لیستەكان چاویان لە دەنگی هێزە ئەمنیيەكانە
2018-04-30 19:39:58
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
ئەگەرچی هێزە ئەمنی و سەربازیەكانی هەرێمی كوردستان بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەشبوون و زۆرینەی هێزەكان سەربەو دوو حزبەن، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا لایەنەكانی دیكەش لە هێزە ئەمنیيەكاندا دەنگیان هێناوە.لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 لەدەنگدانی تایبەتدا كە پێش دەنگدانی گشتی بەڕێوە دەچێت، 210 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە كە بەشی نزیكەی 5 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكات، ئێستا ئەو لایەنەنانەی كە هێزی چەكداریان هەیە بانگەشەكانیان گواستۆتە ناو هێزە ئەمنیيەكان لە كاتێكدا بەپێی یاسا بانگەشە لەناو هێزە ئەمنیيەكان و شوێنە گشتیيەكان پێشێلكاریيە.
هێزەكانی یەكێتی و پارتی بریتین لە:
* یەكەی 80 ی پێشمەرگەی پارتی: 58 هەزار پێشمەرگەیە
* یەكەی 70ی پێشمەرگەی یەكێتی: 56 هەزار پێشمەرگەیە
*هێزەكانی زێرەڤانی پارتی كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە: 44 هەزار چەكدارە
* هێزی بەرگریی فریاكەوتنی یەكێتی: 22 هەزار چەكدارە
چەندین جۆری دیكەی هێزی چەكدار لە ئاسایش و پاسەوان و دژە تیرۆر و پاراستن و زانیاری هەیەو كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبێت و دەنگی حازری ئەو حزبانەن و چاوی سەرەكیان لەسەریەتی لەبەر ئەوەی بەشی چەند كورسیيەك دەنگ لە هێزی ئەمنی هەیە. بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی 2013 وەزارەتی پێشمەرگە ( 118 هەزارو 642 ) پێشمەرگەیە، بەڵام لەراستیدا بەهۆی كەمئەندامانی سەنگەرو پێشمەرگەی دێرین و خانەنشینانەوە زیاتر لە ( 400 هەزار ) كەس لە وەزارەتی پێشمەرگە موچە وەردەگرێت، سەبارەت بە وەزارەتی ناوخۆش كە بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی 2013 وەزارەتی ناوخۆ ( 121 هەزار و 841 ) كەسە و دەزگای ئاساییش ( 31 هەزارو 421 ) كەسەو ئەنجومەنی ئاساییش ( 6 هەزارو 476 ) كەسە، بەڵام لە دەنگدانی تایبەتدا بەوتەی سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم 210 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیەو پێش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت.
ئەگەر دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان وەربگیرێت لەناو هێزە ئەمنیيەكاندا دەردەكەوێت كە لایەنەكانی تریش پشكیان هەبووە لەناو هێزە ئەمنیەكاندا.
ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت كە زۆرینەی زۆری هێزی ئەمنی و سەربازیە لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لەكۆی(154 هەزارو 50 ) كەس لە دەنگدانی تایبەت ( 144 هەزار و 434 ) كەس دەنگیان دا بە رێژەی (93.8% ) بەپێی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە:
یەكەم: پارێزگای سلێمانی لە 21/9/2013
لە دوای جیاكردنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی( 56هەزار و 656 )كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە رێژەی بەشداری دەنگدان (95.6% ) زیاتر لە ( 54 هەزارو 164 ) دەنگی داوە بە جۆرێك :
1- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 27هەزار و 335 دەنگ
2- بزوتنەوەی گۆڕان 18هەزار و 614دەنگ
3- یەكگرتووی ئیسلامی 2011
4- كۆمەڵی ئیسلامی 1980 دەنگ
5- پارتی دیموكراتی كوردستان 1665 دەنگ.
6- لایەنەكانی تر 2 هەزار و 726
دووەم/ پارێزگای هەولێر لە 21/9/2013
ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 لە پارێزگای هەولێر كە (62 هەزار و 900 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە زیاتر ئاستی دەنگدان (93.7% ) لە ( 58 هەزارو 938 ) كەس دەنگیاندا، بەجۆرێك :
1- پارتی: 38 هەزار و 487 دەنگ
2- یەكێتی: حەوت هەزار و 148 دەنگ
3- گۆڕان: پێنج هەزار و 390 دەنگ
4- پارتی پیشكەوتنخوازی توركمانی: سێ هەزار و 978 دەنگ
5- كۆمەڵی ئیسلامی: هەزار و 460 دەنگ
6- یەكگرتووی ئیسلامی: هەزار و 211 دەنگ
سێیەم / پارێزگای دهۆك لە 21/9/2013
لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لە سنوری پارێزگای دهۆك، لە كۆی (28 هەزار و 997 ) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، بەرێژەی (91.5% ) دەنگیانداوە (26 هەزار و 532) كەس دەنگیانداوە، ژمارەی دەنگی لایەنەكانیش بەم شێوەیەیە:
1- پارتی دیموكراتی كوردستان بە (19 هەزار و 642) دەنگ،
2- لیستی كلدان و ئاشوری بە (2 هەزار و 377) دەنگ.
3- یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش (1 هەزار و 866) دەنگی هێناوە .
4- یەكگرتوی ئیسلامی بە (1 هەزار و 452) دەنگ.
5- بزوتنەوەی گۆڕانیش بە (799) دەنگی هێناوە .
6- كۆمەڵی ئیسلامیش تەنها (126) دەنگی هێناوە .
هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت دەنگی لایەنەكانی تر لەناو هێزە ئەمنیيەكاندا هەڵبكشێت، بەو پێیەی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا دەنگی بێزاری و نارەزایی زۆر بوو لەناو هێزە ئەمنیيەكان بەتایبەت لەسەر موچەكانیان، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دەنگی یەكێتی و پارتی خاوەن ماڵ لەناو هێزە ئەمنیيەكان كەمبكات و دەنگی لایەنەكانی تر زیاد بكەن.