Draw Media

هێزە سیاسییەكانی عێراق چییان دەوێت

هێزە سیاسییەكانی عێراق چییان دەوێت

2020-04-20 15:20:51


(درەو):
بڕیاربوو ئەم هەفتەیە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ تێپەڕاندنی، بەڵام پێدەچێت ئەو سەبەتە مەرج و داواكارییەی لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە خراوەتە بەردەمی، وابكات نەتوانێت كارەكانی بەو دەستوبردییە ڕاپەڕێنێت.
بەپێی دواین زانیارییەكان تا ئێستا كازمی نەیتوانیووە لەگەڵ ئەو كوتلانەی پشتیوانیان دەكەن بگاتە ڕێككەوتن، بەجۆرێك هێزە سەرەكییەكانی هەریەك لەسێ‌ پێكهاتەی عێراق(شیعەو سوننەو كورد) كۆمەڵێك مەرج‌و داواكاری تایبەت بە خۆیان بۆ ڕیزكردووەو، متمانەدانیان بە حكومەتەكەی  بەستووەتەوە بە جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە.  
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، كازمی لەدانوستانی لەگەڵ هێزە شیعی‌و سوننی‌و كوردییەكان ڕووبەڕووی سێ‌ جۆر مەرج‌و داواكاری بووەتەوە:

مەرج‌و داوای شیعەكان بۆ كازمی
•    هێزو گروپەكانی هاوپەیمانی ئێران پێداگری دەكەن لەوەی پرۆگرامی حكومەتەكەی كازمی بڕگەیەكی تێدابێت بەڕاشكاوی باس لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بكات كە بڕیاریداوە بە كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لەعێراق.
•    بەهێزكردنی پێگەی حەشدی شەعبی‌و پاراستنی.
•    بەدەستهێنانی هەندێك لەوەزارەتە سیادی‌و هەستیارەكان لەحكومەتەكەیدا. ئەمە ئەكرێت بە داواكارییەكی هاوبەشی تەواوی هێزەكان دابنرێت لەعێراق بە جیاوازی پێكهاتەكانەوە، گەرچی دەخرێتە خواروی لیستی مەرج‌و داواكارییەكانیان، بەڵام لەواقیعدا پرسێكی جەوهەرییە بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەكان.

مەرج‌و داوای سوننەكان بۆ كازمی
هێزە عەرەبییە سونییەكانیش، كۆمەڵێك داواكاری تایبەت بە خۆیان هەیە كە بەپێی بایەخ‌و ڕیزبەندی بەمشێوەیە ڕیزیان كردووە: 
•    ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانكراوەكانیان.
•    گێڕانەوەی ئاوارەكان.
•    كردنە دەرەوەی گروپەچەكدارەكان لەو شارە سونییانەی كۆنتڕۆڵیان كردووە.
•    نیشتەجێكردنەوەی خەڵكە ڕەسەنەكان لەزێدی خۆیان.
•    چارەسەركردنی دۆسیەی ڕفێنراوان‌و ونكراوان‌و دەستگیركراوەكان.
•    قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی كردەوە تیرۆرستییەكان‌و هەڵە سەربازییەكان.
•    بەدەستهێنانی پشكی خۆیان لەحكومەت بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 2018.


مەرج‌و داوای كورد بۆ كازمی
•    كورد وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك مەرجی كەڵكەبووی كۆنی هەیە، لەنمونەی جێبەجێكردنی مادەی 140و ئیستحقاقە نەتەوەییەكانی تر، بەڵام لەئێستادا ڕیزبەندی مەرجەكان بەپێی قۆناغەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.
•    پشكی كورد لە بودجەی عێراق.
•    پابەندبوون بەسەرجەم ئەو ڕێككەوتنانەی پێشتر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ئیمزاكراوە.
•    پشكی كورد لەحكومەتی عێراق.


ئەو دۆسیانەی چاوەڕێی كازمی دەكەن
لەگەڵ ئەوەی هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لیستێكی دورودرێژ مەرج‌و داواكارییان بۆ كازمی ڕیزكردووە، لەملاشەوە لیستێكی دورودرێژ لە قەیران‌و دۆسیەی ئاڵۆز لەچاوەڕوانی كازمی_دان هەڵیانبداتەوە، كە دیارترینیان:
•    ڕووبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنا.
•    جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران.
•    قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی نەوت.
•    دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
•    ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.
•    هێشتنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت‌و دانانی سنورێك بۆ هەژموونی گروپە چەكدارەكان.
•    هەژاری‌و بێكاری.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand