Draw Media

كۆبونەوەی پارتی و یەكێتی لەبەردەم ئەگەری هەڵوەشانەوەدا

كۆبونەوەی پارتی و یەكێتی لەبەردەم ئەگەری هەڵوەشانەوەدا

2020-04-20 21:09:40


درەو:
"ئەم واقیع و بارودۆخەی  ئێستاتان قبوڵە باشە، قبوڵتان نیە، ئێوە لە ماڵی خۆتان و ئێمەش لەماڵی خۆمان" ئەمە دوایین پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
بڕیارە رۆژی چوار شەممە مەكتەبی سیاسی  پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە، لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان و مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتیەوە ئەمە یەكەمین كۆبونەوەی نێوان پارتی و یەكێتیە، ئەگەر كۆبونەوەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت و هەڵنەوەشێتەوە، وەكوو داننانی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە سەركردایەتیە نوێیەكەی دوای كۆنگرەی یەكێتی.
دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی لە سەڵاحەدین كۆبوەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب لە رێگەی سكایپەوە سەرپەرشتیكرد، لەو كۆبونەوەیەدا پارتی بڕیاریدا بارەی ئاڵۆزی و پەیوەندییەكانیانەوە لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ بكات.
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە چەند كاتژمێری رابردوودا ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی ئەو كۆبونەوەیە درووست بووە، سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە رێگەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەوە پەیامێكی بۆ هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووە.
(درەو) زانیویەتی لە پەیامەكەدا  مەسعود بارزانی بە سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی دەڵێت " بەو واقیع و بارودۆخەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، رازین باشە رازی نین، ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئێوەش لە ماڵی خۆتان".
پەیامە توندەكەی مەسعود بارزانی بۆ یەكێتی لەدوای كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دێت، لە بارەی كێشەی زینی وەرتێ و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی لە بارەی كێشەكانەوە وتی " یەكێتی و پارتی هاوبەشی یەكترن و كێشەی گەورەیان لە نێواندا نیە، ناكۆكیەكان بەم زوانە چارەسەر دەبن".
نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتای گرژیەكان و كێشەی زینی وەرتێوە هەوڵی نێوەندگیری و چارەسەر دەدات، لەناو پارتیدا نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسە كە بەفەرمی دانی بە سەركردایەتی نوێی یەكێتیدا ناوەو مامەڵەیان لەگەڵ دەكات رەنگە ئەمە هۆكاری توڕە بوونی مەسعود بارزانی و ناردنی پەیامەكەی بێت بۆ یەكێتی تا لەو رێگەیەوە پێیان بڵێت قسەی یەكلاكەرەوەی پارتی لای ئەوە نەك نێچیرڤان بارزانی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئێوارەی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی رەوانەی ناوچەكانی دەوروبەری زینی وەرتێ كردووە، هەر ئەمڕۆ پەیجی فەرمی دەزگای دژە تیرۆری پارتی ڤیدیۆی هێزەكانی خۆی لە رێگایەكیدا بڵاوكردەوە كە لە حاڵەتی ئامادە باشیدان. 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand