لیژنەی باڵای روبەرونەوەی كۆرۆنا نیگەرانن
2020-03-08 17:07:38
درەو:
بڕی (ملیارێك) دینار دەدرێتە پارێزگارو بەرێوەبەرێتی تەندروستی سلێمانی بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا و لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا ئاگاداری خەرجكردنی نین و پارەی كڕینی ماسك و دەستكێش لەبەردەست لیژنەكەدا نیە.
ئەمڕۆ بۆ بەدواداچونی رێكارەكانی خۆپارێزی لە نەخۆشی كۆرۆنا، سەرۆك و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لیژنەی باڵای هاوبەشی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا كۆبونەوە، سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر میكانیزمەكانی روبەرووبونەوەی كۆرۆنا، لەناویشیاندا ئەو پارەیەی كە تەرخانكراوە بۆ روبەرووبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا كە بڕی (500 ملیۆن) دینار دراوەتەوە پارێزگاری سلێمانی و (500 ملیۆن) دیناریش دراوەتە بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی سلێمانی، بەڵام نە ئەنجومەنی پارێزگا و نە لیژنەی باڵای هاوبەشی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا نازانن ئەو پارەیە چۆن خەرج دەكرێت و بەچی دەدرێت ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، كە بۆ دەرمانرێژكردنی ناو بازاڕی سلێمانی (2)تەن دەرمان كڕدراوە هەر تەنێكی بە (9 هەزار ) دۆلار و هەردووكی (18هەزار) دۆلار بەڵام پارەكە لەلایەن دوو خێرخوازەوە تەرخانكراوەو پارەی نەخۆشخانەی (ئاسا)ش لەلایەن خێرخوازانەوە دراوە، كەواتا ئەو پارەیەی لەبەردەستی پارێزگارو بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانیدایە چۆن و بۆچی خەرج دەكرێت؟.
(درەو) زانیویەتی كە لیژنەكان گلەییان كردووە لەوەی كە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجنەكراوەو تەنانەت پارەی ماسك و دەستكێش و پێداویستیە سەرەتاییەكانیان لەبەردەستیاندا نیە.
بەپێی هەواڵی سایتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەی باڵای ھاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا پێكھاتووە لە لیژنەی ( قایمقامیەت ، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی ، بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی ، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری ، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی و نوێنەری ئاسایش).
( درەو) ئەوەشی زانیوە كە لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیانكردۆتەوە لەوەی پێویستە دەوام لە تەواوی دام و دەزگاكانی سنوری جوگرافی پارێزگای سلێمانی (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین) رابگیرێت، كە پێشتر بەهۆی فشاری سەرۆكی حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە نەتوانرا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەو مەبەستە بكرێت.