عەلی قەرەداغی: عەبدوڵا حامید شەهیدی رێگای ئازادی بوو
2020-04-25 10:23:38
🔻 "داوای دەکرد سیستمی حوکمڕانیی سعودیە بکرێت بە پادشایەتی دەستوریی"
(درەو):
دوێنێ لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا، عەبدوڵا حامید لە زیندانی سعودیە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.
عەبدوڵا حامید یەکێک لە دیارترین زیندانییە سیاسییەکان بوو لە سعودیە، ئەو کەسێکی مافناس بوو، بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە حوکمڕانیی لەسعودیە، (٧) جار دەستگیرکراوەو لە دواینجاردا لە ساڵی ٢٠١٣دا حوکمی (١١ ساڵ) زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە.
حامید کە تەمەنی (٦٩ ساڵ) بوو، لە ساڵی ٢٠١٣وە ژیانی لە یەکێک لە زیندانەکانی سعودیە بەسەردەبرد، بەمداییە لە زیندانی دوچاری جەڵتەی مێشک بوو، چالاکوانان داوای ئازادکردنیان دەکرد، بەڵام ئازاد نەکرا.
عەبدوڵا حامید بەر لە چەند مانگێک نەشتەرگەرییەکی دڵی بۆکراوەو دوای ئەو نەشتەرگەرییە توشی جەڵتەی مێشک بووە،
ئێستا کە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە کۆچی داوایی کردووە، رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ دەڵێن دەسەڵاتدارانی سعودیە بەئەنقەست باری تەندروستییان پشتگوێ خستووە بۆ ئەوەی بمرێت.
عەبدوڵا حامید ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ مافناسەکانی کۆمەڵەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی دامەزراند کە بە "حسم" ناسرابوو، رێکخراوەکە دەسەڵاتدارانی سعودیەی تۆمەتباردەکرد بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی سەدان کەس بەهۆکاری سیاسیی.
ساڵی ٢٠١٤ دادگای ریاز بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەکەی عەبدوڵا حامید، بە بەهانەی نەبوونی مۆڵەتی کارکردن.
هەما ساڵ رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی دەستگیرکردنی عەبدوڵا حامیدو محەمەد قەحتانیی هاوڕێی کردو وەکو دەستگیرکراوانی بیروڕا ناوی هێنان و دوایکرد ئازاد بکرێن.
هەندێک عەبدوڵا حامیدو هاوڕێکانی وەکو خەڵکانی ریفۆرمخواز لە سعودیە ناودەبەن، بەتایبەتیش لەوەدا ئەوان پێیانوابووە سیستمی حوکمڕانی لە سعودیە پادشایەتی رەهایەو دەبێت چاکسازی تێدا بکرێت و بکرێت بە پادشایەتییەکی دەستوریی.
عەبدوڵا حامید هاوکات لەگەڵ ئەوەی مافناس بووە، توێژەرو بیرمەندو شاعیریش بووە، بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری ئەدەبدا لە زانکۆی ئەزهەر هەبووە.
ماوەیەک مامۆستای زانکۆ بووە لە سعودیەو لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە چالاکییەکانی کردووە لە بواری مافەکانی مرۆڤداو چەند کتێبێکیشی هەیە.
لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە لە سعودیە عەبدوڵا حامید قسەیەکی هەیە کە دەڵێ:" ناتوانین لە توندوتیژیی و توندڕەوەی رزگارمان ببێت مەگەر بەوەی رێگە بە خەڵک بدەین بەبێ هیچ فشارێک بیروبۆچونی خۆیان دەرببڕن، چونکە کۆتوبەندکردنی ئازادی رادەربڕین وادەکات خەڵک پەنا بۆتوندوتیژی ببەن".
مردنی عەبدوڵا حامید بۆ قەتەرو رەوتی ئیخوان موسلیمین کاڵایەکی باشی میدیایی بوو بۆ رەخنەگرتن لە سعودیە بەتایبەتیش لەکاتێکدا ئەوان هێشتا کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس (جەمال خاشوقچییان دانەخستووە).
عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسوڵمانی جیهان دوای مردنی رایگەیاند:" عەبدوڵا حامید شەهیدی رێگای ئازادی بوو".