شیعە: كوردو سوننە واز لەپشكێنەی حزبی ناهێنن
2020-04-17 14:24:31
راپۆرتی: درەو
دواین لێكگەیشتنی هێزە سیاسییەكانی عێراق سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كۆتایهاتووە. پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو لەسەر هەمان بنەمای ئەو میكانیزمە دابەشكراوە كە لەدوای ساڵی 2003وە لەعێراق پیادە دەكرێت.
هێزو لایەنە سیاسییەكان لەو حكومەتە كاتییەشدا پێداگریان لەسەر پاراستنی ئیستحقاقی هەڵبژاردن كردووە، كە هەندێك بە بەدیلی دەستەواژەی پشكێنەی ناودەبات. شیعەكان بۆ هەڵلوشینی توڕەیی شەقام وا خۆیان پیشاندەدەن كە دەستبەرداری پێشكێنەی حزبی بوونو، دەڵێن: كوردو سوننە وازی لێناهێنن.
پشكی پێكهاتەكان لە كێكەكە
زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، حكومەتی داهاتوو لە 22 وەزارەت پێكدێت كە بەمشێوەیە دابەشدەكرێت:
🔹 11 وەزارەت بۆ پێكهاتەی شیعە.
🔹 6 وەزارەت بۆ پێكهاتەی سوننە.
🔹 3 وەزارەت بۆ كورد.
🔹 2 وەزارەتیش بۆ كەمینەكان.
لەم دابەشكاریییەشدا، شیعەكان وەزارەتەكانی ناوخۆو دەرەوەو نەوتیان لەدەستدا دەمێنێتەوە، سوننەكانیش وەزارەتی بەگریو، لەبری وەزارەتی پەروەردە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەردەگرن، وەزارەتی دارایش لای كورد دەمێنێتەوە، بۆ یەكەمجاریش لەدوای 2003وە دەنگۆی ئەوە هەیە كورد لەم كابینەیەدا وەزارەتی كارەبا وەربگرێت.
ئەم دابەشكارییە وزارییەش جارێكی تر لەناو هەریەكێك لەم پێكهاتانەدا ورد دەكرێتەوەو، بەپێی سەنگو قورساییو كورسی هەریەك لەهێزەكانو بایەخو گرنگی وەزارەتەكان دابەشدەكرێنەوە.
پشكی حیزیەكان لەكێكەكە
🔸دابەشكاریی وەزارەتەكان لەناو پێكهاتەی شیعەدا:
🔹 هاوپەیمانی "سائیرون" كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەرۆكایەتی دەكرێتو خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانە، 3 وەزارەتی بەردەكەوێت.
🔹 هاوپەیمانی "فەتح" كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێتو دووەم هێزی شیعەكانە لەڕووی ژمارەی كورسی پەرلەمانەوە، 3 وەزارەتی بەردەكەوێت.
🔹 هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی 2 وەزارەتی بەردەكەوێت.
🔹دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی 1 وەزارەت.
🔹 ڕەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم 1 وەزارەت.
🔹 حزبی فەزیلە بەسەرۆكایەتی محەمەد یەعقوبی 1 وەزارەت.
🔸دابەشكاری وەزارەتەكان لەناو پێكهاتەی سوننەدا:
🔹 هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان كە لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، 4 وەزارەت.
🔹 ئیئتیلافی وەتەنییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، 1 وەزارەت.
🔹 پرۆژەی عەرەبی بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، 1 وەزارەت.
🔸دابەشكاری وەزارەتەكان لەناو كورد:
🔹 پارتی دیموكراتی كوردستان 2 وەزارەت.
🔹 یەكێتی نیشتمانی كوردستان 1 وەزارەت.
🔸دابەشكاری وەزاری لەناو كەمینەكان.
🔹 كریستیانەكان 1 وەزارەت.
🔹توركمان 1 وەزارەت.
ئەم لێكگەیشتنە سیاسییە كە هەندێك سەرچاوە بەسەرەتاییو هەندێكی تریش دەڵێن ڕێككەوتنی مەبەدەئیو كۆتاییە، لەلایەن سەركردە دیارەكانی شیعەو سوننەو كوردەوە ڕەزامەندی لەسەردراوەو بڕیارە لەئێوارەی ئەمڕۆ هەینییەوە ناوی كاندیدی وەزارەتەكان تاوتوێبكرێت.
كاریگەری جارانیان نەماوە
لەگەڵ ئەوەی دابەشكاری حكومەتی نوێ بەهەمان میكانزمی ڕابردووەوە، بەڵام هەندێك لەشارەزایانی كاروباری عێراق پێیانوایە، دانوستانەكانی ئەمجارەی پێكهێنانی حكومەت لەچوارچێوەی تەقلیدییەكەی ڕابردووی دەرچووە، بەوپێیەی پێشتر هێزە شیعییەكان تەواوی وردەكاری پشكو كاندیدەكانیان لەسەر ئاستی ناوخۆ یەكلادەكردەوە، پێشئەوەی لەگەڵ هێزە سوننیو كوردییەكان دەست بەگفتوگۆ بكەن.
بەڵام لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیو سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانەوە، كوردو سوننە ڕۆڵیان بەهێزتربووە، بەجۆرێك ئەوانە بڕیاریان لەچارەنوسی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران داوە، ئەوەشی وایكردووە هێزە شیعییەكان ئەو واقیعە تازەیە قبوڵبكەن فشاری شەقام بووە لەسەریان، كەپێگەی لاوازكردوونو ناچاری كردوون پەلەبكەن لەدانوستانەكان، تەنانەت ئەگەر ئەنجامەكەشی بەتەواوی لەبەرژوەندی خۆیان نەبوببێت.
هێزولایەنە شیعییەكان لەگەڵ ئەوەی ڕاسپارنی مستەفا كازمی بەجۆرێك لە جێبەجێكردنی داواكاری شەقام دەزانن بەو پێیەی ناوبراو سەر بەهیچاكم لەو هێزە سیاسییانە نییەو بەشێكیش نییە لەدەستەبژێری سیاسی تاقیكراوەی عێراق، دەیانەوێت لەڕێی گەیاندنی پەیامی سەرپشككردنی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویشەوە، جۆرێك لەسەربەخۆیی حكومەت پیشاندنی شەقام بدەنو لەتوڕەیی شەقامی عێراقی كەمبكەنەوە.
چاو بەستە
پێناچێت ئەوە وێنە ڕاستەقینەكە بێت، بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لەتویتێكدا دەڵێت، هێز شیعییەكانیان هەر بەناو كازمی_یان سەرپشككردووە، ئەگینا هەر دوای تەوابوونی ئەو كۆبونەوەیەی كە تێیدا كازمی_یان سەرپشككرد لەدیاریكردنی وەزیرەكانی كابینەكەی، سەركردەكانی شیعە نوێنەریان ناردووە بۆ لای كەسی ڕاسپێردراوو داوای وەزارەتی دیاریكراویان كردووەو كاندیدەكەشیان بۆ دیاركردووە.
محمەد ڕەزا پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: قسەی هێزە شیعییەكان لەبارەی سەرپشككردنی كازمی ڕەنگدانەوەی دانوستانەكانی پشت پەردەنییە، كە پڕیەتی لە فشار لەسەر ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت.
بەوتەی ئەو: بەڵام دەنگوباسی پەیوەست بەو دانوستانە نهێنیانە ناگەنە ڕایگشتی، لەترسی توڕەكردنی شەقامی شیعە دژی ئەو هێزە سیاسییانەی كە نوێنەرایەتیان دەكات دوای ئەو شكستە گەورەیەی دووچاری بوون لەئیدارەدانی دەوڵەتدا.
داوای بەشی خۆیان ئەكەن
كوردو سوننە زۆر باكیان بە توڕەبوونی شەقام نییە، ئەوان پێیانوایە كە شەقامی شیعی لە هێزەكانی خۆیان توڕەنو ئەوان بەشێك نین لەو هاوكێشەیە، بۆیە بە ئاشكرا باس لە بەدەستهێنانی ئیستحقاقی ئەو خەڵكە دەكەن كە دەنگی پێداونو، پێویستی تەرجومەكردنی ئەو دەنگانە بۆ پۆست لەحكومەتدا، ئەمەش شیعەكانی نیگەران كردووە.
حەمید مەعلە سەركردە لەڕەوتی حیكمە لەوبارەیەوە دەڵێت: سوننەو كورد نایانەوێت پابەندبن بە سەربەخۆیی بەرپرسانو حەزیشی پێناكەن، وەك ئاماژەیەك بۆ خواستو پێداگری ئەو دوولایەنە لەدیاریكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكان.
ڕوونیشكردووەتەوە: سوننەو كورد ئیستحقاقی هەڵبژاردنیان دەوێت، لەڕێی بەوەزیركردنی ئەوانەی نوێنەرایەتیان دەكات.
ئەو سەركردەیەی حیكمە ئاماژە بەوەشدەكات: شەریكەكانی نیشتمان (كوردو سوننە) دەیانەوێت ئیستحقاقەكانیان لەدەستێكی سیاسیدا بێت كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ نوێنەراتیان بكات، نەك سەربەخۆبێت، وەك ئەوەی شیعە دەیەوێت.