رۆژنامەنوسانی هەرێم لە رۆژی ئازادی رۆژنامەنوسیدا
2018-05-03 09:46:14
رۆژی 3ی ئایاری هەموو ساڵێك یادی رۆژی ئازادی رۆژنامەنوسی دەكرێتەوە، ئەمساڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بە دروشمی (هاوسەنگی هێزەكان: میدیا و عەدالەت و سەروەری یاسا) یادی رۆژی ئازادی رۆژنامەنوسی دەكاتەوە، رۆژنامەنوسانی هەرێم لە كاتێكدا یادی رۆژی ئازادی رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكاتەوە، لە سەرەتای ساڵی 2018 تا كۆتایی نیسانی ئەمساڵ 139 پێشێلكاری بەرامبەر بە 74 رۆژنامەنوس ئەنجامدراوە، بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ.
دەقی بەیاننامەی سەنتەری میترۆ بەبۆنەی رۆژی ئازادی رۆژنامەنوسیەوە.
.....................
بەیاننامەی سەنتەری میترۆ
لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنووسیدا
3ی ئایاری 2018: سەنتەری میترۆ لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، كار بكات بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ ئازادی كاری رۆژنامەنوسی تا میدیا رۆڵی خۆی لە پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی ببینێت.
ئەمساڵ 2018 نەتەوە یەكگرتووەكان بە دروشمی (هاوسەنگی هێزەكان: میدیا و عەدالەت و سەروەری یاسا)، مەراسیمەكانی بەڕێوەدەبات، داوا لە حكومەتەكان دەكات ژینگەیەكی یاسایی بۆ كاری میدیا بڕەخسێنن تا سەركەووتوانە كارەكانیان ئەنجام بدەن، ئەمەش بە بێ سەربەخۆیی دادگاكان نایەنەدی.
میترۆ داوا لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات كەیسەكانی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەنوسی لە بەررژەوەندی عەدالەت و مافی ئازادی قسەكردن و نوسین یەكلابكاتەوە.
بەم بۆنەیەوە میترۆ سەرلەنوێ داوا لە دامەزراوەی دادوەری هەرێمی كوردستان دەكات، تێهەڵچونەوە بۆ كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو، سۆرانی مامە حەمە، مامۆستا عبدالستار، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویدات حسێن بكات، دادوەری زامنبكرێت و تاواناباران دەربازیان نەبێت لە سزا.
ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی رۆژی جیهانی ئازادی میدیا دەكەینەوە، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە قۆناغی بانگەشدایە.
میترۆ داوا لە میدیاكان دەكات بە رۆڵی راستەقینەیان وەك لایەنێكی چاودێریكردنی بێ لایەن بگێڕن بەم كارەشیان پرەنسیپەكانی سەروەری یاسا و شەفافیەت دەچەسپێنن .
لەم رۆژەدا میترۆ سەرنجی هەردوو دەزگای یاسادانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەلای ئەو بۆشاییە یاساییە رادەكێشێت كە لە بواری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و مەترسییەكانی تەشەنەكردنی گوتاری رقوكینە و بەكارهێنانی ئەو تۆڕانە بۆ تۆقاندنو شكاندنی كەرامەتی مرۆیی پاڵوێراوەكان لە رێگەی پەنابردن بۆ وێنەی تەزویر و ڤیدیۆی ساختە.
میترۆ پێی وایە بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی ساختە و فۆتۆی دەسكاریكراوی كاندیدەكان بە تایبەتیش ژنان نزمترین ئاستی كێبڕكێ دیموكراتی و حزبایەتییە. داوادەكەین لیستەكانی ناو هەڵبژاردنی عێراق بگەڕێنەوە بۆ كێبڕكێیی دیموكراسی دور لە تەشهیرو لەكەداركردنی یەكتری و دەسبردن بۆ دروستكردنی چیرۆكی ساختە یا ژیانی تایبەتی كاندیدەكان.
بۆ ئەوەی میدیا رۆڵی كاریگەری لە پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و گەشپێدانی وڵات هەبێت و چاودێری كارەكانی حكومەت بكات، پێویستە ژینگەیەكی لەبارو ئارام بۆ كاری رۆژنامەنوسان بڕەخسێت و ئازادنە زانیاری راستیان بدرێتی. ئازادی میدیا و زانیاری راست و بێ لایەن زامنی ئەوە دەكەن كە هاوڵاتیان ئازادانە بژاردەی خۆیان هەبێت.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی رایدەگەیەنێت لە سەرەتای ساڵی 2018 تا كۆتایی نیسانی ئەمساڵ 139 پێشێلكاری بەرامبەر بە 74 رۆژنامەنوس و ئەنجامدراوە، بەم شێوەیە:
دەسبەسەركردن بە بێ بڕیاری دادگا: 16 حاڵەت
رێگری لە روماڵكردن : 64 حاڵەت
لێدان و ئەشكەنجەدان: 14 حاڵەت
هەڕەشە: 6 حاڵەت
داخستنی كەناڵ: 1 حاڵەت
سوكایەتی: 14 حاڵەت
زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەلی میدیاكاران: 24