Draw Media

كۆمپانیای نەوتییەكانی ئەمریكا هەڕەشەی مایەپووچبوونیان لەسەرە 

كۆمپانیای نەوتییەكانی ئەمریكا هەڕەشەی مایەپووچبوونیان لەسەرە 

2020-04-23 15:35:47


(درەو):
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕووبەڕووی گەورەترین نەهامەتی بووەتەوە لەمێژووی خۆیدا، بەتایبەت كە چەند مانگێكی تر و بەدیاریكراوی لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەچێتەوە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
داڕمانی كارەساتاوی نرخی نەوت، هەڕەشە لە ئایندەی سیاسی خۆی‌و پارتی كۆماری دەكات لە ویلایەتە نەوتییە گرنگەكان لەخۆرئاواو ناوەڕاستی خۆرئاوای ئەمریكا، هاوشانی دروستكردنی فشارێكی چڕ لەسەری لەلایەن لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكان‌و پشتیوانەكانی لە كۆنگرێس. 
ئەو كۆمپانیایانە لەپشتیوانە بەهێزەكانی بوون لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016دا، بەوەش هەر دەستبەردابونێك لێیان، ئایندەی سیاسی ترەمپ ڕووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە. 
لەگەڵ ئەوەی ترەمپ چەندین جار بەڵێنیداوە بە ڕزگاركردنی ئەو كۆمپانیایانە لەداڕمان، ڕەنگە لەئێستادا كەرەستەیەكی كەمی لەبەردەستدابێت بۆ ڕزگاركردنیان.
ترەمپ ئێوارەی سێ‌ شەمەی ڕابردوو لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" ڕێگەنادەین پیشەسازی نەوت‌و غاز ئەمریكی دووچاری داڕمانبێت، داوامان لە وەزیرانی ووزەو گەنجینە كردووە پلانێك دابڕێژن بۆ ڕەخساندنی هاوكاریكردنی ئەو كۆمپانیا گرنگانەو، وەزیفەكان تێیاندا سەقامیگربن لەئایندەدا ".


بازاڕەكانی نەوت دەكەون دوای "دووشەمەی ڕەش" 
پیشەسازی نەوتی ئەمریكا نزیكەی 10 ملیۆن كارمەندی خستوتەكار، پێش داڕمانی نەوت بەوشێوە مەترسیدارە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نزیكەی 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بەرهەمدەهێنا.
بەڵام سیناریۆ پێشنیازكراوەكان بۆ ڕزگاركردنی پیشەسازی نەوتی ئەمریكی كامانەن، بەتایبەت ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان ڕووبەڕووی مایە پووچبوون دەبنەوە، دوای ئەوەی بڕە پارەیەكی زۆریان داوە بە كڕیاران بۆ ڕزگاربوون لە گرێبەستەكانی ئایار، بەهۆی نەبوونی شوێنی ئەمباكردن بۆ نەوتەكانیان؟.  
تائێستا ترەمپ سێ‌ پێشنیازی لەبەردەمدایە، ئەویش پێشكەشەكردنی پشتیوانی دارایی ڕاستەوخۆ پێیان تابتوانن قەرزەكانیان بدەنەوەو، دەستەبەركردنی شوێنی ئەمباركردن لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكی، یاخود قەدەغەكردنی هاوردەی نەوت لەو وڵاتانەی نەوت بۆ ئەمریكا هەناردە دەكەن.   
لەسەر ئاستی دەستەبەركردنی هاوكاری دارایی، لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكان لەكۆنگرێس داوا لە بانكی یەدەگی فیدراڵی"بانكی ناوەندی ئەمریكا" دەكات، بە دروستكردنی میكانیزمێكی نوێ بۆ هاوكاری‌و بەوپێیەش قەرز پێشكەش بە كۆمپانیاكان بكرێت كە بەهاكەی بە نزیكەی 600 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەگوێرەی شیكردنەوەیەك كە "ئۆیەڵ پرایس"بڵاویكردووتەوە.
زۆرێك لەكۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا لەسەرەتای جەنگی نەوتی نێوان ڕیازو مۆسكۆو داخستنی ئابوری ئەمریكاو ئەو ئابورییانەی لەئاسیاو ئەوروپا نەوتی خاوی هاوردە دەكەن، بەدەست كێشەی بەڕێكردنی بەرهەمەنەوتییەكانییەوە دەناڵێنن. لەئێستادا دەیان بارهەڵگری زەبەلاحی نەوت لەكەناراوەكانی كالیفۆرنیا لەنگەریانگرتووەو چاوەڕێی كڕیار دەكەن.  
شرۆڤكاران پێیانوایە، مایەپووچبوونی كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان تەنها لەخاوەنەكانیاندا ناوەستێت، بەڵكو لێكەوتەكانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بانكەكانی ئەمریكاو بازاڕی سەندەدات. 
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "فاینانشناڵ تایمز" گەورە قەرزدەرەكان بەم كۆمپانیایانە بانكە گەورەكانی لەنمونەی "جی بی مۆرگان"و"سیتی گروپ"و "بانك ئۆف ئەمریكا"و "وێل فارگۆ"ن. ئەوەش بەونامایەی، ڕزگارنەكردنیان دروستبوونی قەیران لەكەرتی بانكی دەگەیەنێت كە ڕووبەڕووی داڕمان بووەتەوە لەنرخی پشكەكانی لەبازاڕی"وۆڵ ستریت".
سەبارەت بە بژاردەی دووەمیش بۆ ڕزگاركردنی كۆمانیا نەوتییە بەردینەكان، ئەوەیە قەدەغەی هاوردەی نەوت لەسعودیەوە بكرێت‌و، ڕەنگە لەسەرجەم وڵاتانی "ئۆپێك پلەس" بەڕوسیاشەوە. ئەوەش یەكێك لەو بژاردانەی ترمەپ لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ڕۆژی شەمەی ڕابردوودا قسەی لەبارەوەكرد. 
ئەم بژاردەیە ڕەنگە لەلایەن كۆنگرێسەوە بەخێرایی پەسەندبكرێت، بەهۆی توڕەیی سیاسییەكانی ئەمریكا لە نوقمكردنی بازاڕی نەوت لەلایەن كۆمپانیای ئارامكۆو چالاككردنی قەیرانی داڕمانی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو. 
بەڵام شرۆڤەكاران دەڵێن، ڕەنگە ئەم بژاردەیە پیشەسازی نەوت ڕزگارنەكات، چونكە ئەو نەوتەی ئەمریكا لەوڵاتانی "ئۆپێك پڵەس" هاوردەی دەكات 3 ملیۆن بەرمیل تێپەڕناكات، كە زۆربەی لە سعودیەو ڕوسیاوەیە.
بانكی "گۆڵد ساكس" ڕۆژی سێ‌ شەممە لەیاداشتێكدا ڕایگەیاند:" پیشەسازی نەوتی ئەمریكا چەند ملیۆن بەرمیل نەوتێك لەهەفتەكانی داهاتوودا لەدەستدەدات".
بانكەكە پێشبینی كردووە: فشار لەسەر گرێبەستەكانی نەوتی خاوی تەكساس بۆ مانگەكانی حوزەیران هاوشێوەی مانگی ئایار بەردەوامبێت.


ترەمپ‌و سعودیە.. ئیبتیزازكردن كۆتایی نایەت
شارەزایانی بواری نەوت بەدووری نازانن لەمانگی داهاتوودا نەوتی خاوی كۆمپانیاكان ڕووبەڕووی  "قەسابخانەی نرخەكان" ببێتەوەو ئەمریكا ناچاربكات  بە داخستنی دەیان بیرە نەوتی بەردین. 
مایكل گارفی سەرۆكی بەشی ووزە لەبانكی "ئادۆر كابیتاڵ" وەبەرهێنانی سویسری پێیوایە، گەڕانەوەی نرخەكان بۆ ئاستی سروشتی خۆی، ڕەنگە پێویستی بە ماوەیەكی درێژبێت. گارفی لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری فۆربس ڕایگەیاندووە:"ئێمە لەسەرەتای ماوەی تاقیكردنەوەی پیشەسازی نەوتیداین". 
هەرچی بژاردەی سێیەمیشە، كە تەرخانكردنی ڕووبەڕێكە لە گەنجینە نەوتییەكان لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكا بۆ بەرهەمی كۆمپانیا نەوتییەكان، ترەمپ وتی: ڕووبەڕبەڕی 77 ملیۆن بەرمیل لە گەنجینەی ستراتیجی دەدات بە كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان.
بەڵام شارەزایان پێیانوایە، ئەو بڕە تەنها بەشی چەند ڕۆژێك دەكات بۆ گلدانەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا كە لەئێستادا بەرهەمهێنانی  نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە، شارەزایان پێشبینی دەكەن، ئەمبارە نەوتییە بازرگانییەكان لە ناوچەی كاشینگ لە ئۆكلاهۆما لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا پڕببن.
هاوكات بانكی "گۆڵدمان ساكس" پێشبینی دەكات، لەباشترین حاڵەتدا قەیرانی نرخ لەمانگی حوزەیران بەردەوام بێت. ئەوەش بەومانایەی بەشێوەیەكی كرداری لەماوەی هاویندا بەكارهێنانی نەوتی ئەمریكی بەرزدەبێتەوە، ڕەنگە لەدەرەوەی پلانی بەرزبوونەوەی داواكاری بێت لەسەر وزە لەویلایەتە یەكگرتووەكان.
لەنێو بژاردە پێشنیازكراوەكانی تریشدا، فشاركردنە لەسەر "ئۆپێك پڵەس" بۆ جێبەجێكردنی زیاتری كەمكردنەوەی تێكڕای بەرهەمهێنان. بەڵام پێدەچێت ئەم بژاردەیە سەرنەگرێت، بەهۆی ئەو لێدوانانەی لە مۆسكۆوە بڵاوبووتەوە.
بەگوێرەی ڕۆیتەرز، كریملین ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە: هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵهێنجانی هەر ئەنجامێك سەبارەت بەگرتنبەری هەنگاوی زیاتر بۆ ڕێگەگرتن لەدابەزینی نرخی نەوت پێش ئەوەی ڕێككەوتنی جیهانی كە كۆمەڵەی "ئۆپێك پڵەس" بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەی لە سەرەتای مانگی ئایار.   

 

سەرچاوە: ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand