یەكێتی لە بەرگی ئۆپۆزسیۆندا
2020-04-19 13:42:39
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
2018 ساڵی زێڕینی پارتییەكان بوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان بە (45) كورسییەوە بردەوەو زۆرینەی پەرلەمانیان كۆنترۆڵكرد، پارتی كە بوو بەبراوەی یەكەم، ئەوەندەی بیری لە دروستكردنی ئۆپۆزسیۆنێكی لاوازكردەوە، هێندە بیری لە دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز نەكردەوە، پارتی لە دروستكردنو دیاریكردنی نەخشەی نوێی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان سەركەوتوو بوو، بەڵام لە دروستكردنی نەخشەی حكومەتدا كورتی هێناوە، یەكێتی كە هاوبەشی حكومەتە، ئێستا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕێت.
پارتیو ئەزمونێكی نوێی حكومەت
دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی، پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بە پارتی ژمارە (1)ی بێ ركابەر لە هەرێمی كوردستان.
پارتی لەو هەڵبژاردنەدا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان، (45) كورسی بەدەستهێناو لەگەڵ (11) كورسی كۆتاكاندا كە هەژمونی بەسەردا هەیە، توانی بەبێ لایەنەكانی تر (50+1)ی دەنگی ناو هۆڵی پەرلەمانو دوو لەسەر سێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆخۆی زامن بكات.
ئەم سەركەوتنە گەورە، لەسەرەتاوە وای لە پارتی كرد بەجۆرێك لە بێ باكانە مامەڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تردا بكات، مەسرور بارزانی لە سێبەری ئەم سەركەوتنەدا پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت.
پارتی كە لە كابینەی هەشتەمدا، ئەزمونی حكومەتی بنكەفراوانی تاقیكردبووەوەو تاڵاوی "گەلەكۆمەكی" لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی چەشتبوو كە ئەوكات لە (یەكێتی + گۆڕان+ كۆمەڵ+ یەكگرتوو) پێكهاتبوو، بۆ كابینەی نوێ ئەو ئەزمونەی دوبارە نەكردەوە.
پارتی بۆ كابینەی نۆیەم، بژاردەی "حكومەتی ترۆیكا"ی پەسەندكرد، واتە حكومەتی سێقۆڵی لەگەڵ (یەكێتی + گۆڕان)، ئەم ئەزمونە نوێیەش بێ كێشە نەبوو، هەر لەسەرەتاوە دانوستانەكان، نزیكەی (10 مانگ) پێكهێنانی كابینەكەیان دواخست، یەكێتی كەیسی دانانی پارێزگاری كەركوكی بەستەوە بە بەشداریكردن لە حكومەت، پارتی ئامادەنەبوو كەركوك بكات بە بەشێك لە هاوكێشەی پێكهێنانی حكومەت، چەندجارێك رێككەوتن كراو دواتر هەڵوەشایەوە، كابینەی مەسرور بارزانی بەم ناكۆكییانەوە لەگەڵ یەكێتی دەستیپێكرد.
شاگەشكەبوونی پارتی بەو زۆرینەیەی لە هەڵبژاردن بەدەستیهێنا، خەریك بوو دەگەیشتە ئاستی نادیدەگرتنی واقیعی باوی دابەشبوونی سیاسیو سنوری قەڵەمڕەوییەكان لە هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی بانگەشەی حكومەتی سەرتاسەری دەكرد، بەڵام هەرزوو بۆی دەركەوت ئەگەر یەكێتی لەگەڵ نەبێت، دەسەڵاتی حكومەتەكەی تاوەكو "دێگەڵە"یە.
لەدایكبوونی حكومەت بە كێشەوە
دوای دەستبەكاربونی كابینەكەش، ناكۆكییەكان كۆتاییان نەهات، قوباد تاڵەبانی كە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتبوو، ناڕازی بوو لەوەی دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری نەكراوە، ئەم پرسەش ماوەیەك دەستی حكومەتی گرتو دواجار بە چارەسەرێكی "نیوەناچڵ" كۆتایی بە مشتومڕەكان هات.
