Draw Media

كوردو سوننە نەریتی سیاسی لەعێراق دەشكێنن؟

كوردو سوننە نەریتی سیاسی لەعێراق دەشكێنن؟

2020-04-04 15:42:49


راپۆرتی: درەو
بەرەی ڕەتكەرەوەی (عەدنان زورفی) گرەو لەسەر نەگۆڕیی نەریتی سیاسی دەكەن لەعێراق، ئەو نەریتەی پایەكی گرنگی پشكێنەیەو پرۆسەی سیاسی لەسەر بنیاتنراوە. ئەوان لەو بڕوایەدان كوردو سوننە سەركێشی شكاندنی ناكەن‌و خۆیان ناكەن بە بەشێك لەكێشەكانی ناوماڵی شیعە، وێڕایی فشاری ژێر بەژێری تاران كە بەردەوام كاریگەری هەبووە لەیەكلاكردنەوەی هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق.
لەبەرامبەردا (زورفی)یش، هاوشانی پشتیوانیكردنی لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییەكانەوە، گرەو لەسەر هاوڕێیەتی‌و نزیكایەتی دەكات لەپەرلەمانتاران، بەوپێیەی خۆی پەرلەمانتارەو پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ زۆرێكیان، ئەوەش وەك دەوترێت ڕۆڵی دیارهەبووەو، توانیویەتی قەناعەت بە هەندێكیان بكات، تەنانەت بە پێچەوانەی ڕای هێزە سیاسییەكانیشیان متمانەی پێدەن.
وێڕایی بەردەوامی ناكۆكییەكان‌و شكستهێنانی هەوڵەكانی بۆ ڕازیكردنی ئەو هێزە سیاسییانەی ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە‌و، پێش تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە دەستورییەی لەبەردەمیدایە بۆ پێشكەشەكردنی كابینەی حكومەتەكەی كە كەمتر لە دوو هەفتەی ماوە، ئەمڕۆ (عەدنان زورفی) سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو پرۆگرامی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كرد.


پرۆگرامی زورفی
پرۆگرامی حكومەتەكەی زورفی كۆمەڵێك خاڵ‌و بڕگەی گرنگی تێدایە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای عێراق كە دیارترینیان ئەمان:
 + ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەماوەیەك  كە  سالێك تێپەڕنەكات.
+ پاراستنی خۆپیشاندەران‌و جێبەجێكردنی داواكارییە ڕەواكانیان‌و لێپرسینەوە لەبكوژانی خۆپیشاندەران‌و هێزە ئەمنییەكان‌و ڕادەستكردنیان بە دادگا. 
+  ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو تەرخانكردنی بودجەیەكی گونجاو بۆ بنبڕكردنی.
+ پەلەكردن لە تەواوكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2020و تێپەڕاندنی لەپەرلەمان.
+ كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان بۆ چارەسەكردنی كورتهێنانی دارایی كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە. 
+ هێشتنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت‌و كردنەدەرەوەی هێزی چەكدار لەشارەكان‌و كۆتایهێنان بە دیاردەی چەكداری تێیاندا.
+  چارەسەركردنی دۆسیەی ئاوارەكان‌و كاركردن بۆ گێڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
+ ئەنجامدانی چاكسازی لەوەزارەت‌و دامەزراوەكانی حكومەت.
+ زورفی ئەمجارە حەشدی شەعبی لەبیرنەكردو، لە پرۆگرامی حكومەتەكەیدا جۆرێك لەدڵنیای دانێ‌‌و بەڵێندا، هەوڵ بۆ بەهێزكردنی تواناكانیان بدات‌و، ڕێگە بگرێت لەهەر كردنە ئامانجێكی دەرەكی عێراق.
تۆپەكەی هەڵدایە پەرلەمان
بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانی عێراق، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازە داوا لەپەرلەمانی پەرلەمان بكات لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبونەوەیەك ڕێكبخات بەمەبەستی دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی. گرەوی (زورفی) لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین پەرلەمانتارە لەو كوتلانەی كە ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە، بەوپێیەی خۆی پەرلەمانتارەو هاوڕێیەكی نزیكیانە.
نوسینگەی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە سەرۆكی پەرلەمان كارنامەی وزاری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بەدەست گەیشتوووە. 


زۆرینەی پێویستی كۆكردووەتەوە
(نەدا شاكر جەودەت) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسر" كە كوتلەكەی(زورفی)یە لەپەرلەمان،  لەلێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە: زورفی توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت‌و، پێشبینی دەكەن لەم هەفتەیەدا پەرلەمان كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی حكومەتەكەی.
لای خۆیەوە، بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق لەتویتێكدا دەڵێت: ئاماژە نوێكان دەریدەخەن، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو زۆرینەی پێویست بۆ تێپەڕاندنی كابینەی بەدەست دەهێنێت هەر كات ئەنجومەنی نوێنەران توانی دانیشتنێكی تایبەت بۆ پێدانی متمانە بە حكومەت ڕێكبخات لەماوەی دەستوریی دیاریكراودا.
ئاماژەی بەوەشداوە: هەندێك لەو كوتلانەی لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتیانەن كە ڕاسپاردنی (زورفی) ڕەتدەكەنەوە، دانوستانكاری لاوەكی دەنێرێن بۆ زانینی پشكیان لەحكومەتی داهاتوو.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان ئەوەی وایكردووە، (زورفی) بەو شێوە چاوەڕواننەكراوە بەرنامەی حكومەتەكەی ڕەوانەی پەرلەمان بكات، دوو هۆكارن:
 یەكەمیان: جوڵاندنی پرسی نایاسایبونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەڕاسپاردنی (زورفی)لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دوێنێ‌ هەینی سەرۆكایەتی كۆمار مەرسومی  دامەزراندنی ئەو دادوەرەی كشاندەوە كە نیسابی یاسایی بڕیارەكەی دادگای تەواوكرد. 
 دووەمیشیان: دەنگۆی بەهێز هەیە (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەسەردانەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوویدا بۆ بەغدادو كۆبونەوەی لەگەڵ هێزە شیعییەكان سەركەوتوو نەبووەو نەیتوانیوە هەڵوێستی هێزە شیعییەكان یەكبخات، ئەمەش گوڕێكی باشیداوە بە (زورفی) بۆ جوڵەكردن‌و دەرفەتی تێپەڕاندنی حكومەتەكەی زیاتر كردووە. 

لەلایەكی ترەوە زورفی پشتیوانی ئەمریكای بۆ خۆی مسۆگەركردووەو  ئەمریكا دەیەوێت كابینەكەی زورفی تێپەڕێت و كۆتایی بە پرسی كابینەی نوێی حكومەت بهێنێت و لەوێوە عێراق لە چنگی ئێران دەربهێنێت


گرەوەكە لەسەر هەڵوێستی كوردو سونەیە
ئەوە لەكاتێكدایە، هێزە نزیكەكانی  ئێران، بەدیاریكراوی هاوپەیمانی"فەتح"و"ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا" تائێستا بەتوندی دژی ڕاسپاردنی (زورفی)ین‌و، پێداگریدەكەن لەسەر كشانەوەی یان شكستپێهێنانی لەپەرلەمان. 
(عامر فایز) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" ئەمڕۆ شەممە لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: كوتلە شیعییەكان دابەشبوون لەنێوان ڕەتكردنەوەو پەسەندكردنی ( زورفی)، ئەو دابەشبوونەش دیمەنەكە ئاڵۆزتر دەكات‌و تێپەڕاندنی كابینەی (زورفی) قورس دەكات، ئەگەر ئەوە بەهەند وەربگرین كە كوتلە سونیی‌و كوردییەكان پێشێلی عورفی سیاسی قبوڵنەكەن، كە تەئكید لەسەر پێویستی ناونانی سەرۆك وەزیران دەكات لەلایەن  گەورەترین كوتلەی پەرلەمانەوە.


گروپە چەكدارەكان هەڕەشە دەكەن
هەر لەچوارچێوەی ململانێكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا، 8 گروپی چەكدار ( عەسائیبی ئەهلی حەق، كەتائیبی سەید ئەلشوهەدا، حەرەكەی ئەوفیا، حەرەكەی جوندولئیمام، حەرەكەی نوجەبا، كەتائیبی ئیمام عەلی، سەرایای عاشورا، سەرایای خۆراسانی) كە خۆیان بە بەرەی (مقاوەمە) ناوبردووە لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا، (عەدنان زورفی)یان بە بەكرێگیراو و، كاندیدی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ناوبردووەو، بەهەموو شێوەیەك تێپەڕاندنیانی حومەتەكەیان ڕەتكردووەتەوە، هۆشداریشیان داوە بە سەرۆك كۆماری عێراق بەوپێیەی بەراسپاردنی ناوبراو پێشێلی داواكاری خۆپیشاندەران‌و ڕێنماییەكانی مەرجەعەیەتی كردووە‌و، ئاشتی كۆمەڵایەتی خستووەتە مەترسییەوە. هاوكات ئیدانەی ئەو  پەرلەمانتارانەشیان كردووە كە پشتیوانی (زورفی) دەكەن، بەپێویستیان زانیوە داوای لێبوردن بكەن لەو هەڵەیەی كردوویانە.   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand