Draw Media

شارەزایەكی بواری نەوت پێشبینی رودانی شەڕ دەكات

شارەزایەكی بواری نەوت پێشبینی رودانی شەڕ دەكات

2020-04-22 11:30:49


 (درەو):
شارەزایەتی بواری وەبازاڕخستنی نەوت كە پێشتر لە كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" كاریكردووە، دەڵێ داڕمانی نرخی نەوتی ئەمریكی كاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت لە جیهاندا دەبێت‌و عێراق‌و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە رێكخراوی "ئۆپێك" زەرەرمەندی گەورە دەبن‌و پێشبینی دەكات دواجار بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی نەوت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی ببات.

لەبارەی دابەزینی نرخی نەوتەوە
محەمەد جبوری- بەڕێوەبەری گشتی پێشووی وەبازاڕخستن لە كۆمپانیای سۆمۆ 
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
داوا لێبوردن دەكەم كە دوێنێ شەو نەمتوانی هیچ شتێك بنوسم سەرباری ئەوەی پسپۆڕییەكەم لە بواری وەبازاڕخستنی نەوتدایە، بەڵام زۆر كەس پەیوەندییان پێوەكردم و داوایان كرد لێكدانەوە بۆ ئەم دیاردەیە بكەم (دابەزینی بەهای نەوتی ئەمریكا) بۆ ئەوەی بینرێن بۆ بەرپرسان یاخود بڵاوی بكەنەوە.
لە ساڵی 1986وە بازاڕی نەوت لە نیویۆرك دروستكراوە‌و ناوی لێنراوە بازاڕی كاغەزیی نەوت، ئەمە گەمەیەك بوو بۆ راكێشانی بەڕەكە لەژێر پێی وڵاتانی ئۆپێك، كە پێشتر ئەوان نرخی نەوتی خاویان دیاریدەكرد، لەوكاتەوە ئۆپێك وردە وردە كۆنترۆڵی خۆی بەسەر دیاریكردنی نرخی نەوتدا لەدەستدەدات‌و چیتر میكانیكییەتی خواست و خستنەڕوویش هاوشێوەی كاڵاكانی تر، توانای دیاریكردنی نرخی نەوتی نەماوە، بەڵكو ئەوەی رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت كڕێن‌و فرۆشتنی موستەقبەلیی نەوتە لەناو بازاڕی كاغەزیدا.
بازاڕی كاغەزیی نەوت وردە وردە زیاد دەكات، تا ئەو رادەیەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕی كاغەزیدا (14 هێندە) زیاترە لە قەبارەی ئەو نەوتەی كە لە بازاڕی راستەقینەدا مامەڵەی پێوەدەكرێت، لە بازاڕی واقیعی نەوتدا رۆژانە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت مامەڵەی پێوەدەكرێت، بەڵام لە بازاڕە كاغەزییەكەدا رۆژانە نزیكەی (هەزارو 400) ملیۆن بەرمیل نەوت مامەڵەی پێوەدەكرێت.
كێشەكە ئەوەیە، ئەوانەی لە بازاڕی كاغەزیی نەوتدا مامەڵەدەكەن پێویست ناكات خەڵكانی شارەزای بواری نەوت بن، بەڵكو ئەوانە تەنیا كەسانێكن كە نرخ لێدەدەن‌و بەدوای بەدەستهێنانی قازانجێكی خێرادا دەگەڕێن.
هەر بەوبۆنەیەوە، ساڵی 2008 یەكێك لە برایانی عێراقی راوێژی پێكردم لەبارەی لێدانی نرخ لە بازاڕی كاغەزیی نەوتیدا، رێنمایم كرد بە كڕین‌و قازانجكردنی بە بڕی زیاتر لە (4 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلار، ئەوكات داوای لێكردم لەوبوارەدا هاوكاری بكەم، بەڵام من رەتمكردەوە چونكە دژی شەریعەتی ئیسلامییە!!!
فرۆشتنی كاڵایەك كە بوونی نییە (ئەمە نرخ لێدانە)، رێگای كاركردن لە بواری نەوت بەشێوەی كاغەزیی ئەوەیە تۆ بڕێك بەرمیلە نەوت دەكڕیت لەشێوەی كاغەزێكدا بۆ داهاتوو، دەبێت بۆماوەی مانگێك یان دوو مانگ بێت، بەر لەو مانگەی كە دیاریكراوە، لە رۆژی 20 و 21ی هەموو مانگێكدا بەرمیلە نەوتە كاغەزییەكان دەبن بە بەرمیلی راستەقینەی نەوت، ئەوانەی كاری لێدانی نرخ دەكەن لە بازاڕە كاغەزییەكاندا، زۆرجار كە نەوتەكەیان لە كاغەزەوە دەبێت بە نەوتی راستەقینە، ئیتر نەوتەكەیان ئەمبار دەكەن، بەڵام كاتێك ئەمبارەكان لە وشكانیدا پڕدەبن، نرخی بەكرێگرتنی كەشتییەكان بە رێژەی 687% بەرزدەبێتەوە، ئیتر ئەستەم دەبێت ئەو نەوتە لە كەشتییەكاندا ئەمبار بكرێت، چونكە ئەمبارەكان لەسەر وشكانیی پڕبوون یان بەكرێگیراون.
كێشەكەی دوێنێ (مەبەستی نوسەر ئەو رۆژەیە كە بەهای نەوتی ئەمریكیی بۆ خوارو سفر دابەزی) ئەوەبوو، زۆرینەی ئەوانەی نرخەكان لێدەدەن پشتیان بە لێدوانێكی ترەمب بەستبوو لەبارەی ئەوەی نرخی نەوت‌و ژیانی ئابوری ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام كاتێك كاتەكە لەدەستدەرچوو ئەوسا بە بارودۆخەكەیان زانی، ئەمە وای لێكردن پەنا ببەن بۆ خۆڕزگاركردن لە نەوتەكانیان‌و نرخی نەوتی خۆرئاوای تێكساس دوچاری داڕمان هات، هەندێك ملیۆنان دۆلار زیان‌و هەندێكی تر ملیۆنان دۆلار قازانجیان كرد.
ئەمڕۆ وێنەكە رونترە (خراپترە)‌و كاریگەری دەبێت لەسەر بازاڕەكانی تریش، چونكە زۆرێك لەوانەی نرخەكان لێدەدەن لە بازاڕی مامەڵەی داراییدا، پێشبینی ئەوەیان دەكرد نرخی نەوت بەرزببێتەوە وەكو ئەوەی ترەمپ بەڵێنی دابوو !!! ئایا كاردانەوەی ترەمپ چی دەبێت !؟ ئایا قەرەبویان دەكاتەوە!؟ لەوباوەڕەدام بازاڕی نەوت تایبەت بە نەوتی تێكساس وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە بنەڕەتی كێشەكە بوو. ئەمەش بێگومان رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕی جیهانیی دەبێت‌و وڵاتانی ئۆپێك‌و عێراق لە گەورەترین زەرەرمەندەكان دەبن‌و پێدەچێت سەریش بكێشێت بۆ داڕمانی تەواوەتی بازاڕی نەوت ئەگەر بارودۆخەكە چارەسەرنەكرێت، ئەوكاتە ترەمپ هەوڵی چارەسەركردنی قەیرانەكە دەدات‌و پێدەچێت چارەسەرەكەش سەربازیی بێت!!!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand