6 ئێزدیی كێبركێ لەسەر كورسییەكی پەرلەمانی عێراق دەكەن
2018-05-01 06:13:53
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
كوردە ئێزدییەكان وەكو كەمینەیەكی پێكهێنەری گەلی عێراق لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كورسییەكیان وەكو (كۆتا) بۆ تەرخانكراوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق دەگاتە (550 هەزار) كەس، بەڵام زیاتر لە (100) هەزار كەسیان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
لە بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (49)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەك ئەندام پێكدێت بەرێژەی هەر كورسییەك بۆ 100 هەزار كەس..".
لەسەر بنەمای ئەم ماددەیەی دەستور و بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەیان لە عێراق كە دەوترێت (550 هەزار) كەسن، ئێزدییەكان داوادەكەن ژمارەی كورسییە كۆتاكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران زیادبكرێت، بەڵام ئەم داواكارییەیان لەكاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكاندا لە پەرلەمانی عێراق جێبەجێ نەكرا.
رۆژی 10ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ لەسەر بنەمای سكاڵایەكی یاسایی كە لەبارەی زیادكردنی ژمارەی كورسی ئێزدییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاڕاستەی كرابوو، حوكمێكی دەركرد، كۆمسیۆن لەسەر بنەمای ماددەی 49ی دەستور پشتیوانی خۆی بۆ زیادكردنی ژمارەی كورسی ئێزدییەكان راگەیاند، بەڵام كاتێك پرسەكە خرایە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، پشتگوێ خراو نەخرایە دەنگدانەوە.
كورتەیەك لەبارەی كوردە ئێزدییەكانەوە
ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە كۆنەكانی كورد و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرینەی ئێزدییەكان لە پارێزگاكانی نەینەوا و دهۆك نیشتەجێن.
زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، بەهۆی ئەوەی باوەڕدارانی ئەم ئاینە باسی ئاین و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن، ئێزدییەكان لە مێژوودا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە، كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بوو بۆسەر شەنگال و ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا كە بەهۆیەوە هەزاران كەسیان لێكوژرا و هەزاران ژن و كچ و منداڵیشان كرانە كۆیلە و كەنیزەك لەلایەن داعشەوە.
ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە لە ئەزەلەوە هەن و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن و بڕوایان وایە كە ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوە و پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە و پاشان خودا حەوای خەڵقكردووە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە و مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە و بەوەش خۆیان بە وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند دادەنێن.
ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێن و مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری " شەرفەدینە" لە چیای شەنگال، هەروەها پەرستگای " لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵ و ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایە و زۆربەی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن.
ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژووری زمانی كوردی قسەدەكەن و زمانی فەرمی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینیی و ئیداریی دێرینن كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە و هەروەها چەند نەریت و كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە.
بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی " مەسحەفا رەش" بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە هەرچەندە جەخت لە بوونی دەكەنەوە.
كۆتای ئێزدییەكان
بەپێی كۆتای كەمینەكان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسییەكی بۆ پێكهاتەی ئێزدیی لە پارێزگای نەینەوا تەرخانكردووە، بۆ بردنەوەی ئەو كورسییە ئێزدییەكان چەند لیستێكیان دروستكردووە، سەرباری ئەوەش هەندێك لە لایەنە عێراقی و كوردییەكان خەڵكانی ئێزدییان لە لیستەكانیان كاندیدكردووە تاوەكو دەنگی ئێزدییەكان بۆخۆیان كێش بكەن.
بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ لیست بە (6) كاندید ركابەرێتی لەسەر بردنەوەی كورسییە كۆتاكەی ئێزدییەكان دەكەن، لیستێكی تری ئێزدیش بە (16) كاندید چوەتە ناو كێبركێی بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەواوە.
لیستی پارتە ئێزیدییەكان لە نەینەوا
• تەڤگەری ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن: حاجی كەندور سمۆ سەرۆكایەتی دەكات، ئەم بزوتنەوەیە بە 2 كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكانەوە بۆ بردنەوەی كورسییە تاقانەكەی پێكهاتەی ئێزدیی لە نەینەوا، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا ئەم حزبە كورسی كۆتای ئێزدیی لە نەینەوا بردەوە و بەوهۆیەوە حاجی كەندور سمۆ گەیشتە سەر كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حاجی كەندور ئەمجارەش خۆی كاندیكردوەتەوە و سەرۆكی لیستی حزبەكەیەتی.
• پارتی پێشكەوتنخوازی ئێزدیی: ئەمەش یەكێكی ترە لە پارتەكانی پێكهاتەی ئێزدیی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە (2) كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكان لەسەر كورسییە كۆتاكەی ئێزدیی لە نەینەوا.
• پارتی ئێزدیی دیموكراتی: ئەمە یەكێكە لە پارتە سیاسییە نوێیەكان لەناو پێكهاتەی ئێزدیدا، حەیدەر شەشۆ سەرۆكایەتی دەكات، كە بەمدواییانە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابوەوە و هێزێكی سەربازی دروستكرد بەناوی "هێزی پاراستنی ئێزدخان"، حەیدەر شەشۆ خۆی كاندید نەكردووە، حزبەكەشی كاندیدی بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان نییە و بە (16) كاندید ركابەرێتی دەكات لەسەر بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەوا، ژنێك بە ناوی (سۆنیا سالم حەسەن) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
• پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدیی: ئەمەش حزبێكی نوێی پێكهاتەی ئێزدییەكانە، سەرەتاكانی ساڵی 2017 پێكهێنراوە و مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی عێراق وەرگرتووە، (قەحتان عەلی) سەرۆكایەتی حزبەكە دەكات، دەوترێت باڵی سیاسی یەكینەكانی پاراستنی گەل (YBS) یە، ئەم حزبە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و بە (2) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسی كۆتای ئێزدییەكان دەكات لە نەینەوا.
لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو كەسی ئێزدیی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران، یەكێكیان (ڤیان دەخیل) بوو كە لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا كاندید بوو، ئەوی تر (حاجی كەندور سمۆ) بوو كە لەسەر لیستی بزوتنەوەی ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان خۆی كاندید كردبوو.
هەندێك لە كەسایەتییە سیاسییەكانی پێكهاتەی ئێزدیی دەڵێن ئەگەر ئەو دابەشبونە سیاسییە لەنێوان ئێزدییەكان نەبوایە، ئەو پێكهاتەیە دەتوانێت (8) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بباتەوە، بەمدواییانە و بەر لە نزیكبونەوەی وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەندێك هەوڵ هەبوون بۆ دروستكردنی لیستێكی یەكگرتووی ئێزدییەكان، بەڵام دواجار ناكۆكی و پەرتبون زاڵ بوو بەسەر یەكێتی و یەكبون.