەكدا سەردانی كۆریای باكوری كردووە‌و كیم جۆنگ ئونی بینیوە.
•    كیم جۆنگ ئون دوو بڕوانامەی زانكۆی هەیە، یەكێكیان لە بواری فیزیا لە زانكۆی كیم ئیل سۆنگ، ئەوی تر وەكو ئەفسەر لە سوپا‌و لە كۆلیژی كیم ئیل سۆنگ-ی سەربازی. 
•    كیم جۆنگ ئون ساڵی 2009 هاوسەرگیری لەگەڵ (ری سۆڵ جو)كردووە‌و لە ساڵی 2012وە بوون بە خاوەنی كوڕێك بەناوی (جون ئی).
•    بەپێی راپۆرتەكان لە ساڵی 2011وە كە دەسەڵاتی گرتوەتەدەست، كیم جۆنگ ئون زیاتر لە (300) كەسی گوللەباران كردووە، لەناو ئەمانەدا زیاتر لە (140) كەسیان گەورە بەرپرسانی وڵات بوون، ساڵی 2013 (جانگ سۆنگ سایك)ی مامی خۆی دەستگیركردو بەتۆمەتی خیانەت، كوشتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand