ئیسرائیل ئامانجی كێشكردنی ئێرانە بۆ شەڕێكی یەكلاكەرەوە
2018-05-01 13:26:01
راپۆرتی: ئارام مەحمود
نیوە شەوی یەكشەممەی ڕابردوو، جارێكی تر چەند بارەگایەكی سەربازی لە شاری حەما و حەلەبی سوریا كرانە ئامانج ، دوای هێرشەكە ئاژانسی (سانا)ی سوری لە هەواڵێكی بەپەلەدا كوژرانی 8 كەسی لەئاكامی ئەو بۆردومانە ڕاگەیاند، كە ئەنجامدەرەكەی بەلایەنێكی نادیار ناوبرد، ڕۆژنامەی (ئەخبار)ی لوبنانیش كە یەكێكە لەو میدیایانەی لەسەر ئێران ئەژمار دەكرێت، بۆردومانەكەی بە دوژمنكارییەكی تر بۆ سەر ئێران وەسفكرد، هاوكات ئاژانسی (ئیسنا)ی، ئێرانیش هەواڵەكەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: لە هێرشەكەدا 18 ئێرانی كوژراون.
بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر میدیاكانی ئێران لەزاری بەرپرسێكی باڵای وڵاتەكەیانەوە هەواڵەكەیان ڕەتكردەوە و ڕایانگەیاند: لە هێرشەكەدا هیچ سەربازگەیەكی ئێران نەكراوەتە ئامانج و هیچ سەربازێكی سوپای ئێرانیش نەكوژراوە.
بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی ئاگادار، بۆردومانەكە ئەوەندە بەهێز بووە وەك ئەوەبووە بومەلەرزەیەكی بەهێز لە ناوچەكەی دابێت كە چەندین تەقینەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، جیاوازی بۆردومانی ئەمجارە، كردنە دوو ئامانجی سەربازی لە یەككاتدا كە یەكەمیان لیوای 47 و دووەمیشان فڕۆكەخانەی (نەیرەب) لە حەلەب.
بەپێی زانیاریانەی دزەپێكراوەكان، ئەو شوێنانەی كراونەتە ئامانج عەمباری چەك و تەقەمەنی و موشەكی زەمین بەزەمین بووە و كە بەشێكیان سوپای سوریا و بەشەكی تریشان چەكداری سەربە ئێرانی تیادابووە، لەگەڵ ئەوەی بڕی زیانەكان نادیارە بەڵام پێدەچێت لە هێرشێكی لەو شێوەیەدا كە بەكەم وێنە وەسفكرد دەكرێت زیانێكی گەورەی لێكەوتبێتەوە.
تاران بەخێرایی ڕەتیكردەوە سەرباز و پێگەكانی لەو هێرشەدا بەركەوتبێتن، بەڵام وەك دەوترێت ئەگەر دانی پیادابنایە ئەوە بەدووەم هێرش دادەنرا كە لە مانگی ڕابردوودا كرابێتە سەر بارەگا سەربازییەكانی ئێران لە سوریا، دوای ئەوەی شەوی (9)ی نیسانی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل سەربازگەی (تی فۆریان) موشەكباران كرد و تیایدا 7 ڕاوێژكاری سەربازی ئێران كوژران.
تائێستا هۆكارەكانی ڕەتكردنەوەی ئەو هێرشە لەلایەن ئێرانەوە ڕوون نیە، لە كاتێكدا رژێمی سوریای هاوپەیمانی تەئكیدی كردوەتەوە، وەك هەندێك لە شرۆڤەكاران لێكدانەوەی بۆ دەكەن، ئێران نایەوێت كێشبكرێتە كاردانەوە و هەڵچون و بكەوێتە ناو بۆسەیەك كە ڕەنگە ئیسرائیل بۆی نابێتەوە.
حكومەتی ئیسرائیل تائێستا ئەنجامدانی هێرشەكەی نەگرتوەتە ئەستۆ هەروەها ڕەتیشینەكردوەتەوە، بەڵام سروشت و قەبارە و ئامانجەكانی هێرشەكە والێكدەدرێتەوە كە ئیسرائیل ئەنجامدەری بێت و چەندین جاریش ئەوەی ڕاگەیاندوە كە دەیەوێت توانا سەربازییەكانی ئێران لە سوریا لەبەریەك هەڵوەشێنێت و وزەی هەر كاردانەوەیەكی لێببڕێت و نەتوانێت لە خاكی سوریاوە هێرشبكاتە سەر ئیسرائیل ئەگەرهاتوو لەناو قوڵایی خاكی خۆیدا پەلاماردار وەك ئەوەی هەندێك پێشبینی دەكەن.
هەندێكی تریش ڕوداوەكانی ئێستا بەو پێشهاتانەوە گرێدەدەن كە ڕەنگە لەدوای 12 ئەم مانگە ڕوبدات كە تیایدا سەرۆكی ئەمریكا بڕیار لەچارەنوسی ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە دەدات، كە پێشبینی دەكرێت بڕیارەكەی لە بەرژوەندی تاران نەبێت و بڕیارەكەش تەنها پەیوەست نەبێت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بەڵكو پرۆژە موشەكیەكانیشی بگرێتەوە، ئەگەر ئەوەش ڕوبدات پەراوێزی بژاردەكان بۆ تاران بەرتەسكدەكاتەوە و دەیخاتە حاڵی بەرگری و پاشكشێ ئەگەر پەنانەبات بۆ جەنگێك كە دوبارە وێنەی هەژمونی بكێشێت و ڕێگریش بكات لە هەوڵەكانی واشنتن بۆ بچوككردنەوەی و لەبەریەكهەڵوەشانەوەی تواناكانی و كردنە ئامانجی هێزە شەڕكەرەكانی.
بەشێكی تر لەچاوێران دەڵێن، ئەوەی ئێستا ئیسرائیل ئەنجامیدەدات لە لێدانی گروپە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە سوریا، پارچەكردن و بەشكردنی جەنگ و دەستپێكردنێتی بەقۆناغ و بەشێوەیەكی نهێنی، ئەگەر ئەو بۆچونەش دروستبێت مانای وایە بەرنامەی ئیسرائیل، لێدانی هێڵەكانی پشتیوانی ئێران بۆ حزبوڵا لە سوریا و لێدانی بنكە سەربازییەكانی ئێران و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانەكانێتی، تا لەو ڕێیەوە بونی ئێران بكەنە بونێكی ڕەمزی و بێكاریگەر، كە توانای دروستكردنی هیچ هەڕەشە و كاردانەوەیەكی نەبێت.
پێشتر ئێران هەڕەشەی كرد و عەلی شەمخانی بەڵێنیدا كە وەڵامێكی ئازاردەری ئیسرائیل بدەنەوە لەبەرامبەر بۆردومانكردنی سەربازگەی (تی فۆر)، بەڵام تواناكانی بۆ وەڵامدانەوە بەندە بەكۆمەلێك بڕیار كە پەیوەستە بەتەواوی ناوچەكە، بەڕای زۆرێكیش تا ئێران لە بڕیاری جەنگ نزیكتربێتەوە حكومەتی مۆسكۆ زیاتر دوور دەكەوێتەوە لێی، بەڵام ئیسرائیلیەكان حەزیان گەورەتردەبێت بەئامانجی پاڵنانی ئێران بۆ وەڵامدانەوە و هەڵچون و وەبەرهێنانی لای ئەمریكی و ڕوسەكان، بۆئەوەی ببنە هاوپەیمانی تەلئەبیب لە ئەگەری هەر شەڕێكی چاوەڕوانكراودا.