تاقیكراوە، تاقیناكرێتەوە
2018-05-02 13:29:49
راپۆرتی: ئارام مەحمود
لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تادێت هەڵمەتی بانگەشەی لایەنەكان توندتر دەبێت، بەشێك لەچاودێران بە توندترین هەڵمەتی هەڵبژاردن ناودێری دەكەن بەبەراورد بە سێ خولی ڕابردووی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوە لەكاتێكدایە زۆرینەی لایەنەكان بەڵگەنامەی شەرفی هەڵبژاردنیان بەچاوێری نەتەوە یەكگرتوەكان ئیمزاكردووە.
پرۆسەی خستن و شێواندنی كەسایەتی بەشێك لە كاندیدە ژنەكان دیارترین سیمای نەرێنی ئەم بانگەشانەیە وەك هەندێك دەڵێن، هاوكات هەڵمەتی یەكتر شكاندنی لایەنەكان و تەنانەت سەركردەكانی یەكتریش بەشێكی ترە لەو پرۆسەیە.
یەكێكی تر لەو باسانەی كە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی توشی شڵەژانكردوە، هێنانە پێشەوەی ئەو دەستەواژەیەیە كە دەڵێت (المجرّب لا یجرّب)، تاقیكراوە تاقیناكرێتەوە، ئەوانەی ئەم دەسەتەواژەیان فڕێداوەتە ناو گۆڕەپانی بانگەشە و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارە، بەو مەبەستە بەكاریدەهێنن كە ئەو پەرلەمانتارانەی لە خولەكانی پێشودا هەڵبژێردراون نابێت جارێكی تر دەنگیان پێبدرێتەوە و ببنەوە بە پەرلەمانتار بەوپێیەی تاقیكراونەتەوە و نابێت جارێكی تر تاقیبكرێنەوە.
شیعەكان چاوەڕوانی ڕای مەرجەعیەتن
ئەم دەستەواژەیە لە شەقامی شیعەدا دەنگدانەوەیەكی فراوانی هەیە و كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتوەتەوە، ئێستا زۆرێك لەلایەنە شیعەكان چاوەڕوانی ڕای (عەلی سیستانی) گەورە مەرجەعی شیعەكانن كە بڕیارە لە وتاری ئەم هەینیەدا ڕونكردنەوە لەبارەی ئەو پرسەدا بدات.
(سادق لەبان) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، لایەنە شیعەكان چاوەڕوانی ڕای مەرجەعیەتن و تەئكیدیشیكردەوە ئەگەر ئەو دەستەواژەیە هەموان بگرێتەوە ئامادەی دەربڕیوە كە دەستبەرداری كاندیدبوونەكەی بێت.
لایەنەكان لەبارەی ئەم دەستەواژەیە ڕای جیاوازییان هەیە، بەشێك لەچاودێران پێیانوایە لەگەڵ ئەوەی قسەیەكی دروست و لۆژیكیە، بەڵام هەندێك دەیانەوێت لەسەر ئەو بنەمایە بەكاریبهێنن "وشەیەكی حەقە و بۆ ئامانجێكی بەتاڵ بەكاردەهێنرێت"، دەشڵێن هەندێك بەجۆرێك ئەم پرسەیان شێواندوە كە پێچەوانەی عەقڵ و بیركردنەوەیەكی تەندروستە، چونكە ناكرێت باش و خراپ هاوتابكرێن لەسەرئەو بنەمایەی كە هەردووكیان تاقیكراونەتەوە.
پەرلەمانتار شروق عەبایچی كە كاندیدی دووبارەیە لەسەر لیستی بزوتنەوەی مەدەنی پێیوایە، دەستەواژەی تاقیكراوە تاقیناكرێتەوە لێكدانەوەی هەڵەی بۆ كراوە بەوهۆیەشەوە چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵیدا توشی شڵەژان كردوە، دەشڵێت، پرۆسەكە بەلای دەنگدەرەوە بەرپرسیارێتیەكە، كە بنەماكەی چۆنیەتی دروستكردنی پرۆسەی گۆڕانكارییە.
بەشێكی تر لەڕا جیاوازەكان دەڵێن، تاقیكراوە باشەكان دەبێت پشتیوانی بكرێن چونكە بونەتە خاوەنی شارەزایی، ئەوەش پرسێكە وڵات پێویستی پێیەتی.
لەگەڵ ئەوەی ئەم پاساوانە تائاستێكی زۆر لۆژیكیان تیادایە، بەڵام ئەو كێشەی كە بەرۆكی هەموانی گرتوە هەستكردنە بە نائومێدیەكی قوڵ لەلایەن دەنگدەر و بەشێكی زۆری كۆمەڵگای عێراقی سەبارەت بە ئەگەری هاتنەكایەی گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە لەدەرەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن و دوورخستنەوەی كۆمەڵێك دەموچاوی دووبارە و دەسەڵاتخوازكە ماوەی چەندین ساڵە دەستیان بەسەر پایەكانی دەسەڵاتداگرتوە و بونەتە براندی رژێمێكی گەندەڵ و ئیدارەیەكی شكستخواردوو كە جگە لە نەهامەتی و بەدبەختی، موژدە و نوێگەرییەكیان پێنەبووە بۆ نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق.