عەدنان زورفی ڕووبەڕووی كێشەی یاسایی دەبێتەوە
2020-04-03 21:04:45
راپۆرتی: درەو
چاوەڕواندەكرێت لەچەند كاتژمێری داهاتوودا هەموو ڕیسە سیاسییەكە لەعێراق ببێتەوە بەخوریو ململانێكان بگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. ڕۆژی هەینی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڕیاریدا بەكشاندنەوەی مەرسومی سەرۆكایەتی تایبەت بەدامەزراندنی دادوەر (محەمەد كوبەیسی) وەك ئەندامێكی ڕەسەن لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق. كشاندنەوەی مەرسومەكە لەسەر بنەمای پەسەندكردنی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بوو لەسەر بڕیارێكی دادگای بەرایی كەرخ كە فەرمانیدا بەنادەستوری بوونی مەرسومەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكایەتی كۆمار كرد.
لەبەیاننامەكەدا،كە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاویكردووەتەوە، هاتووە: جارێكی تر ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوا لەئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ پەلەكردن لە دارشتنی دەقێكی جێگرەوە بۆ چارەسەكردنی بۆشایی دەستوریو یاسایی بەهۆی نەبوونی دادگایەك نیسابی یاسای تەواوبێت، پەنای بۆ ببرێت لە ململانێ دەستوریو یاساییەكاندا.
نیساب تەواو نەبووە
بەپێی مادەی 3 لەیاسای ژمارە 30 ساڵی 2005 نیسابی یاسایی بۆ بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە 9دادوەر تەواودەبێت، بەڵام بەكشاندنەوەی مەرسومی دامەزراندنی ئەو دادوەرە، نیسابی یاسایی لە یاسایبونی ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە كێشەی تێدەكەوێت.
(بەرهەم ساڵح ) سەرۆك كۆماری عێراق، پێش ئەوەی (عەدنان زورفی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ڕابسپێرێت، ڕۆژی 16/3/2020 نامەیەكی ئاراستەی دادگای باڵای فیدراڵی كرد، سەبارەت بە یاسایی بوونی ئەو هەنگاوەی ناویەتی كە بەبێ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییەكان (زورفی) ڕاسپاردووە، لەبەرامبەردا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێك وەڵامی سەرۆك كۆماری دایەوە كە ئەوە لەدەسەڵاتەكانی خۆیەتیو هیچ پێشێلكارییەكەی یاسایی تێدانییە.
سەرۆك كۆمار ناچارە پاشگەزبێتەوە
بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە ڕۆژی 17ی مانگی ئازاری ڕابردوو دەرچوو، ئیمزای 9 دادوەری لەسەربوو، یەكێك لەو دادوەرانە (محەمەد كوبەیسی)بوو، كە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەئێستادا مەرسومی دامەزراندنەكەی كشاندووەتەوە، كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات. بەوپێیەی كێشەی یاسایی بۆ مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی) دروستدەكاتو ڕەنگە لەچەند كاتژمێری داهاتوودا سەرۆك كۆماری عێراق ناچاربێت مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی)یش بكشێنێتەوە.
پێشتریش، بڕیارەكە مشتومڕێكی توندی دروستكرد لەنێوان دادگای باڵای فیدراڵیو ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، (فائق زێدان) سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند: مافی ڕاسپاردنی كاندید بەبێ ڕەزامەندی ئەو كوتلەیەی كاندیدی كردووە، بەهیچ جۆرێك ناگوێزرێتەوە بۆ سەرۆك كۆمار، چونكە ئەو شرۆڤەیە هەڵەیە بەتایبەت لەدادگایەكەوە دەرچووە، كە نیسابی یاسایی تەواو نییە.
نەیارەكانی زورفی هەڕەشە دەكەن
(محەمەد غەبان) سەرۆكی كوتلەی "فەتح" لەپەرلەمانی عێراق، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك هۆشداریداوەتە (بەرهەم ساڵح) و دەڵێت:"ئەگەر سەرۆك كۆمار مەرسومی ڕاسپاردنی عەدنان زورفی نەكشێنێتەوە ناچار دەبین بە ئاشكراكردنو خستنەڕووی ئەو بەڵگەنامانەی دەریدەخات دەستور پێشێلكراوەو بەتاڵی پرۆسەی ڕاسپاردنەكە دەسەلمێنێت".
پێشتریش (غەبان) ئاماژەی بە بڕیاری دەستەی گشتی دادگای تەمیزی فیدراڵی كردبوو لە 17/3/2020و، پاڵپشت بەو بنەما یاساییەی دەڵێت، ئەوەی لەسەر بەتاڵ بنیاتبنرێت بەتاڵە، داوای لەسەرۆك كۆمار كرد مەرسومی تایبەت بە ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) هەڵبوەشێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەر هەوڵێك بۆ خۆدزینەوە لەو بڕیارە تێناپەڕێو بەپێچەوانەی ئەوە پێشێلكارییە دەستورییەكان ئاشكرادەكەن كە لەو ڕێیەوە پرۆسەی ڕاسپاردنەكە ئەنجامدراوە.
لێكەوتەكانی كشانەوەی مەرسومەكە
(عەدنان شەریفی) پسپۆڕی یاسایی لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "موازین" دیارترین لێكەوتەكانی كشاندنەوەی مەرسومی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق تایبەت بەدامەزاردنی ئەو دادوەرە وەك ئەندامێكی ڕەسەن لەدادگای فیدراڵی لەچەند خاڵێكدا دەستنیشانكردووە:
1-وەستانی تەواوەتی دادگای فیدراڵی لە ئەنجامدانی كارەكانی بەوپێیەی دوای كشانەوەی مەرسومی سەرۆكایەتی كۆمار نیسابی یاسایی دادگاكە تەواونابێت بۆ بڕیاردان.
2- سەرۆكایەتی كۆمار وەڵامی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵیو نامەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوەتەوە كە بڕیاری دامەزراندنی دادوەر (محەمەد كوبەیسی) بە نایاسایی داناوە، بەوپێیەی ئەو دادوەرە ڕەوانەی خانەنشینی كراوەو مافەكانی تایبەت بە خانەنشینی وەرگرتووە، بەوەش هەر بڕیارێك كە لەدادگای فیدراڵییەوە دەرچووە بە بەتاڵ ئەژمار دەكرێت.
3- لەسەر ئەوبنەمایەش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆك كۆمار بۆ ڕاسپاردنی كەسایەتییەك بۆ پێكهێنانی حكومەت نایاساییەوەو، ڕەنگە ناچاربێت پەنا بۆ كشاندنەوەی ڕاسپاردنەكەی بەرێت.
4- دەسەڵاتی دادوەری لەحاڵەتی بۆشایی دەستوریدایەو پێویستە لەسەر ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەكی جێگرەوە بۆ مادەی 3 لەیاسای دادگای فیدراڵی دەربكات كە دادگا هەڵیوەشاندەوە بەهۆی نادەستوری بوونی، كە مافی خۆ كاندیدكردنی بۆ ئەندامێتی دادگاكە داوە بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریو پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە.
5- ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەتوانێت چارەسەری ئەو كێشەیەبكاتو وڵات ڕزگاربكات لەو بۆشاییە مەترسیدارە بە دەركردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینكردنی ئەو دادوەرە لەسەر داوای دادگای فیدراڵی بەوپێیەی دادوەری یەدەگەو بەوپێیەش دەبێت هەموو ئەو پاداشتانەی كۆتایی خزمەت وەریگرتووە بیگێڕێتەوە، چونكە یاسای دادگای فیدراڵی تەمەنی ئەندامانی دادگاكەی دیارینەكردووە.
بە بۆچوونی ئاگایانی دۆخی عێراق، سیناریۆی نزیك ئەوەیە، بەمنزیكانە هەندێك هێزی سیاسی لەدادگای بەرایی سكاڵایەك تۆماردەكەن لەسەر ئەو بنەمایەی ئەو مەرسومەی (زروفی)لەسەر ڕاسپێردراوە، لەئاكامی بڕیارێكی پێچەوانەی یاسا سەرچاوەی گرتووە لە دادگای فیدراڵی بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی. دادگای بەرایی_یش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی) دەردەكات، سەرۆك كۆماریش بەناچاری مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی) دەكشێنێتەوە، بەوەش هەنگاوە سیاسییەكان دەگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەكەمو، جارێكی تر ڕاسپاردنی كاندیدو پرسی گەورەترین كوتلە دێتەوە پێشەوە.