"بەڵگەنامە نهێنییەكان دەیسەلمێنن ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكەی شاردوەتەوە"

2018-05-01 09:13:32
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
"ئێران بەشێوەیەكی نهێنی هەوڵی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی دەدات" ئەمە قسەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلە.
نەتەنیاهۆ دوێنێ شەو لە بارەگای وەزارەەتی بەرگری وڵاتەكەی وتارێكی بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عیبری پێشكەشكرد، لە وتارەكەدا كە خۆی بە ئاشكراكردنی "دۆسیە نهێنییەكانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران" ناویبرد، وتی: هەزاران لاپەڕە لەو مادانەی كە ئیسرائیل دەستیكەوتون دەریدەخات كە ئێران جیهانی خەڵەتاندووە بەوەی كە نكولی لەوە دەكات هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی بدات.
ساڵی 2015 لەچوارچێوەی رێككەوتنێك لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا كە پێكهاتبوون لە ئەمریكا و پێنج زلهێزی تری جیهان (5+1)، ئێران بەڵێنیدا سنورێك بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی دابنێت لەبەرامبەر هەڵگرتنی ئەو سزا ئابورییانەی كە بەسەریدا سەپێندرابوو، دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بەرنامە ئەتۆمییەكەیان بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە و ئامانج لێی بەرهەمهێنانی وزەیە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە سەرۆك وەزیران ئیسرائیل باسی كردن، ئێران تاوەكو ساڵی 2003 بەرنامەیەكی بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی جێبەجێ كردووە، بەرنامەكە نهێنی بووە و ناوی "پرۆژەی عیماد" بووە، تەنانەت دوای داخستنی ئەو پرۆژەیەش، بەقسەی نەتەنیاهۆ ئێران بەردەوام بوو لەسەر بەرنامەكەی بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی.
پرۆژە ئەتۆمییە نهێنییەكەی ئێران كار بۆ دروستكردنی (5) كڵاوەی ئەتۆمی دەكات كە هێزی هەریەكەیان دەگاتە (10 كیلۆتەن) لە ماددەی (TNT)
"فێڵێكی منداڵانەیە"
لەیەكەم كاردانەوەدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی: بەڵگەكان دووبارە داڕشتنەوەی قەوانە كۆنەكەیە كە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان بەشێوەیەكی كردەیی مامەڵەی لەگەڵدا كردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، بنیامین نەتەنیاهۆی تۆمەتباركرد بەوەی "فیڵێكی منداڵانە"ی كردووە بۆ دانانی كاریگەری لەسەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە مانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێراندا.
ترەمپ: 12 ئایار بڕیار دەدەم
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە ماوەیەكی زۆرە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییە دەكات كە باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران ئیمزای كردووە، یەكێك بوو لەوانەی كە تەماشای وتارەكەی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی كرد.
ترەمپ وتی: ئەوە قبوڵكراو نییە، رۆژی 12ی ئەیلول بڕیار لەسەر مانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەدەم.
بەڵام ئەمە رەنگە هەندێك كێشە بۆ ترەمپ دروست بكات، چونكە تائێستا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەڵێن پەیوەستن بە رێككەوتنەكەوە.
بەڵام وەكو خۆی دەڵێ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت ئەوروپییەكان قایل بكات بە بەڵگەنامە نهێنییەكانی لەبارەی ئێرانەوە، نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەكرد، لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا و ئەڵمانیا سەبارەت بە زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل قسەی كردووە و بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە نوێنەر رەوانەی هەردوو وڵات دەكات.
وتەبێژی حكومەتی ئەڵمانی رایگەیاند، وڵاتەكەی شكارییەكی ورد بۆ زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل دەكات.
بەڵام جۆن هیوز كە جێگری پێشووی سزاكانە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و یەكێكە لەوانەی كە بەشداری لە نوسینی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كردووە لەگەڵ ئێران دەڵێ" من هیچ شتێكم لەو كاغەزانەدا كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرایكردن نەدی بۆ گۆڕینی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە".
هیوز وتی: لە راستیدا، بە راشكاوی، ئەوە لێدوانێكی سیاسییە كە ئامانج لێی دروستكردنی كاریگەرییە لەسەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە.
بەڵگەكانی نەتەنیاهۆ چین ؟
بەوتەی خۆی ئەو بەڵگەنامانەی كە نەتەنیاهۆ بڵاویكردنەوەی "كۆپی راستەقینە"یە و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە ئەمبارێكی نهێنی تاراندا دەستیكەوتوون.
بەڵگەنامەكانی نەتەنیاهۆ پێكدێت لە (55 هەزار) لاپەڕەو (183) سیدی تایبەت بە پرۆژەی عیماد، بەپێی قسەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پرۆژە ئەتۆمییە نهێنییەكەی ئێران كار بۆ دروستكردنی (5) كڵاوەی ئەتۆمی دەكات كە هێزی هەریەكەیان دەگاتە (10 كیلۆتەن) لە ماددەی (TNT)، ئیسرائیل بەڵگەنامەكانی رادەستی ئەمریكا كردووە و ئەمریكاش رادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیان دەكات.
