Draw Media

قەدەغەی بانگەشە لەناو هێزە ئەمنیەكاندا

قەدەغەی بانگەشە لەناو هێزە ئەمنیەكاندا

2018-05-01 14:24:39



بانگەشەی كاندیدەكان گوازراوەتەوە ناو هێزە ئەمنیەكان، لە كاتێكدا یاساكانی كۆمسیۆن هەموو جۆرە بانگەشەیەك قەدەغە دەكات لەناو هێزە ئەمنیەكاندا، بەو پێیەی هێزە ئەمنی و سەربازیەكان بەشێكی زۆری دەنگدەران پێكدەهێنن، لە عێراق هەمیشە لیستی سەرۆك وەزیران كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، دەنگی زۆرتری ناو هێزە ئەمنیەكانی بۆخۆی بردووە،بەو پێیەی پێگەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی لەناو هێزەكاندا بەكارهێناوە، لە هەرێمی كوردستانیش هێزەكان بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەشبوون و رێكخستنی حیزبیان لەناو هێزەكاندا هەیەو لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا، فەرماندە سەربازیەكان كاندیداكان دەبەنە ناو هێزەكان و بە ئاشكرا بانگەشی تیادا دەكەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین وێنەی بانگەشەكارانی لیستەكان لەناو هێزە ئەمنی و سەربازیەكاندا بڵاوبۆوەو فەرماندەكان سەربازەكانیان لەبەردەم كاندیداكان ریز دەكرد تا كاندیداكان بەڵێنەكانیان بۆ هەڵڕێژن، بەڵام هێزەكان هەربیریان لای گیرفانە بەتاڵەكانیانە كە لە چوارساڵی رابردوودا شەڕی داعشیان پێكراو موچەشیان بڕاو هەیبەتیشیان شكێنرا.
  بەپێی "سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ژمارە 11ی ساڵی 2018" كە رۆژی 19/2/2018 لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراوە و خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەموو جۆرە بانگەشەیەك لەناو هێزە ئەمنیەكاندا قەدەغەدەكات و تیایدا هاتووە: 
• بەكارهێنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دەسەڵاتە خۆجێییەكان و سەرچاوەكانی دەوڵەت لەلایەن كارمەندەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی یان هەر كاندیدێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران، بەتەواوی  دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكانیشەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بە پێی بڕگەی ج لە مادەی نۆیەمی دەستوری عێراقیدا بانگەشە لەناو هێزە ئەمنیەكان قەدەغە دەكات و تیایدا هاتووە:  نابێت هێزە چەكدارەكانی عێراق و ئەوانەی لەو بوارەدا كار دەكەن بەو سەربازانەشەوە كە لە وەزارەتی بەرگرین یان كارمەندانی هەر فەرمانگەو ڕێكخراوێكی سەر بەو مەیدانەن، لە هەڵبژاردنەكاندا خۆیان بپاڵێون بۆ وەرگرتنی پۆستی سیاسی، وە نابێت هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەنجام بدەن لەبەرژەوەندی پالێوراوان، هەروەها نابێت بەشداری بكەن لە هەر كارێكی دیكەدا كە وەزارەتی بەرگری قەدەغەی بكات، ئەو كەسانە نابێت هەستن بەو كارانە بە ناوی كەسایەتی خۆیان یان پۆستەكەیانەوە بێت، بە بێ‌ ئەوەی مافی دەنگدانیان بفەوتێت.
هەڵمەتی بانگەشە لەناو هێزە ئەمنیەكاندا بەشێكی ترسە لەوەی هێزە ئەمنیەكان دەنگ بەو حیزبانە نەدەنەوە لەبەر ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا هێزە ئەمنیەكان روبەرووی زۆرترین نەهامەتی بونەتەوەو موچەكانیان دواخراوەو بڕاوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand