هۆكاری پشتی بڕیارە توندەكەی وەزارەتی ناوخۆ
2020-04-03 22:25:31
درەو:
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنی قەدەغەی هاتوچۆی بۆ توندترین ئاست بەرزكردەوە، ماركێت و نانەواخانەكانیش دادەخرێن، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) هۆكاری بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەركەوتنی ئەنجامێكی نوێی پشكنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە .
ئەمشەو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ بەرزترین ئاستی خۆی توند كردەوە، تا ڕادەی داخستنی ماركێت و نانەواخانەكان بۆ ماوەی (48) كاتژمێری داهاتوو.
ئەم رێوشوێنە نوێیەی وەزارەتی ناوخۆ ئەمشەو بووە هۆی درووستبونی قەرەباڵغی لەناو دوكان و ماركێتەكان و بەرزبونەوەی نرخی هەندێك كاڵاو كەلوپەل.
بڕایارەكەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە هات ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی چەند جارێك و لە چەند كاتێكی جیادا لیستی توشبوانی كۆرۆنای بڵاوكردەوە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) هۆكاری سەرەكی پشت بڕیارە توندەكەی ئەمشەوی وەزارەتی ناوخۆ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تیمێكی تایبەتی تەندروستی بەشێوەی هەڕەمەكەی لە بازاڕو شوێنە گشتیەكاندا سامپڵیان لەناو خەڵكو ئەو كەسانەدا وەرگرتووە لەدەرەوەی بازنەی توشبوان و بەركەوتەی توشبوان خەڵكانێكی زۆر هەن توشی كۆرۆنا بوون، ئەم سامپڵە نوێیە بەرپرسانی نیگەران كردووە لەوەی بازنەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی هەندێك لە وڵاتانی رۆژئاوا هێندە فراوان بێت كە توانای كۆنترۆڵكردنیان نەمێنێت.
بەرپرسانی هەرێم هەستیان بەوە كردووە كە ئاستی پابەند بوون بە رێنماییەكان كەمیكردووەو جموجوڵی پیادەڕۆ لە شەقامەكان زیادی كردووە، مەترسیان هەیە كە ئەمە ببێتە هۆی گواستنەوەی تیمی پێشەوەی شەڕی روبەروبونەوەی كۆرۆنا كە پێكهاتوون لە ( هێزە ئەمنیەكان و كارمەندانی تەندروستی) .
بەپێی دوایین ئاماری رەسمی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە هەرێمیك وردستان بەم شێوەیەیە:
كۆی ژمارەی توشبوان: 214
ژمارەی مردوان: 2
ژمارەی چاكبوان: 74
ژمارەی مانەوە لە نەخۆشخانە: 138
رێژەی مردن: 1%
رێژەی چاكبون: 35%
كۆرۆنا لە ئاستی جیهاندا
كۆی ژمارەی توشبوان: 1,095,208
ژمارەی مردوان: 58,795
ژمارەی چاكبوان: 228,118