تۆمەتبارە بە پاكتاوكردنی كوردانی ئێزیدی
2020-04-24 11:44:44
(درەو):
دادگای باڵای هەرێمی فرانكفۆرت لە ئەڵمانیا زنجیرەیەك دانیشتنی دەستپێكرد بۆ دادگایكردنی پیاوێكی عێراقی كە تۆمەتبارە بە كوشتنی منداڵێكی ئێزیدیو ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەدژی ئێزیدییەكان.
بەپێی قسەی بەرپرسان، ئەو پیاوەی كە ئێستا دادگایی دەكرێت ناوی (تەها ج)ەو تەمەنی (37 ساڵ)ە، تەها ئەندامی رێكخراوی "داعش" بووە، ئەو لەگەڵ هاوسەرەكەی بەناوی (جێنیفەر ف) تۆمەتبارن بە كوشتنی منداڵێكی ئێزیدی.
بەپێی كۆنوسی دادگا، تەها لە مانگی ئازاری ساڵی 2013وە پەیوەندی بە رێكخراوە "داعش"ەوە كردووەو تاوەكو ساڵی رابردوو لەناو ئەو رێكخراوە لە شارەكانی رەقەی سووریاو عێراقو توركیا چەندین بەرپرسیارێتی وەرگرتووە.
تەها بەهاوكاری جێنیفەری هاوسەری، لە مانگی حوزەیرانی 2015دا ژنێكی ئێزیدی بەناوی (نورا) لەگەڵ منداڵێكی پێنج ساڵانی ئەو ژنەدا بەناوی (رانیا) وەكو كویلە كڕیوەو لەگەڵ خۆیدا بردونی بۆ فەلوجە.
بەپێی قسەی رۆژنامە ئەڵمانییەكان، نورا چەندجارێك لەبەردەم دادگا لە میونخ قسەی كردووەو باسی لە ئازارو ناڕەحەتیانە كردووە كە لەگەڵ (رانیا)ی كچیدا لەسەردەستی ئەو پیاوە دوچاری بوون.
ژنە ئێزیدییەكە باسی لەوەكردووە، هاوینی ساڵی 2015 رانیای كچی میزی بە فەرشی ماڵی تەهادا كردووە، بەوهۆیەوە تەها ئەو منداڵەی بە پەنجەرەیەكی دەرەوەی ماڵەكەیدا هەڵواسیوە كاتێك پلەی گەرما گەیشتوەتە (50) پلەی سەدی، بەوهۆیەوە منداڵەكە لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە، سەرباری ئەمە، تەها دایكی ئەو كچەی ناچاركردووە بەو گەرمایە بەپێی پەتی لە دەرەوە هاتوچۆ بكاتو ئەوە بووەتە هۆی سوتانی قاچەكانی، دادگا دەڵێ نوراو رانیای كچی لەلایەن ئەو پیاوەی ئەندامی "داعش"ەوە دوچاری برسێتی كراونەتەوە.
نوراو رانیای كچی هاوینی 2014 كاتێك داعش چووەتە ناو شەنگال، رفێندراون، داواكاری گشتی ئەڵمانیا دەڵێ ئەو دایك و كچە چەندجارێك لە بازاڕی كۆیلەكاندا فرۆشراون.
سەرباری ئەمە، تەها تۆمەتبارە بە تاوانی دژە مرۆییو تاوانی جەنگیو قاچاخچێتیكردن بە مرۆڤەوە.
(جێنیفەر ف) هاوسەری تەها ماوەی ساڵێكە لە میونخ دادگایی دەكرێت بەتۆمەتی كوشتنی ئەو منداڵە ئێزیدییەی كە لە فەلوجە لەگەڵ تەهای هاوسەریدا بەجێیان هێشتووەو لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە.
تەها لە رۆژی 16ی ئایاری 2019 لە یۆنان دەستگیركراوەو رۆژی 9ی ئۆكتۆبەر رادەستی ئەڵمانیا كراوەو رۆژی دواتر راگیراوە.
لە پرۆسەی دادگایكردنی جێنیفەری هاوسەری تەهادا، ئامال كلۆنی پارێزەری بەرەگەز لوبنانیو نادیە موراد، نوێنەرایەتی دایكی كچە ئێزیدییەكە دەكەن، نادیە خۆشی یەكێك لەو كچە ئێزیدییانەیە كە لەلایەن داعشەوە رفێندراوە، نادیە ساڵی 2018 خەڵاتی نوبڵی ئاشتی پێدرا.
ئامال كلۆنیو نادیە موراد هەڵمەتێكی نێودەوڵەتییان دەستپێكردووە بۆ داننان بە پاكتاوكردنی ئێزیدییەكان لەلایەن رێكخراوی "داعش"ەوە، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن سەلماندنی ئەوەی "داعش" بەرامبەر بە ئێزیدییەكان كردویەتی وەكو "پاكتاوكردن" لەبەردەم دادگادا، كارێكی قورسە، چونكە دەبێت ئەوە بسەلمێندرێت كە لەلایەن داعشەوە ئیرادەیەك هەبووە بۆ ئەوەی پاكتاوی رەگەزیی ئێزیدییەكان بكرێت.
ئەلیكسەندەر شفارتس كە مافناسێكی ئەڵمانییە لە زانكۆی (لایبزیغ) دەڵێ:" هیچ نوسراوێك نییە كە فەرمان بكات بەوەی ئێزیدییەكان پاكتاو بكرێن".
تاوەكو بەر لە ساڵی 2014و هاتنی داعش، ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق (550 هەزار) كەس بووە، ئەمە یەك لەسەر سێی كۆی ژمارەی ئێزیدییەكان لە جیهاندا پێكدەهێنێت، لەدوای ساڵی 2014وە (100 هەزار) كوردی ئێزیدی ناوچەكانی خۆیان بەجێهێشتووەو روویان لە تاراوگە كردووە، بەتایبەتیش ئەڵمانیا.
مانگی ئابی ساڵی 2014 چەكدارانی رێكخراوی "داعش" سەدان كەس لە هاوڵاتیانی كوردی ئێزیدییان لە شەنگال كوشتو هەزاران كەسی تریان ناچاركرد لەناوچەكانی خۆیان ئاوارە ببن، دەیان كچو ژنی ئێزیدیشیان وەكو كەنیزەك دەستبەسەركرد.
داعش زیاتر لە (6 هەزارو 400) ئێزیدی رفاند، لەو ژمارەیەك (3 هەزارو 300) كەسیان توانیویانە لەدەستی چەكداران هەڵبێن، چارەنوسی ئەوانی تر تائێستا نادیارە.