Draw Media

ئەو میلیشیا شیعانە كامانەن كە ئێران لە سوریا پشتیوانییان لێدەكات؟

ئەو میلیشیا شیعانە كامانەن كە ئێران لە سوریا پشتیوانییان لێدەكات؟

2018-05-03 06:53:46


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
ئێران پشتگیری و هاوكاری ژمارەیەكی زۆر لە میلیشیای چەكداری شیعە دەكات لە سوریا كە هاوشانی سوپای سوریا و بۆ هێشتنەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا دەجەنگن و رۆڵی كارایان هەبوو لە رزگاركردنی حكومەتی سوریا لە دەست هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو وڵاتە.
لە ساڵی 2014دا رژێمەكەی ئەسەد بەهۆی هێرشی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سوریاوە زۆری نەمابوو بكەوێت، بەڵام هەزاران چەكداری چەند گروپێكی شیعە بە پشتیوانی ئێران گەیشتنە ئەو وڵات و ئەسەد و رژێمەكەیان لە كەوتن رزگاركرد.
ئەو میلیشیایانەی ئێران لە سوریا هاوكارییان دەكات، ئێرانی و ئەفغانی و پاكستانی و عێراقی و لوبنانین، هۆكاری ئاینی پاڵیپێوەناون تا پشتیوانی لە حكومەتی سوریا بكەن و هەندێكیشیان بە پێدانی پارە بە خۆیان و خێزانەكانیان براونەتە سوریا و فەرماندەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتی چەكداركردن و مەشق و راهێنانیان دەكەن لە سوریا .
بە گوێرەی خەمڵاندنی " تۆڕی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ" ژمارەی چەكدارە عێراقییەكان لە سوریا لە نێوان 15 هەزار بۆ 20 هەزار چەكداردایە و چەكدارەكانی حزبوڵای لوبنانیش بە 7 ب 10 هەزار چەكداری خەمڵێنراوە و نزیكەی 5 بۆ 7 هەزار چەكداری ئێرانی و ئەفغانی لە سوریان و خەمڵاندی دیكەش ئاماژە بەوەدەكات كە نزیكەی 80 هەزار چەكداری شیعە لە سوریان.


دیارترین میلیشیا شیعەكان لە سوریا
•    حزبوڵای لوبنان: 
لە پلەی یەكەمدا دێت لە رووی زۆری ژمارەی چەكدارەكانی لە سوریا ژمارەیان لە نێوان 5 هەزار بۆ 8 هەزار چەكداردایە، بارەگاكەیان لە شاری قەسیرە لە ریفی خۆرئاوای شاری حمس، چەكدارەكانی لە سنوری نێوان سوریا لوبنان چالاكن و بە تێپەڕبوونی كات گەیشتونەتە ریفی حمیس لە ناوەڕاستی سوریا و لەمیانی شەڕەكانیاندا لەگەڵ چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ژمارەیەكی زۆریان لێكوژراوە.
•    فەیلەقی قودس:
یەكەیەكی تایبەتی سوپای پاسدارانی ئێران، بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوەی سنوری ئێران، فەرماندەكەی لیوا قاسم سولەیمانییە، ئەم فەیلەقە چەندین تەشكیلاتی سەربازی جۆراوجۆری هەیە، ژمارەیەكی زۆر لە شارەكانی سوریا لەلایەن ئەم فەیلەقەوە لە دەست گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان دەرهێنران.
•    لیوای باقر:
چەكدارەكانی لە هەردوو شاری حەڵەب و دێرزوورن، یەكێكە لە دیارترین ئەو گروپە چەكدارانەی كە ئێران مەشقی بە ئەندامەكانی كردووە لە چەند ساڵی رابردوودا لە سوریا، ساڵی 2014 لەسەر دەستی فەرماندەكەی ئێستای خالید عەلی حسێن بە ئامانجی  تۆڵەكردنەوە لە چەكدارەكانی سوپای ئازاد دامەزرێنرا كە تۆمەتباریان دەكات بە كوشتنی باوكی لە ساڵی 2012 لە شاری حەڵەب.
•    لیوای ئیمام حوسێن:
لیوای ئیمام حوسێن لەگەڵ فیرقەی چواری سوپای سوریا لە زۆرینەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی چواردەوری دیمەشقی پایتەخت بەشداریدەكات، هەروەها لە ناوچەی نەخۆشخانەی بیرونی لە ناوچەی حەرەستا و غوتەی رۆژهەڵاتی نزیك دیمەشق هەن، ئەم لیوایە ئەركی خۆی دیاریكردووە كە پارێزگاریكردنە لە مەزارەی سەیدە زەینەب، چەكدارەكانی ئەم لیوایە هاوڵاتی ئێران و عێراق و ئەفغانستان و سوریا و چەند وڵاتێكی ترن.
•    میلیشیا عێراقییەكان:
چەند گروپێكی چەكداری شیعەی عێراق لە سوریا، سەرچاوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ژمارەیان لە نیكەی 20 هەزار چەكدار دەخەمڵێنن و بارەگاكانیان لە ناوچەكانی دیمەشقی پایتەخت و ناوچەی سەیدە زەینەب و شارۆچكەی عیسر و باشووری حەڵەب و ریفی خۆرهەڵاتی حیمسە.
میلیشیاكان بریتین لە حزبوڵای عێراق،  حركە نجبا‌و العراق، میلیشیاكانی ئیمام حسێن، اسود الله، كەتیبەكانی ئیمام عەلی و اتحاد اصحاب الحق، عصائی اهل الحق و كەتیبەكانی ابوالفچل العباس و هێزەكانی فەیلەقی بەدر.
•    میلیشیا ئەفغانییەكان:
گرنگترینیان " لیوای فاتمیون"ە كە عەلیڕەزا توسەلی ساڵی 2014 بۆ شەڕی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دایمەزراند، چەكدارەكانی شیعەمەزهەبن و سەر بە هۆزی هەزارەی ئەفغانستانن، بودجە و مەشق و چەكی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ دابیندەكرێت، ژمارەی چەكدارەكانی بە نزیكەی 3 هەزار چەكدار دەخەمڵێنرێت، هەندێك سەرچاوەی ئێرانی دەڵێن ژمارەیان دەگاتە 14 هەزار چەكدار، ئۆپەراسیۆنەكانیان لە دێرزوور و ئەلبوكەمال ئەنجامدەدەن، عەلیڕەزای توسەلی دامەزرێنەری لە شەڕێكدا لەگەڵ چەكدارانی بەرەی نوسرە لە درعا كوژرا.
•    میلیشیای پاكستانی:
خۆی لە لیوای" زەینەبیون" دا دەبینێتەوە، میلیشیایەكی شیعەی پاكستانییە و چەكدارەكانی لە سوریا هاوكاری سوپا  سوریا دەكەن ، بودجە و چەك و مەشقی لەلایەن فەیلەقی قودسەوە بۆ دابیندەكرێت، ئاژانسی هەواڵی فارس وەك هێزێكی بژاردەی هێرشبەر وەسفیكردووە، زیاتر لە 5 هەزار چەكداری شیعەی پاكستانی لەخۆگرتووە، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز و میدیاكانی خۆرئاوا ژمارەیان بە زیاتر لە هەزار چەكدار خەمڵاندووە، ئەم لیوایە لە باكور  باشووری حەڵەب و باشووری دیمەق و درعا جێگیربوون.

سەرچاوە: بەشی عەرەبی DW
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand