سەدر لەپشتیوانیكردنی عەبادی پاشگەزدەبێتەوە
2018-05-01 12:59:32
"هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەسەر كاندیدكرنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق: ئەمە نوێترین قسەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرە.
موقتەدا سەدر لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەپشتیوانیكردن لە حەیدەر عەبادی بۆ ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی وەزیران، ڕایگەیاند، هێشتا كات زووە بۆ دەربڕینی ڕای كۆتاییان لەسەر ئەو پرسە و دواتر بڕیار لەوبارەیەوە دەدەن.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی سەدر كە بەپاشگەزبونەوە لە بۆچونەكانی پێشووی ئەژمار دەكرێت لەكاتێكدایە، پێشتر لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا وتوبوی" پشتیوانی حەیدەر عەبادی دەكات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جاری دووەم".
بڕیارە ڕۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، پۆستی سەرۆك وەزیران كە باڵاترین پۆستی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەپشكی پێكهاتەی شیعەیە (4) خول، سێ بەرپرسی باڵای حزبی دەعوە (ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالكی و حەیدەر عبادی) سەرۆكایەتیان كردووە، بەهۆی پەرتبونی ناوماڵی شیعەكان تائێستا ڕون نیە خولی پێنجەم كاندیدی كام لایەنەی ئەو پێكهاتەیە پۆستەكە وەردەگرێت.