Draw Media

تەنانەت ماڵی نێچیرڤان بارزانیش نەیتوانی یەكێتی و پارتی كۆبكاتەوە 

تەنانەت ماڵی نێچیرڤان بارزانیش نەیتوانی یەكێتی و پارتی كۆبكاتەوە 

2020-04-25 21:34:15


درەو:
لە نێوان بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر و مەكتەبی سیاسی پارتی لە سەڵاحەدین و ماڵی نێچیرڤانی بارزانی و هۆڵی سەعد عەبدوڵادا كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەبارچوو. 
بڕیاربوو رۆژی 22ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە، ئەم كۆبونەوە یەكەم دیداری مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتی بوو دوای كۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە، لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچوو، دوای سێ رۆژ هێشتا چارەنووسی ئەو كۆبونەوەیە یەكلا نەبۆتەوە، كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی دواخستنی كۆبونەوەكەوە وتی "بە هۆكاری هونەری كۆبونەوەكە نەكراو تەنسیق نەكرابوو لەسەر كات و شوێنی كۆبونەوەكە". 
بەپێی بەداواداچونەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە سەرەتا بڕیار بووە كۆبونەوەكە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بەڕێوە بچێت و بۆ یە یەكێتی ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ پێشوازی لە مەكتەبی سیاسی پارتی و تا ئەو رادەیەی كە خواردنیش بۆ وەفدی هەردوولا ئامادەكراوە، بەڵام وەفدی پارتی یەكێتیان ئاگاداركردوەتەوە كە ئامادەنین بۆ كۆبونەوە بێنە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
بە پێی زانیارییەكان وەفدی پارتی پێشنیازی بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتیانكردووە لە سەڵاحەدین بۆ بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكە، مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ئەو پێشنیازەیان رەتكردۆتەوە، دواتر پارتی ئۆفەرێكی تری خستۆتە بەردەم یەكێتی بۆ بەرێوەچوونی كۆبونەوەكەو پێشنیازی كردووە وەفدی هەردوولا لە ماڵەكەی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆببنەوە، وەفدی یەكێتی رازی بوون لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوەكە بكرێت بەڵام بە مەرجێك، نێچیرڤان بارزانی خۆی ئامادەی دیدارەكە بێت، وەفدی پارتی بە وەفدی یەكێتیان راگەیاندووە كە نێچیرڤان بارزانی لە كۆبونەكەوە بەشدار نابێت و كەریم سنجاری بەنوێنەرایەتی ئەو بەشداری كۆبونەوەكە دەكات، یەكێتی ئەم پێشنیازەی رەتكردەوەو پێنشیازێكی نوێی خستۆتە بەردەم مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەویش ئەوە بووە كە كۆبونەوەكە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بەڕێوەبچێت، بەڵام مەكتەبی سیاسی پارتی رەتی كردۆتەوەو كۆبونەوەكە نەكراوە. 
بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەم گفتوگۆ و پێشنیازی شوێن گۆڕینەوەیە لە نێوان دوو نێوەندگیر كراوە، لە پارتی دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی و لە یەكێتی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی.
وەفدی یەكێتی بۆ كۆبونەوەكە بریتی بووە لە ( رزگار عەلی، سۆران جەمال تاهیر، شاڵاو عەلی عەسكەری، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، بورهان سەعید سۆفی)
 پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی ناوی وەفدەكەی بۆ ئەو كۆبونەوەیە رانەگەیاند، بەپێی زانیاریەكانی (درەو) وەفدەكەی پارتی پێكهاتبوون لە ( فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد، رێبەر ئەحمەد، دڵشاد شەهاب). 
بڕیاربوو لەم دیدارەدا یەكێتی و پارتی لەبارەی پەیوەندییەكانی نوێی هەردوو حزب بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی و پرسی شەراكەت لە حكومەت و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق گفتوگۆ بكەن. 
رێككنەكەوتن لەسەر شوێنی كۆبونەوەكە ئاستی هەستیاری پەیوەندی نوێی یەكێتی و پارتی نیشان دەدات لەدوای كۆنگرەی چواری یەكێتی و هەڵبژاردنی تێمێكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی، لەدوای هەڵبژاردنی ئەو سەركردایەتیە نوێیەشەوە تا ئێستا پارتی بەفەرمی دانی پێدا نەناوە، لەناو پارتیدا نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسێكە كە بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتیدا دەكات.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand