Draw Media

سیناریۆكانی پارتی بۆ مامەڵەكردن لەگەل دەنگدەرانی لە كەركوك

سیناریۆكانی پارتی بۆ مامەڵەكردن لەگەل دەنگدەرانی لە كەركوك

2018-05-02 18:16:52


راپۆرتی: درەو میدیا 
هێشتا رون نەبۆتەوە پارتی چۆن مامەڵە لەگەڵ دەنگدەرانی دەكات لە پارێزگای كەركوك، ئەوان سەرەتا رایانگەیاند بۆیە بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن لە كەركوك، چونكە شارەكە داگیركراوە و حوكمی سەربازی تێدا دەكرێت و دەنگدەر ناتوانێ بە ئازادی بەشداری پرۆسەكە بكات، بەڵام ئێستا پارتی جوڵەی دەست پێكردووە بەرەو كەركوك، دەیەوێت  لەلایەك سوربێت لەسەر بڕیارەكەی بە بایكۆت و لەلایەكیش ناراستەوخۆ دەیانەوێ  دوو كورسیەكەیان بهێننەوە، بۆیە ئێستا پارتی لەكەركوك لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدایە:.
یەكەم/ پارتی بەردەوام دەبێت لەسەر بڕیارەكەی ئەویش بایكۆتی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوك و داوا لە دەنگدەرانی دەكات بەشداری مەكەن، كە ئەمە سیناریۆیەكی لاوازە، چونكە پارتی دەیەوێت وجودی خۆی لە كەركوك بسەلمێنێت
دووەم/ سەرەرای بەردەوام بوونی لەسەر بڕیاری باكۆت بەڵام كورسیەكانیشی دەوێت لەو پارێزگایە چۆن بەدەستی دێنێتەوە، ئەویش لەرێگەی دەنگدان بەو لیستانەی  كە نزیكن لە خۆیانەوەو دەنگەكانیان بەشی كورسی ناكات و نایەوێت بچێتە سەر دەنگی یەكێتی.  پێی وایە یەكێتی هۆكاری سەرەكی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە و ناشێویت دەنگەكانی بداتە لیستی نیشتیمانی ( گۆڕان ، كۆمەڵ ، هاوپەیمانی) بەهۆی كێشەكانی  لەگەڵیان، بۆیە لە باشترین حاڵەتدا  بەسەر دوو ئاراستەدا دابەشی دەكات:.   
ا- هەندێك پێیان وایە پارتی دەنگەكانی دەدات بە لیستی یەكگرتوو لەبەر ئەوەی لە ریفراندۆمدا لەگەڵیان بووە لە كەركوك  و دەیانەوێت تەعویزی هەڵوێستەكانی رببوار تاڵەبانی بكەنەوە، بۆیە بەشێك لەدەنگەكانی دەدەنە كاندیدەكانی یەكگرتوو، بۆ ئەوەی كورسیەكی پێ تەواو بكەن. 
ب-  بەشێكی تریش پێیان وایە پارتی دەنگەكانی دەدات بە لیستی سۆسیالیست لەبەر ئەوەی تا دوا هەنگاوی ریفراندۆن لەگەڵیان بووە، بۆیە دەیەوێت كورسی دووەم لە لیستی سۆسیالیتدا تەواو بكات.
ج- هەندێكیش پێیان وایە پارتی كاندیدی خۆی خزاندۆتە ناو ئەو دوو لیستەوەو دەنگ بەو كاندیدانە دەدات و دواتریش لە بەغداد دەبنە پەرلەمانتاری پارتی، كە دەوترێت لە لیستی یەكگرتوو ( ئەندازیار زاهیر خەلیل ) كە بەناوی كاندیدی سەربەخۆ لە لیستی یەكگرتوودایە، نزیكە لە پارتیەوەو لە لیستەی سۆسیالیستیش ( فەهمی سەعید قادر ) دەهێنرێت كە برای روشدی سەعیدەو لە لیستی سۆسیالیستدایە، بەڵام ئەمانە تەنها دەنگۆیەو  ئەم ئەگەرەیان لاوازە لەبەر  ئەوەی پارتی كە بڕیاریداوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكات لە كەركوك نایەوێت بڕیارەكەی خۆی بشكێنێت و پێی بوترێت ئەوە پارتیش بەشداری كردووە بەو كاندیدانە، بەڵكو  ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن كە پارتی رێكەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ ئەو لیستانە دەكات و لە دوا ساتەكانیدا دەنگدەرانی ئاراستە دەكات دەنگ بە سەرۆكی لیستەكانی ئەو دوو لیستە  بدەن ، ئەویش لەلایەك دەیكاتە پیاوەتی بەسەر ئەو لیستانەوەو لەلایەكیش دوو كورسی بۆ كورد مسۆگەر دەكات ئەگەر ئەو كورسیانە بەدەست نەهێنن ئەوا یان بۆ عەرەب و توركمان دەچن یان بۆ یەكێتی، كە پارتی زۆر حەز ئەكات یەكێتی شكست بهێنێت لە كەركوك چونكە دەیەوێت خیانەتی  16ی ئۆكتۆبەر  بەتەواوی لەسەر یەكێتی تۆخ بكاتەوە. 
هەرچەندە بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو پێشبینی ناكرێت كورد دەنگەكانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، بەهۆی گۆڕانكاریەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ژمارەی دەنگدەرانی كەركوك (991 هەزار و 379) دەنگدەرە  ،كە لە هەڵبژاردنی 2014 دا  لە  كەركوك (870000) كەس بوو مافی دەنگدانی هەبوو ، واتە (121 هەزار و 379) دەنگدەر زیادیكردووە كە  لەدایكبوانی ساڵی (1997- 1998-1999-2000) دەگرێتەوە.
لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەیە كورد 8 كورسی بەدەستهێنابوو،  یەكێتی ( 209964 ) دەنگی هەبووە 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی هەبووە 2 كورسی ،  كە پێشبینی دەكرێت كورد لەو پارێزگایە( 5 بۆ 6 )كورسی بەدەست بهێنێت، پارتی دەیەوێت دوو كورسیەكەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە لە چوارچێوەی لیستەكانی تردا جگە لە یەكێتی و لیستە عەرەبیەكان و لیستی ( نیشتیمانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو ) بەوەی پارتی كێشەی لە هەرێم لەگەڵ ئەو هێزانە هەیەو زۆریش هەوڵیدا پێكەوە لە چوارچێوەی لیستێكدا بن، بەڵام ئەوان رازی نەبوون.بۆیە پارتی لە دواساتەكانیدا بڕیار دەدات كە دەنگدەرانی دەنگ بە كێ و چی لیستێك بدەن. 
   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand