Draw Media

"سوێنددان" شێوازێكی نوێ بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە عێراق

"سوێنددان" شێوازێكی نوێ بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە عێراق

2018-05-01 13:06:05


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
یەكێك لە كاندیداكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە هۆڵێكدا لایەنگرانی كۆكردەوە و دیاری بەسەردا دابەشكردن، بەڵام تەنیا بەوە وازی لێنەهێنان و هەموویانی بە " ئیمام عەباس" سوێنددا كە خۆیان و خێزانەكانیان دەنگی پێبدەن، ئەمە شێوازێكی نامۆیە و دوورە لە ئاكاری بانگەشەی ئاسایی و یاسایی هەڵبژاردن.
ئەم شێوازە لە كۆكردنەوەی دەنگ لەلایەن بەشێكی زۆر لە كاندیداكانی لیستەكانی پارێزگاكانی عێراقدا دووبارەبووەوە، لە شاری رومادی چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆیەكیان بڵاكردەوە كە بەڕێوەبەری هەڵمەتی بانگەشەی كاندیدێك داوا لە بەشداربووان دەكات  بە قورئان سوێند بخۆن كە رۆژی دەنگدان دەنگی پێدەدەن.
هەرچەندە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رێنمایی و سیستمی تایبەت بە چۆنێتی بانگەشەیەكی دروست و یاسایی داناوە و چاودێرەی پرۆسەكەش دەكات، بەڵام رەخنەی ئەوەی ئاڕاستەدەكرێت كە لاوازە لە چاودێریكردنی بانگەشەی لیست و كاندیدەكان و سزادانی ئەو لیست و كاندیدایانەی بە بەكارهێنانی پاڵنەری ئاینی و مەزهەبی بانگەشە دەكەن و دۆخی خراپی مادی دەنگدەرانیان قۆستوەتەوە.
ئەحمەد قوڕەیشی ( 49 ساڵ ) یەكێكە لە دانیشتوانی كەربەلا لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی " العربی الجدید" دەڵێت:" هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە بیرو شێوازی نوێ تووشی شۆكمان دەكەن كە هەرگیز ئەو شێوازە بە بیری شەقامی كەربەلادا نەهاتووە".
رونیشیكردەوە:" زۆرینەی كاندیدەكان دیاری و بەڵێن بە دەنگدەران دەدەن لە بەرامبەر بەدەستهێنانی دەنگەكانیان".
ئاماژەبەوەشدەدات كە" شێوازەكانی فێڵكردن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران لە كاندیدێكەوە بۆ كاندیدێكی تر جیاوازە و نوێترین شێوازیشیان سوێنددانی دەنگدەرانە بە ئیمام عەباس".
ئەو هاوڵاتییە كەربەلاییە ئاشكراشیكرد، لە میوانخانەی یەكێك لە شێخەكانەی كەربەلا كاندیدێك دیاری بە بەشداربووان داوە و پاشان داوای لێكردوون بە ئیمام عەباس سوێند بخۆن كە دەنگی پێدەدەن لە هەڵبژاردندا، وتیشی :" هاوڵاتیان بەو سوێندخواردنە ناچاردەكرێن دەنگی پێبدەن، چونكە سوێندیان خواردووە ناتوانن سوێندەكە بشكێنن".
شێخ ئیبراهیم جەنابی كە یەكێكە لە شێخی هۆزەكانی پارێزگای بابل رایدەگەیەنێت" ئەم شێوازی سوێنددانی دەنگدەرانە تەنها لە كەربەلا نییە، بەڵكو زۆرینەی كاندیدەكانی زۆربەی پارێزگاكان هەمان شێواز پەیڕەودەكەن، كە شێوازێكە دوورە لە ئاكار و  پیشەیی بوونەوە".
جەنابی وتی: " ئەو سوێنددانە هاوڵاتیان شەرمەزار دەكات و ناتوانن پێشێلی پیرۆزییەكان بكەن، هەرچەندە قەناعەتیشیان بەو كەسە نییە كە هەڵیدەبژێرن، ئەم شێوازە مایەی قبوڵ نییە و پێویستە ئەو كاندیدانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت".
لە ئەنباریش كە یەكێكە لە پارێزگا گەورەكانی عێراق، سوێند دانی دەنگدەران ئامادەیی هەیە، ئەوەش مشتومڕی لەنێوان كاندیدە ئیسلامییەكان لێكەوتوەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئایا دروست دەنگدەر بە قورئان سوێند بدرێت یان تەنها بەناوی خودا لەسەر بنەمایەی كە دەڵێت سوێندخواردن بە جگە لە خوا دروست نییە، ئەمەش بەگوێرەی لێكدانەوەی عەلی دلێمی سەرۆكی رێكخراوی " الانبار اولا".
عەلی دلێمی نیگەرانە كە كاندیدەكان بۆ ئەو ئاستە دابەزیون، بە تایبەتی  كاندیدی ئەو حزبە ئاینییانەی كە بانگەشە بۆ دینداری دەكەن  و دەڵێت:" چەند حاڵەتێكی ناچاركردنی هاوڵاتیان تۆماركراوە كە دیاری و هاوكارییان لە كاندیدەكان وەرگرتووە و داوایان لێكراوە سوێندبخۆن بە ناوی خودا یان قورئان یان بە گیانی منداڵەكانیان، یان بە كوێربوونی چاویان ئەگەر فڵان كاندید هەڵنەبژێرن، ئەم شێوازە لە بانگەشە داڕمانی ئەخلاقی، پێكەنیناویشە".
لە پارێزگای سەلاحەدینیش سوێنددانی دەنگدەران زۆر بەربڵاوە، محەمەد عەبدولستار عجێلی كە هاوڵاتییەكی تكریتە و شۆفێری تاكسیە دەڵێت:" بە چاوی خۆم سوێنددانی هەڵبژاردنی بینی، یەكێك لە دەنگدەران سێجار سوێندنی خوارد كە دەنگبدات بە پەرلەمانتارێكی ئێستا كە خۆی كاندید كردووەتەوە و بە دەستیشیەوە 50 هەزار دینار هەبوو كە لە كەسێكی وەردەگرت كە ئۆتۆمبیلێكی گرانبەها و ناوازەی پێبوو و چوونە گەڕەكێك كە پڕە لە خەڵكی هەژار بۆئەوەی پارە دابەشبكات و سوێندیان بدات".
دەربارەی ئەم پرسە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێت رێوشوێنی بۆ لێپرسینەوە لە كاندیدەكان دەستپێكردووە و سزای غەرامەكردنی سەپاندووە بەسەر هەند كاندیدێكدا كە پێشێلكاری بكات لە بانگەشەی هەڵبژاردندا.
ئەحمەد تەمیمی ئەندامی كۆمسیۆن دەڵێت:" كۆمسیۆن سزای غەرامەكردنی جۆراوجۆری بۆ ئەو كەسانە دەكردووە كە لە هەڵمەتی بانگەشەدا پێشێلكاریان كردووە و پۆستەری بانگەشەیان لە شوێنی نەگونجاودا هەڵواسیوە".
تەمیمی دەشڵێت:" هیچ سكاڵایەك لەسەر ئەو كاندید و حزبانەیان بەدەست نەگەیشتووە دەربارەی دابەشكردنی دیاری و ناچاركردنی هاوڵاتیان بۆئەوەی سوێند بخۆن".

سلێمانی: کاندیدێکی ئەنبار دەنگدەرانی سوێند دەدات

سەرچاوە: العربی الجدید

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand