Draw Media

رامین لەبەردەم پەتی سێدارەدا

رامین لەبەردەم پەتی سێدارەدا

2018-05-02 13:01:49


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكات سزای لە سێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی رابگرن.
رامین حوسێن پەناهی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، (10) مانگ لەمەوبەر لە هەرێمی كوردستانەوە گەڕایەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركرا.
لە لێدوانێكدا بۆ (بی بی سی فارسی)، ئەمجەد حوسێن پەناهی برای رامین ئاشكرایكرد" بڕیارە بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە سزای لەسێدارەدان بەسەر رامینی برایدا جێبەجێ بكرێت".
رامین لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە تۆمەتباركراوە بەوەی دژی رژێم چەكی هەڵگرتووە و هەوڵ بۆ رووخاندنی كۆماری ئیسلامی دەدات.
بەگوێرەی بەیاننامەیەك كە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویكردەوە، پرۆسەی دادگاییكردنی رامین حوسێن پەناهی كەمتر لە كاتژمێرێكی خایاندووە، ئاسەواری ئەشكەنجەدان كە بەجەستەیەوە دیاربووە، لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا نادیدە گیراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەو گەنجە كوردە لەبەردەم دادگادا دادوەری ئاگاداركردوەتەوە لەوەی كە لە زیندان رووبەڕووی ئەشكەنجە و بەدرەفتاری زۆر بوەتەوە.
بەپێی قسەی بەرپرسانی ئێران رامین حوسێن پەناهی مانگی حوزەیرانی رابردوو لە شەڕێكدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستگیركراوە و سێ كەسی تر هاوڕێی بوون كە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون، بەڵام براكەی رامین و پارێزەرەكەشی ئەم تۆمەتەی كۆماری ئیسلامی رەتدەكەنەوە.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژە بەەوەدەكات، لە دانیشتنی دادگاییكردنی رامین حوسێن پەناهیدا هیچ شاییەتحاڵێك كە شایەتی بدات لەسەر بەشداریكردنی رامین لەو روبەڕوبونەوە چەكدارییەدا، ئامادەنەبووە و مەرجی كوشتنی بەئەنقەست لەسەر رامین جێبەجێ نەبووە كە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مەرجی بنەڕەتییە بۆ دەركردنی سزای لەسێدارەدان بۆ هەر كەسێك.
فیلیپ لۆتەر بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت" ئەو گەنجە كوردە بە ماوەی كەمتر لە یەك كاتژمێر حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، لەو ماوەیەی كە لێكۆلێنەوەی لەگەڵدا كراوە، رێگە بە پارێزەر و كەسوكارەكەی نەدراوە سەردانی بكەن، بۆیە ئاگاداری هیچ وردەكارییەكی تایبەت بە دۆسییەكەی نەبووە.
فلیپ لۆتەر باسی لەوەشكرد، بەرپرسانی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران داوایان لە رامین كردووە لەسەر تەلەفزیۆن دان بەو تۆمەتەدا بنێت كە ئاڕاستەی كراوە، لەبەرامبەردا سزای لەسێدارەدانی هەڵدەوەشێننەوە، بەڵام رامین ئەو داوایەی قبوڵ نەكردووە و لە زیندانی تاكەكەسیدا بەرگەی ئازاری زۆری گرتووە.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ساڵی رابردوو ئێران لانی كەم (507) كەسی لەسێدارەداوە، ئەمەش خراپترین تۆماری لەسێدارەدانە لەسەر ئاستی جیهان.

پێشتر بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی دەستگیركردن و فەرمانی سێدارەی كوڕەكەیان، دەسەڵاتدارانی ئێران دایك و باوكی رامینيان دەستگیركرد، بەڵام پاش ماوەیەك ئازادكران.

باوك و دایكی رامین چەند كاتژمێرێك دوای ئازادكردنیان


رامين حوسێن پەناهی كێیە ؟
راهمین حوسێن پەناهی تەمەنی (24 ساڵ)ە و ماوەی (10) مانگە دەستبەسەرە، رامین پێشتر ئەندامی یانەی بەرگریكارانی مافی مرۆڤ بووە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام بەهۆی فشاری دەزگا ئەمنییەكانی ئێرانەوە بەر لە دوو ساڵ رۆژهەڵاتی كوردستانی بەجێهێشتووە و هاتوەتە باشووری كوردستان و پەیوەندی بە ریزەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانى ئێرانەوە كردووە كە عەبدوڵای موهتەدی رێبەرایەتی دەكات.
بەپێی قسەی ئەمجەدی برای، رامین مانگی حوزەیرانی رابردوو بەهۆی نەخۆشكەوتنی دایكییەوە گەڕاوەتەوە بۆ شاری سنە و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراوە.


نیشتمان بەر لە سێدارەی رامین خۆی كوشت
دوێنێ (نیشتمان پەناهی) خوشكەزای رامین پەناهی خۆی كوشت، بەپێی هەوڵێك كە سایتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، نیشتمان پەناهی كە تەمەنی (25) ساڵە، لە چەند رۆژی رابردودا چەندجارێك لە لایەن دەزگای ئیئتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت كراوە و ئەشكەنجەی دەرونی دراوە تاوەكو ناچار بكرێت بەوەی زانیاری لەبارەی خانەوادەكەیەوە بدات، بەڵام ئەو رەتیكردوەتەوە، دواتر هاوسەرەكەیان بانگهێشت كردووە‌و لەژێر فشاردا داوایان لێكردووە لە نیشتمان جیاببێتەوە، بۆیە نیشتمان پەناهی لەژێر فشاری ئیتیڵاعاتدا خۆی كوشتووە و لەدوای خۆشی نوسراوێكی جێهێشتووە و تێیدا ئاماژە بەوەدەكات لەژێر فشاری ئیتیڵاعاتدا خۆی كوشتووە.

نیشتیمان خوشكەزای رامین پەناهی


حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چی دەڵێن ؟
ئەمڕۆ ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەیاننامەیەكی لەبارەی لەسێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی بڵاوكردەوە كە پێكهاتووە لەم حزبانە (كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران- حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران- حیزبی دیموكراتی كوردستان).
لە بەیاننامەكەدا ئەو حزبە كوردستانیانە ئاماژەیان بەوەكردووە، لە دوێنێوە رامین حوسێن پەناهی گواستراوەتەوە بۆ زیندانی قەرەنتینە و ئەمە نیشانەی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ بكەن.


لە بەشێكی بەیاننامەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا هاتووە"  لەم دوا ساتانەی ژیانی ئەو لاوە كوردە دا، تەنیا شتێك كە دەتوانێ ئەم ڕێژیمە لە بڕیاڕی ئیعدامی ئەو پاشگەز بكاتەوە، بەرزبوونەوەی دەنگی نارەزایەتیی هاوزمانان و هاونیشتمانانی رامین و هەموو مرۆڤە بە ویژدان و بە هەڵوێستەكان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە. بەم بۆنەیەوە بانگەوازی كۆمەڵێك كەمپەین و چالاكی لە نێوخۆی رۆژهەڵات و لە وڵاتانی ئوروپایی بڵاوبوونەتەوە. ئێمە وێڕای پشتیوانی لە كۆبوونەوە و ڕێپێوان و هەر حەرەكەتێكی دیكە بۆ بەرگری لە گیانی رامین حوسێن پەناهی و مەحكومكردنی بڕیار و نیەتی ئێعدامی ئەو بەندییە سیاسییە، لە هاونیشتمانان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات داواكارین دوایین دەرفەتەكان بۆ دەنگ هەڵبڕین دژی ئەم تاوانە، لە دەست نەدەن".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand