ئێران هاتەوە ناو دانوستانەكان.. هەفتەی داهاتوو یەكلادەبێتەوە
2020-03-08 19:56:16
راپۆرتی: درەو
لە گفتوگۆی دوو ڕۆژی ڕابردووی سەركردەی كوتلە شیعییەكان تایبەت بە كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، زۆرێك لەو ناوانەی لە لیستی كاندیكراوەكاندا بوون دوورخراونەتەوەو، تەنها دوو ناو لەسەر مێزی گفتوگان ماون، ئەوانیش هەریەك لە (مستەفا كازمیی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگریو، (عەلی شوكری) ڕاوێژكار لەسەرۆكایەتی كۆماری عێراقن.
ڕۆژی 17ی ئەم مانگە ئەو مۆڵەتە دەستورییە نوێیە كۆتایدێت كە بۆ ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی عێراق دیاریكراوە، شیعییەكان گەشبینین هەفتەی داهاتوو یەكلایبكەنەوە، ئێرانیش ڕاستەوخۆ هاتووەتە ناو دانوستانەكانەوە.
هێزە شیعییەكان دەستبەرداری یەكێك لەداواكارییە دیارەكانی مەرجەعییەتو خۆپیشاندەران بوون، لەبری كاندیدكردنی "كەسایەتییەك جێی مشتومڕ نەبێت" بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، پێداگری لەسەر كەسایەتییەك دەكەن ئەزموونی سیاسی هەبێت "لەنوخبەی سیاسی بێت". لەبەرامبەر ئەمەدا مەرجی سەربەخۆیی جێبەجێدەكەن، بەو مانایەی كاندیدەكە لەسەر هیچ كوتلەیەكی سیاسی شیعی حساب نەبێت.
مەرجە لە نوخبەی سیاسی بێت
پێداگریكردن لەسەر باكگراوەندی سیاسی ئەو كەسایەتییەی دەستنیشاندەكرێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەلایەنە شیعییەكان نایانەوێت كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاریبكەن بەرچاوڕوونی پێشتری نەبێت لەسەر قەیرانە سیاسییەكانی عێراقو دۆسییە سەرەكییەكانی لەنمونەی، هاوكێشەی واشنتۆن_بەغداد، قەیرانی حەشدی شەعبی، بودجەی گشتیو وردەكارییەكانی، ڕێككەوتنی هەولێر_بەغداد، دۆسیەی هەڵبژاردن.
زۆرێك لەسەرچاوە عێراقییەكان پێیانوایە هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدی نوێ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت ڕابگەیەنرێت، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی (عەلی شەمخانی) ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ بەغدادو، بەشدارییكردنی لە نێوەندگیریكردنی سەركردەكانی شیعە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن.
ڕۆژی 17ی ئەم مانگە ئەو مۆڵەتە دەستورییە نوێیە كۆتایدێت كە بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكی حكومەت دیاریكراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ناكۆكییەكی ڕوون هەیە سەبارەت بە شێوازی شرۆڤەكردنی مادەی 81 لە دەستوری عێراقی سەبارەت بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، ئەگەر ئەو وادیە كۆتایهاتو لایەنەكان نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كەسێك.
ڕای جیاواز هەیە
شارەزانی بواری دەستور بەسەر دوو ڕای جیاوازدا دابەشبوون، هەندێكیان دەڵێن سەرۆك وەزیران جێگری هەیەو ئەوان شوێنی دەگرنەوە، بەشێكی دیكەشیان پێیانوایە، سەرۆك كۆمار بەشێوەیەكی كاتیی ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات، لەكاتی ئامادەنەبوون، یان نەتوانینی سەرۆك وەزیران لەبەڕێوەبردنی كارەكەیو تەواوبوونی ئەو ماوە دەستورییە، بێئەوەی جێگرەوەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە.
بەوتەی سەركردەیەكی دیاری سەدرییەكان، لیستی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كورتبووەتەوە لەئێستادا قسە لەسەر (مستەفا كازمییو عەلی شوكری)دەكرێت، هەریەك لەمانیش لایەنی سیاسی هەن پشتیوانی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، سەركردەی كوتلە سیاسییەكانیش جەختیان كردووە لەوەی هیچ كێشەكیان نییە لەسەر خستنەڕووی ناوی نوێ بۆ تاتوێكردنی.
ئەو بەرپرسەی ڕەوتی سەدر كە بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)قسەی كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، ڕەوتەكەیان هیچ تێبینییەكی لەسەر (كازمییو شوكری) نییەو، ئەوان لەچاوەڕوانی سازانی سیاسیدان، بەڵام ناكۆكی لەنێوان كوتلە سیاسییەكان ڕەنگە پرۆسەكە دوابخات.
لای خۆیەوە، (سەعد مەتڵەبی) سەركردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی (نوری مالیكی) بەهەمان سەرچاوە ڕاگەیاندووە: لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە شیعییەكان لە میانی كۆبونەوەكانی نێوانیاندا ڕێككەوتوون لەسەر خەسڵەتەكانی سەرۆك وەزیرانی نوێو ئەركی حكومەت، پێش ئەوەی بچنە ناو گفتوگۆی دەستنیشانكردنی كەسایەتیەكانەوە.
هەڵەی عەلاوی دووبارە ناكەنەوە
ڕاشیگەیاندووە:"لەسەر هەردوو خەسەڵەتی سیاسیو، سەربەخۆبوون ڕێككەوتن كراوە، بەو مانایەی لەسەر هیچ كوتلەیەكی سەرەكی شیعە حساب نەبێت، ئەزموونی هەبێت لەمامەڵكردن لەگەڵ سەرجەم هێزەكان لەپێكهاتە جیاوازەكان، بۆ ئەوەی دووچاری ئەوە نەبێت كە عەلاوی تووشی بوو، ئەزموونی سیاسی زۆر گرنگە بۆ سەرۆك وەزیران".
بەوتەی ئەو بەرپرسە، ڕێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی حكومەتی نوێ كاتیی بێت، كاری سەرەكی ئامادەسازی بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، كە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەرداوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا (فازیل فەتلاوی) بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە: بەپێی دواین پێشهاتەكان، یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسییە دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو، بەتایبەت كە كۆبونەوەكان بەبێ بچڕان بەردەوامە بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو قەیرانە، لەگەڵ بوونی گەرەنتی كە جەخت لەتێپەڕاندنی كاندیدی نوێ دەكات لەپەرلەمانو، هێزە سیاسییە سەرەكییەكانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە سەرۆك وەزیرانی نوێ پێویستە سیاسی بێتو ئەزموونی سیاسی هەبێت.
ترسیان هەیە
لەبەرامبەر ئەم بڕوایەی دەستەبژێری سیاسی عێراق، ڕایەكی تر پێیوایە، ئەمە داهێنانێكی تازەی دەستەبژێری سیاسییە بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران كە سیاسییەكی سەربەخۆبێت، چونكە نایانەوێت ئەو پۆستە گرنگە بۆ كەسایەتییەك بێت لەدەرەوەی بازنەی خۆیان، بەهۆی ترسیان لەدەستبردن بۆ هەندێك دۆسییە، چی ئەوەی پەیوەستە بەگەندەڵی چەند ساڵی ڕابردوو، هەم ئەوەی پەیوەستە بەداواكارییەكانی خۆپیشاندەران، كە ڕەنگە هەندێك لە هێزە سیاسییە باڵادەستەكان لەكاتی هەڵدانەوەی ئەم دۆسییانەدا تۆمەتباربكرێن.
عەلی شوكری
- عەلی یوسف عەبدولنەبی شوكری
- ساڵی 2011 وەزیری پلاندانانی عێراق بووە
- ساڵی 2014 پەرلەمانتاری عێراق بووە
- ساڵی 1998 دكتۆرای بەدەستهێناوە لە یاسای گشتیدا
- عەمیدی كۆلێژی یاسا بووە لە زانكۆی سەحرای لیبیا 2004
- عەمیدی كۆڵیژی یاسای زانكۆی كوفە بووە لە 2006
- ئێستا راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراقە
مستەفا كازمی
- ساڵی 1967 لە بەغداد لەیدایك بووە
- بەكالۆریۆسی هەیە لە یاسا
- لە ساڵاَی 2016 ەوە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقە
- بەڕێوەبەری نوسینی بەشی عێراق بووە سایتی مۆنیتۆری نێودەوڵەتی
- سەرنوسەری گۆڤاری (الاسبوعیە) بووە كە بەرهەم ساڵح خاوەن ئیمتیازی بووە
- لەدوای ساڵی 2003 ماوەیەك لە شاری سلێمانی ژیاوە