Draw Media

هێرشی سەر كاندیدە ژنەكان ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان  نیگەران دەكات 

هێرشی سەر كاندیدە ژنەكان ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان  نیگەران دەكات 

2018-05-01 10:16:09


سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی كاندیدە ژنەكان دەستی پێكرد، كە لیستەكانی شەر و ململانێی نێوانیان بە پەلاماردان و زڕاندنی ناوی ژنە كاندیدەكانی هەڵبژاردن دەستی پێكرد، باڵیۆزخانەی ئەمریكا و  نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق نیگەرانن لەو هەڵمەتی ناوزراندن و پەلاماردانی كاندیدە ژنەكان و بە مەترسی بۆسەر پرۆسەی هەڵبژاردن ناوی دەبەن، لە بەیاننامەیەكدا باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق نیگەرانی خۆی دەردەبِرێت لە بەرامبەر ئەو ڕاپۆرتانەی باسی حاڵەتەكانی هەراسانكردن و ناوزڕاندن لە سەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت و شێواندنی كەسایەتی كاندیدەكانی ھەڵبژاردنی دەكەن و دەڵێت:" ئیهانەكردن بە شكۆی كاندیدەكان مامەڵەیەكی خراپە و دەرچوونە لە پرنسیپەكانی كێبەركێی دادپەروەرانە و هەڕەشەشە بۆ سەر پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی بێگەرد."
 هاوكات نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق سەركۆنەی ئەو جۆرە بانگەشەیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكات، كە كاندیدە  ژنەكان دەكاتە ئامانج، یان كوبیچ،پێشی وایە شێواندنی كەسایەتی كاندیداكان ، ئەگەر ژن بن یان پیاو، هەڕەشەیە لە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن.

كوبیچ دەشڵێت : "كاری قێزەون دژی پۆستەری كاندیدە ژنەكان و هێرشكردنە سەر كەسایەتییان و خانەوادەكانیان، گوشارخستنە سەریان بۆ كشانەوە، ئازاردانی ژنان كاریگەری لە سەر بەشداریكردنیان وەك دەنگدەر، كاندید، بەرپرسی هەڵبژاردن، چالاكوان، سەركردەی سیاسی داهاتوو و ئەندامی پەرلەمان و حكومەت دەبێت".

گوتیشی:" ئەوانەی هێرشدەكەنە سەركاندیدە ژنەكان ئامانجیان ئەوەیە ژنان بترسێنن، ئەوانە لە كاندیدی رۆشنبیر، بەتوانا، بوێر و دەترسن".
 لەم هەڵبژاردنەدا ژنان لەبەردەم دوو شەڕو ململانێدان، شەڕی هەڵبژاردن  و شەڕی ململانێی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بەشێك لەو هەڵمەتە ترسە لە دەنگی ژنان، بەوەی  هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن ژنان زیاتر دێنە پێشەوە و بەشداری دەكەن، كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا ژنان سەرۆكایەتی 9 لیست دەكەن لەكۆی ( 6986 ) كاندیدی عێراق ( 2014 ) كاندیدی ژنە بەرێژەی 29%ی كاندیدەكان، لە هەڵبژاردنی رابردوو 2014 رێژەی كاندیدە ژنەكان 27% بووە، هاوكات بەپێی دەستور  رێژەی ژنان دیاریكراوە كە نابێت لە 25% كەمتر بێت لە پەرلەمانی عێراق كە لەكۆی 329 كورسی 83 كورسی بۆ ژنان دیاریكراوە.
لە ماوەی رابردوودا هێرشێكی زۆر كرایە سەر كاندیدە ژنەكان بە بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، شێواندنی پۆستەرەكانیان، تەشهیركردن و پەلاماردانیان لەناو شەقامەكان. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand