كۆمپانیایەكی ئیماراتی سكاڵا لای مەكتەبی سیاسی دەكات
2018-05-02 12:09:41
كۆمپانیای " BMJ Industries " ئیماراتی كە كۆمپانیایەكی گەورەی تایبەت بە توتن و جگەرەیە و خاوەنی چەندین براندی بازرگانییە، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتباردەكات بەوەی كە پۆستەكەی بەكارهێناوە بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیایەكی عێراقی كە برازایەكی فوئاد مەعسوم و هاوسەرەكەی خاوەندارێتی دەكەن.
ئەو كۆمپانیا ئیماراتییە لە نامەیەكی رەسمیدا سكاڵای خۆی لەو پرسەدا گەیاندووەتە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و داوادەكات كاربكەن بۆئەوەی دەستوەردانی فوئاد مەعسوم لە بەرژەوەندی كۆمپانیای برازاكەی رابگرن لە دادگاكانی عێراقدا.
ئەمەش دەقی سكاڵاكەیە:
بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بەڕێز
بابەت: سكاڵا
ئێمە لە كۆمپانیای بی ئێم جی ئیندەستریز " BMJ Industries " ی ئیماراتی یەكێكین لە كۆمپانی گەورەكانی بەرهەمهێنەری بەرهەمەكانی توتن لە نێویشیدا جەگەرە، هەروەها خاوەنی چەندین براندی بازرگانین، یەكێك لەو براندە بازرگانیانە جگەرەی " ماك MAC " لە ژمارەیەك وڵاتادا كە عێراقیش لە خۆدەگرێت.
ئێمە جگەرەی " MAC" هەناردەی بازاڕەكانی عێراق دەكەین بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە، كۆمپانیای " خیرات المنافع" بۆ بازرگانی گشتی و گواستنەوە دەستدرێژی كردووەتە سەر براندە بازرگانییەكەمان ( MAC ) لە سەرەتای ساڵی 2017ەوە و كەوتوەتە كێبركێییەكی نامەشروع و كێشەی یاسایی و دادوەریی لە تۆماریی براندە بازرگانییەكان لە وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان و دادگاكانی بەغدا بۆ دروستكردووین.
بوونی كێبركێ نامەشروع پەنابردن بۆ دادگاكان بەلای ئێمەوە كارێكی ئاساییە، ئەگەر كاروبارەكان بە شێوەیەكی یاسایی بڕۆن و رێڕەوی ئاسایی و چوارچێوەی یاسایی وەربگرێت، ئێمە باوەڕمان بە مافی خۆمان و هاوسەنگی دادوەری عێراق هەیە كە رێگە بە هیچ كەسێك نادات بیر لە دەستوەردان لە كاروبارەكانیدا بكات، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە ئاسایی نییە ، كۆمپانیای " خیرات المنافع" بۆ بازرگانی گشتی و گواستنەوە كە خاوەنەكەی ( حەیدەر سەباح فەیلی) هاوسەری ( نەورۆز محەمەد مەعسوم)ە كە برازای سەرۆك كۆماری عێراق و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ( فوئاد مەعسوم)ە، و ئەمەی دواییان پشتیوانیان لێدەكات و سەرچاوەكانی لە سەرۆكایەتی كۆمار بەكاردەهێنێت بۆ دەستوەردان لەو كێبركێ نامەشروعە و كاریگەریی خستنە سەر دەسەڵاتی دادوەری و سەر دادگای تەمییزی فیدراڵی بۆئەوەی دۆسییەی ژمارە " 7102/ب/ 603 لە بەرژەوەندی كۆمپانیای " خیرات المنافع " یەكلایی ببێتەوە و سەرۆك كۆماری ئامرازەكانی گواستنەوە و كاتی بینینی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عێراق و لەگەڵ سەرۆكایەتی دادگای تەمییزی عێراقی بۆ برازاكەی و هاوسەرەكەی بۆ دیاریكردووە، هەروەها سكرتاریەتی سەرۆكایەتی كۆماری خستەوەتە خزمەتی ئەو كۆمپانیایە بۆ ئەوەی نوسراوی كۆمپانیای " خیرات المنافع" رادەستی وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی عێراق بكرێت لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا، لەبەرئەوەی ئەو رەفتارانە پێچەوانەی بنەماكان و كاروانی خەباتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بنەماكانی دیموكراتیەت و دەستور و یاساكانی عێراقن، هەروەها لادانە لە كاروانی فەخامەتی سەرۆك كۆماری پێشوو خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی، لەبەرئەوە داوا لە بەڕێزتان دەكەین وەرنە ناو كێشەكە و رێگە لە سەرۆك كۆمار و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان " فوئاد مەعسوم" بگرن كە پۆستەكەی بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكاربهێنێت و رێگەی مەدەن دەستوەربداتە دەسەڵاتی دادوەری بۆئەوەی دۆسییەكە رێڕەوی ئاسایی و یاسایی خۆی وەربگرێت.
لەگەڵ رێز و سوپاسی زۆرمان
كۆمپانیای ( MBJ Indstise )
1/5/ 2018