لە دووپرسەدا 71 كەس توشی كۆرۆنا بوون
2020-04-06 21:39:42
راپۆرتی: محەمەد رەئوف- فازڵ حەمەرەفعەت
مام فەتاح كاسبكارێكی گەڕەكی كارێزانی شاری هەولێر بوو، دوو رۆژ دوای نەورۆزی ئەمساڵ بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، پاش 10 رۆژ لە مردنی ئەو، 23 كەس لە ئەندامانی خانەوادەكەی توشی كۆرۆنابوون.
"ئێمە پرسەمان بۆ باوكمان دانەنا، تاوانمان چیە توشی كۆرۆنا بووین، وەزیر بەچی مافێك دەڵێت دوای چاكبونەوەتان دەتان دەینە دادگا" ئەمە وتەی عەبدولڕەزاق كوڕی كۆچكردوو مام فەتاحە.
عەبدولڕەزاق هاوسەرو ژمارەیەكی زۆر لە خوشك و براو خوشكەزاو برازاكانی دوچاری كۆرۆنا بوون و هەندێكیشیان كە هێشتا پشكنینەكانیان دەرنەچووە لە كەرەنتینەدان.
لە كارێزان چی رویدا؟
رۆژی نەورۆز لەگەڕەكی كارێزانی شاری هەولێر هەمان ئەو گەڕەكەی كە مام فەتاح كۆچی دوایی تێدا كرد، ژنێك كە نەخۆشی درێژخایەنی هەبوو كۆچی دوایی كرد.
كەسوكاری ئەو ژنە دەڵێن پرسەیان بۆ مردووەكەیان دانەناوە دانەناوە، بەڵام ئامۆزایەكی بنەماڵەكەیان لە كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەری سەر رێگای مەسیفەوە سەردانی كردوون بەمەبەستی سەرەخۆشی، پاش دوو رۆژ لەسەردانەكەی دەركەوتووە توشی كۆرۆنا بووە.
وەكوو بەرپرسانی تەندرووستی ئاماژەی بۆ دەكەن ڤایرۆسەكە لە رێگەی ئەو كەسەوە كە لە كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەرەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو پرسەكانی گەڕەكی كارێزان.
مام فەتاح كە تەمەنی (70) ساڵ بوو دوو رۆژ دوای ئەو ژنە كۆچی دوایی كردووە، لەهەمان گەڕەك و پێكەوە دراوسێی یەكدین، بەپێی قسەی خانەوادەی مام فەتاح خزمایەتی لە نێوان هەردوولادا هەیەو كچێكی مام فەتاح براژنی ئەو ژنە بووە كە بەرلە مام فەتاح كۆچی دوایی كردووە، ئەمە وای كردووە، ئەو كەسەی كە لە مەلا ئۆمەرەوە هاتبوو بۆ پرسەكە ڤایرۆسەكە بۆ هەردوو خانەوادەكە بگوازێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی چی دەڵێت؟
بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی كە 3ی ئەم مانگە بڵاویكردۆتەوە ( 71) كەس بەهۆی ئەو دوو پرسەیەوە توشی كۆرۆنا بوون.
توشبوانی گەڕەكی كارێزان حكومەتی هەرێمی خستە بواری نائاساییەوە تا ئەو رادەیەی بۆ ماوەی (48) كاتژمێر رێوشوێنی قەدەغەی هاتوچۆی تا ئەو رادەیە توند كردەوە كە تەنانەت ماركێت و نانەوا خانەكانیشی داخست.
مەترسی بارودۆخەكە وای لە وەزیری تەندروستی كرد كە بڵی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی گەورەیەدایە، ئەم قسەیە لەناو خەڵكیش ترسی زۆری درووست كرد.
زنجیرەی تۆماركردنی توشبوانی دوو پرسەكە بەم شێوەیە بوو:
• رۆژی 3ی نیسان ( 6 )كەس توشبوون
• 4ی نیسان ( 6 )كەسی دیكە توشبون
• 5ی نیسان (18) كەس توشبون
• 6ی نیسان (41) كەس توشبون
خانەوادەی مام فەتاح
بەپێی قسەی عەبدولڕەزاق كوڕی كۆچكردوو مام فەتاح كە بەتایبەت قسەی بۆ (درەو) كرد، بەتەنیا لە خانەوادەكەی ئەوان (23) كەس توشی كۆرۆنا بوون، بەم شێوەیە:.
- خێزانی مام فەتاح و كوڕێكی و بوكێكی لە گەڕەكی كارێزان.
- هاوسەرو دووكچی عەبدولڕەزاق كوڕی مام فەتاح لە گەڕەكی زانكۆ.
- كچی كوڕێكی مام فەتاح لە گەڕەكی ئاڵتون سیتی.
- كوڕێكی تری مام فەتاح لەگەڵ هاوسەرەكەی لەگەرەكی كاریزان.
- كوڕێكی مام فەتاح و هاوسەرەكەی و كوڕیكی لە گەڕەكی كانی گەلی.
- هاوسەرو منداڵێكی كوڕێكی تری مام فەتاح لە گەڕەكی چناری.
پێشتریش وەزارەتی تەندروستی (32) كەسی توشبووی راگەیان لەناو ئەوانەدا (8) كەسیان لە خانەوادەی كۆچكردوو مام فەتاح بوون بەم شێوەیە:.
- خوشكێكی خێزانی مام فەتاح لەگەڵ كچێك و دوو كوڕی لە گەرەكی سەركەوتن.
- برایەكی خێزانی مام فەتاح و هاوسەرەكەی و دوو منداڵی و دایكی لەگەرەكی سەركەوتن.
مام فەتاح خەڵكی (بیرێجنە)ی سەربە كۆمەڵگەی قوشتەپەی هەولێر بووە، پیاوێكی كاسب بووە.
عەبدولڕەزاقی كوڕی نیگەرانە لەوەی سەرباری ئەوەی پرسەیان بۆ كۆچی باوكیان دانەناوەو پابەندی رێنماییە تەندروستیەكان بوون (وەكو خۆی دەڵێت) ، لە لایەن حكومەتەوە هەڕەشەی دادگاییكردنیان لێدەكرێت دوای چاكبونەوەیان لە پەتای كۆرۆنا.
وەكو عەبدولڕەزاق باسی دەكات ئەوان خۆیان لە بنەڕەتەوە خانەوادەیەكی قەرەباڵغن و لەكاتی پرسەكەدا تەنها كوڕو كچ و براكانی سەردانی ماڵەوەیانكردووە، تەنانەت خێوەتیشیان بۆ پرسەی باوكیان دانەناوە.
تەرمی كۆچكردوو مام فەتاح لە گوندەكەی خۆی بەخاكسپێردراوە عەبدولڕەزاقی كوڕی دەڵێت: هەر لەوێ بە خەڵكەكەمان راگەیاند كە ئێمە لە سەر بنەمای رێنماییەكانی حكومەت پرسە دانانێین.
عەبدولرەزاق بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەكانی هێنا" ئەم كۆرۆنایە شتێك نیە بە ئەنقەست گواستبێتمانەوە، بەڵایەكەو هاتووە، تاوانی ئێمە چیە..؟؟؟"
ئێستا خانەوادەی مام فەتاح لەلایەك بەهۆی كۆچی دوایی باوكیانەوە، لەلایەكی تر بەهۆی پەرتبوونی خێزانەكەیان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناو كەرەنتینەكردنیانەوە، خەمەكەیان بووە بە دوو خەم، لەولاشەوە نیگەرانن لە قسەو باسی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و تۆمەتباركردنیان بە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە.