كوردو سوننە خۆیان پیاو خراپ ناكەن
2020-04-06 19:27:02
راپۆرتی: درەو
ڕەنگە هێزە شیعییەكانی نەیاری (عەدنان زورفی) لەنێوان خراپو خراپتردا، بەناچاری هانایان بۆ خراپەكە بردبێتەوە. پێشئەوەی ناوی (محەمەد عەلاویو عەدنان زورفی) بێتە ناو ناوانەوە، (مستەفا كازمی) چانسێكی بەهێزی بوو بۆ ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام هەندێك لەهێزە شیعییەكان بەتوندی ڕەتیانكردەوەو، بەدەستكەلای ئەمریكایان ناوبرد. كە (عەلاوی) شكستهێناو (زورفی) هاتە پێشەوە، جارێكی تر هانایان بۆ (كازمی) بردەوە.
لەوەناچێت (كازمی) ئەمجارە بەنرخێكی هەرزان بچێتەوە بەردەستیان، وەك دەوترێت هێشتا ڕەزامەندی پیشاننەداوەو، لیستێك مەرجیشی بۆ هێزە شیعییەكان ڕیزكردووە، چونكە ترسی هەیە هێنانەوە پێشەوەی ناوەكەی تەنها بۆ شكستپێهێنانی (زورفی)بێو، دواتر كەسێكی تر كاندیدبكەن، یان عادل عەبدولمەهدی لەشوێنی خۆی بهێڵنەوە.
بەرەی دژە زورفی ڕێككەوتن
دوای چەند ڕۆژێك لەكۆبونەوەو دانوستانی بەردەوام، هێزە شیعییە نەیارەكانی (عەدنان زورفی) ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، گەیشتنە رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق، بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، ڕێككەوتنە دوای ئەوە هاتووە، شەوی ڕابردوو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح"و نوری مالیكی سەرۆكی "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا"و عەمار حەكیم سەرۆكی "ڕەوتی حیكمە" لەشاری بەغداد كۆبونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ترسی جدییان هەبووە لەوەی (زورفی) بتوانێت لەڕێی ئەو پشتیوانییەی لەلایەن بەشێكی بەرچاو لە پەرلەمانتارانەوە لێدەكرێت، كابینەكەی لەدەرەوەی خواستی ئەوان لەپەرلەمان تێپەڕێنێت.
سەركردەیەك لە هاوپەیمانی "فەتح" لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعرەبی ئەلجەدید" ئاماژەی بەوەداوە: محەمەد یەعقوبی سەرۆكی حزبی"فەزیلە"و فالح فەیاز سەرۆكی هاوپەیمانی "عەقد" یش، بەشێكن لەو ڕێككەوتنەی (عامریو مالیكیو حەكیم) ئەنجامیداوەو، ڕەزامەندییان پیشانداوە لەسەر كاندیدكردنی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق لەشوێنی زورفی.
ڕوونیشكردووەتەوە: هاوپەیمانی "نەسر" بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ڕەتیكردووەتەوە بەشداری ئەو ڕێككەوتنەبكات، نوری مالیكی_یش مەرجی ئەوەی هەیە (كازمیی) لەلایەن زۆرینەی شیعەكانەوە پشتیوانی بكرێت، بۆ ئەوەی پشتگیری بكات.
كوردوسوننەو سەدر لەناوەڕاستدا وەستاون
سەركردەكەی هاوپەیمانی "فەتح" ئەوەشی ئاشكراكردووە: موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، جەختی كردووە كەهیچ تێبینییەكی نییە لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمیی)، بەڵام بەدوو مەرج:
یەكەم: ڕێككەوتنی هەمووان (شیعەكان) لەسەر پشتیوانیكردنی.
دووەم: هێزە سیاسییەكان بەشێوەیەكی ڕەسمی پشتیوانی ئەو كاندیدكردنەكەبكەن.