كۆتایی ساڵی 2019 یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، كۆنگرەیەك كە ئەنجامەكانی دڵخوازی پارتی نەبوونو تائێستا پارتی بە فەرمی دانی پێدا نەناوە، لەدوای كۆنگرەی چوارەوە، گرژییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی زیاتر بوون، ئەمە كاریگەری لەسەر حكومەتیش دروستكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو لایەنێكی پێكهێنەری حكومەت لەنێوان ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتیدا دۆشداماوەو لە چاوەڕێی پڕكردنەوەی پۆستەكانیدایەو تەمەنی كابینەكەش تادێت دەڕوات.
كێشەی ئەمدواییەی "زینی وەرتێ" لەنێوان پارتیو یەكێتیدا، تاقیكردنەوەیەكی تربوو بۆ دەسەڵاتی كابینەی مەسرور بارزانیو دەریخست كابینەكە نەیتوانیوە سنوریی دووئیدارەیی كاڵبكاتەوە، لەسەر ئەم كەیسە تیمی یەكێتی لە حكومەت گلەیی لە مەسرور بارزانی هەیەو دەڵێ پێگەی حكومەت بۆ شەڕی حزبیی بەكاردەهێنێت، مەسرور بارزانیش دەڵێ من قسەی خۆم كردووەو هەر قسەیەكی ترتان هەیە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بیكەنو لەوێ وەڵامتان دەدەمەوە.
لەدوای دەستبەكاربونییەوە، مەسرور بارزانی سەردانی زۆرنی سەوزی نەكردووە، یەكێتییە نوێیەكانی دوای كۆنگرەی چوارەم تۆمەتباری دەكەن بە نادادپەروەریی جوگرافی لە دابەشكردنی داهاتەكانی حكومەتدا.
كابینەیەكی ناسەقامگیر
ماوەی زیاتر لە (9 مانگ)ە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، بەڵام هێشتا كابینەكە بەتەواوەتی جێگیرو سەقامگیر نەبووەو (6) پۆست هەن پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانەن:
• پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووەو (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە، پارتی ڤیتۆی لەسەر كاندیدەكەی یەكێتی هەیەو بە "ئۆكتۆبەرچی" ناوی دەبات، یەكێتی تائێستا ئامادە نییە كاندیدەكەی بگۆڕێت.
• پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووەو (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوەو تائێستا پڕنەكراوەتەوە.
• پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووەو (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنیو تائێستا پڕنەكراوەتەوە.
• پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو هێشتا پڕنەكراوەتەوەو گۆڕان نیگەرانە.
• یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو هێشتا پڕنەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەركردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان.
• پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووەو تائێستا پڕنەكراوەتەوە، (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای كار بەمدواییانە بەشداری كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەكات، بەڵام تائێستا بەفەرمی وەكو وەزیر دانەنراوە.
جگە لەمانە ژمارەیەكی زۆر لە پۆستەكانی (جێگر وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكارەكان- پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە) پڕنەكراونەتەوە، كە بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت دابەشكراون بەسەر پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕاندا.
مەسرور بارزانی لە یەكەم ئەزموندا
مەسرور بارزانی كە لەدوای كشانەوەی مەسعود بارزانی باوكییەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم هاتەپێشەوەو بۆ یەكەمجار خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیكردەوە، لەدوای دەستبەكاربوونیەوە روبەڕووی كۆمەڵێك قەیران بووەتەوە.
بارزانی كوڕ لەسەرەتای دەستبەكاربونیدا، بەهیوای كۆتایهاتنی قەیرانی داراییو زەمەنی پاشەكەوتی موچە، لەیەكەم بڕیاریدا دەوامی فەرمانبەرانی ئاسایی كردەوەو رێوشوێنەكانی دەوامی فەرمانبەرانی توندكردەوە، بەڵام دوای نۆ مانگ لە دەستبەكاربوونی، دوچاری هەمان قەیرانی كابینەی پێش خۆی (كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی) بووەتەوە كە قەیرانی داراییو دابەزینی نرخی نەوتە هاوكات لەگەڵ قەیرانی نێودەوڵەتی كۆرۆنادا.
مەسرور بارزانی لە خەونی هەڵگرتنی تەواوەتی پاشەكەوتنی موچەوە ئێستا بیر لەوە دەكاتەوە لەبری (30) رۆژجارێك، (45 بۆ 60) رۆژجارێك موچەی فەرمانبەران دابەشبكات.
یەكێكی تر لە بڕیارەكانی مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی، نەهێشتنی رۆتینو بەرتیلدانو بەرتیل وەرگرتن بوو لە دامەزراوەكانی حكومەتدا، سەرباری ئەوەی كابینەكەی لەم بوارەدا هەنگاوی گەورەی هەڵنەهێناوە، لەلایەن یەكێتی هاوپەیمانییەوە لە حكومەت، تۆمەتباركراوە بە دۆسیەی گەندەڵیو وەرگرتنی بڕی (250 ملیۆن) دۆلار وەكو بەرتیل لە كۆمپانیای رۆزنەفتی روسی.
بانگەشەكردن بۆ شەفافكردنی سەرچاوەی داهاتەكانی حكومەت، لەوانە داهاتی نەوت هێشتا شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز نەبووە، تائێستا داهاتی نەوت هەموو ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەمدواییەش رەخنەكان لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروبار لە مەرزە سنورییەكان زیادیان كردووە.
مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا هۆكاری بەشێك لە كێشەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ كابینەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای.
مەسرور بارزانی لەرێگەی تیمێكەوە حكومەت بەڕێوەدەبات كە لە هاوڕێو هاوكارەكانی پێشتری خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشو دەزگای پاراستن پێكهاتوون، دەوترێت ئەم گروپە هەژمونیان بەسەر كاروبارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتەكاندا كردووە، ئەم گروپە سەرۆكی حكومەتیان بەتەواوەتی لە شەقامو میدیاكانی دەرەوەی خۆی دابڕیوە، هەموو ئەمانە وایكردووە مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا نەتوانێت بەرگە ئەمنییەكەی پێشتری، لەخۆی دابماڵێت.
لاوازی ئۆپۆزسیۆن وەكو خاڵی هێزی حكومەت
بەهێزترین خاڵی كابینەی مەسرور بارزانی لاوازی ئۆپۆزسیۆنە، ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هاوبەشی حكومەتەو یەكێكە لە هێزەكانی پێكهێنەری دەسەڵات، لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان زیاتر قسەی لەسەر حكومەت هەیە.
ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان لە چوار لایەن پێكدێت كە بریتین لە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی)، ئەم لایەنانە سەرباری ئەوەی نەیانتوانیوە لەناو پەرلەمان گروپێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن، لە شەقامیشدا لاوازنو تائێستا جوڵەیەكی ئەوتۆیان نەكردووە.
پارتی كە لە كابینەی هەشتەمدا بەدەست ناڕەزایەتی لایەنە پێكهێنەرەكانی ناو حكومەتەوە گیری خواردبوو، لەكابینەی نۆیەمدا بە دورخستنەوەی كۆمەڵو یەكگرتوو لە حكومەت هەوڵیدا ناڕەزایەتییەكانی ناو حكومەت كەمبكاتەوەو نەخشەی ئۆپۆزسیۆنێكی لاواز لە دەرەوە جێگیربكات، بەڵام جارێكی تر لەناو دڵی حكومەتەوە ناڕەزایەتی دەستیپێكردووەو ئەمجارە لەبری بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕێت.
ئێستا پارتی هەموو جومگە بەهێزەكانی دەسەڵاتی لە هەرێمی كوردستان بە دەستەوەیە (سەرۆكی هەرێم- سەرۆكی حكومەتی هەرێم- زۆرینەی پەرلەمانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان- دەسەڵاتی دادوەریی- دەسەڵاتی ئەمنی- دەسەڵاتی ئابوری)، سەرباری ئەمانەش مەسرور بارزانی هێشتا نەبووە بە سەرۆكی كابینەیەكی بەهێز و یەكگرتوو كە دەسەڵاتی تا ئەوپەڕی سنورەكان بڕبكات.
پارتی بەو زۆرینەیەی كە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەدەستیهێنا، سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی ئۆپۆزسیۆنێكی لاواز كە كاریگەری لەسەر كابینەی مەسرور بارزانی نەبێت، ئۆپۆزسیۆنێك كە لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ساڵی 2009دا كێشەی بۆ كابینەكانی پارتی دروستكردبوو، بەڵام لە نەخشەی دروستكردنی حكومەتدا كورتی هێناوە، لاوازی ئۆپۆزسیۆن، وایكردووە ئێستا یەكێتی وەكو لایەنێكی بەشداری حكومەت رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕێتو بۆشاییەكە پڕبكاتەوە.