موچە 45 رۆژ یان 60 رۆژ جارێك دابەشبكرێت
2020-04-01 21:12:39
راپۆرتی: درەو
راپۆرتێكی نهێنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاماژە بەوە دەكات بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت و دابەشكردنی موچە لە رۆژ45 تا 60 رۆژ دوابخرێت، لەبەر ئەوەی داهاتی مانگی چوار تەنها (520ملیۆن) دۆلارەو (419) ملیۆن دۆلار لەدەستدراوە.
بەپێی پەیپەرێكی ئامادەكراوی كە لەلایەن تیمێكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادەكراوەو ناوەڕۆكەكەی لەبەردەستی (درەو)دایە، كۆمەڵێك پێشنیاز دەخاتە بەردەست حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرباز بوون لەو بارودۆخەكەی كە ئێستا روبەروی حكومەت بۆتەوە بەتایبەتیش بۆ موچەی مانگی داهاتوو كە لە ناوەڕاستی مانگی چواردا دابەشدەكرێت.
پەیپەرەكە باس لە داهاتی خەمڵێنراوی مانگی چوار دەكات كە لە كۆی ( 939) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (520 ملیۆن) دۆلار كەمیكردەوە كە بەم شێوەیەیە:.
- داهاتی نەوتی هەرێم كە رۆژانە ( 435) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت و داهاتی مانگێكی فرۆشی نەوت بە (20)دۆلار بۆ هەربەرمیلێك دەكاتە ( 261 ملیۆن) دۆلار، لەم بڕە:
- 60 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت
- 30 ملیۆن دۆلار بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت
- 50 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی توركیا
- 120 ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%) بۆ كۆمپانیای بەرهەمهێن دەچێت كەواتا هەرێم لە مانگی (4) تەنها (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە لە فرۆشی نەوتی هەرێم.
- داهاتی ناوخۆ بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی (4) تەنها (60ملیۆن) دۆلار دەرێت
- ئەگەر بەغداد بۆ مانگی (4) پارە وەكو خۆی بنێرێت (383 ملیۆن) دۆلار.
- 17 ملیۆن دۆلار هاوكاری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی
- كۆی گشتی داهاتی خەمڵێنراو بۆ مانگی (4) دەكاتە (520 ملیۆن) دۆلار.
- ئەگەر بەراوردی داهاتی مانگی (1) بە مانگی (4 ) بكەین لە داهاتی ناوخۆ و فرۆشی نەوتی هەرێم (419ملیۆن) دۆلار لەدەستدراوە.
پێشنیاز بۆ موچەی مانگی چوار (كە موچەی مانگی یەكە):
لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی كردووە كە لە مانگی (4) كە داهاتی گشتی (520) ملیۆن دۆلار دەبێت(475 ملیۆن) دۆلاری بۆ موچە تەرخانبكرێت كە خۆی پێویستی بە(755 ملیۆن) دۆلار هەیە و (45 ملیۆن) دۆلاریش بۆ میزانیەی تەشغیلی بێت.
لیژنەكە 3 پێشنیازی كردووە:-
پێشنیازی یەكەم: بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت ( بۆیە لە راگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لەوە كرایە كە دەستكاری موچە ناكرێت) چونكە یاسای چاكسازی ئامادە نیەو پارەیەكی زۆریشمان بۆ ناگەڕێتەوەو موچە لە ماوەی (30 )رۆژدا دابەش نەكرێت بەڵكو (45) رۆژ یان (60) رۆژ جارێك بێت
پێشنیازی دووەم:
ئێمە مانگانە پێویستمان بە (755 ملیۆن) دۆلار هەیە بۆ موچە بەڵام ئێستا (475 ملیۆن) دۆلارمان بۆ دابیندەكرێت كەواتە دەبێت (279 ملیۆن) دۆلار كەمبكرێتەوە لە موچەی مانگی (4) كە دەكاتە (37%)ی كۆی گشتی موچە وە دیاری بكەین زۆترین موچە (3) ملیۆن دینار بێت و كەمترین موچەش (250 هەزار) دینار بێت لە شارستانی سەربازی ەوە موچەی خانەنشینی (60 ) رۆژ جارێك موچەیان پێبردرێت چونكە ناتوانین بە پێی یاسا موچەكانیان كەمبكەینەوە.
پێشنیازی سێیەم:
- هەموو (30) رۆژ جارێك موچە بدەین بەم شێوەیە:
- یەكەم: تەواوی موچەی بنەڕەتی (50%)ی دەرماڵەی بنەرەتی و خێزان و منداڵ بدەین
- دووەم: (50%) دەرماڵەی ترسناكی بۆ ئەو كەسانەی كە بەكردەیی لە كەرتی سەربازی و ئەمنی كاردەكەن بدەین