سەدر ئەوەشی بەهێزە سیاسییەكان ڕاگەیاندووە: هاوپەیمانی "سائیرون" بەشداری دانیشتنی متمانەدان بەزورفی دەكاتو، ئەگەر زورفی توانی نیساب تەواو بكات، ئەوا "سائیرون" دەنگ بۆ متمانەدان بە كابینەی حكومەتەكەی دەدات.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، ئەو هێزە شیعییانەی لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمیی) ڕێككەوتوون، پەیوەندییان بە هێزە كوردیو سونییەكانەوە كردووەو، ئەوانیش لای خۆیانەوە پشتیوانیان بۆ هەر بڕیارێك دەربڕیوە كەزۆرینەی سیاسی شیعەكان لەسەری ڕێكبەكەون، چونكە ئەو پۆستە بەپێی عورفی سیاسی لە پشكی پێكهاتەی شیعەیە.
وەك دەوترێت ئێستا بەرەی نەیاری چاوەڕێن، (عەدنان زورفی)بكشێتەوە یان لەپەرلەمان شكستبهێنێت، بۆ ئەوەی بەنوسراوی فەرمی كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) پێشكەش بە سەرۆك كۆمار بكەن.
پێشتر كاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییەكانو گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە بە توندی ڕەتكرایەوە، لەو گفتوگۆیانەی پێش ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاویو عەدنان زورفی لەنێوان هێزە شیعییەكاندا بەڕێوەچوو.
كازمی.. كاندیدی ناچاری!
پێدەچێت ترس لەدەرچوونی زورفی وای لەهێزە شیعییەكان كردبێت بە كازمی ڕازیبن، لەبەرامبەردا هەندێك لەسەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، كازمی ئەمجارە مەرجی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكەو تائێستا ڕەزامەندی پیشان نەداوە:
مەرجەكانی كازمی:
یەكەم: پێدانی دەرفەتی تەواو بە عەدنان زورفی لەهەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت.
دووەم: دەربڕینی ڕەزامەندی هێزە شیعییەكان بە نوسراوی فەرمی سەبارەت بە ڕاسپاردنی.
سێیەم: دەستوەرنەدان لە پێكهێنانی حكومەتەكەتو پرۆگرامی حكومەتەكەی.
چوارەم: ئازادی تەواوی هەبێت لە هەڵبژاردنی وەزیرو پۆستەكانی تر. ئەوەش بەو مانایەی كاندیدكردنی كازمی پێویستی بە ڕەزامەندی ڕای كوردو سونەیە كە پێشتر محەمەد تۆفیق عەلاوی_یان ڕەتكردەوە بەهۆی پێداگری لە دیاریكردنی وەزیرەكانی بەبێ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییەكان.
هەر لەم میانەدا، سایتی "موازین" لەزاری سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانەوە بڵاویكردووەتەوە: مستەفا كازمی كۆمەڵێك مەرجی دیاریكردووە لەبەرامبەر دەربڕینی ڕەزامەندی بە ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، چونكە كازمی ترسی هەیە ناوەكەی بۆ یاری سیاسی كێش بكرێتە ناو گۆڕەپانەكە بۆ شكستپێهێنانی عەدنان زورفیو، دواتر دەستنیشانكردنی كاندیدێكی تر یان هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی.
كوتلەكەی زورفی گەشبینە
ئەحمەد حەمەدانی، سەركردە لە هاوپەیمانی "نەسر" دەڵێت: عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ئەوەی لەسەربوو كۆتایی پێهێناوە، پێكهاتەی كابینەی حكومەتەكەی تەواوكردووە، ئێستا چاوەڕێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ پێدانی متمانە بە حكومەتەكەی.
حەمەدانی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە: تائێستا زورفی چانسی باشەو پشتیوانییەكی پەرلەمانیی گەورەی هەیە، ڕێككەوتنی نەیارەكانیشی لەسەر كاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، كاریگەری لەسەر چانسی زورفی نابێت، چونكە چانسی زورفی پشتی بە پەرلەمانتاران بەستووە.
جەختیشكردووە: زورفی بەنیاز نییە بكشێتەوە، بەڵكو ئەو پێداگرە لەسەر پێكهێنانی حكومەتەكەیو بەدیهێنانی داواكاری چاكسازیو گۆڕانكاری، دوای بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان، گفتوگۆكانیشی بەردەوامە لەگەڵ پەرلەمانتارانو، كوتلە شیعیوسونیو كوردییەكان پشتیوانی دەكەن.