دوو سەرۆكو یەك سوێند
2020-03-08 13:33:01
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ئایندەی سیاسی ئەفغانستان جارێكی تر كەوتەوە بەردەم دوڕیانێك، سبەینێ رۆژێكی یەكلاكەرەوەیە، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، لە یەك كاتدا لە دوو شوێنی جیاوازی كابولی پایتەخت دوو كەس وەكو سەرۆكی وڵات سوێندی یاسایی دەخۆن، ئەمە چیرۆكی وڵاتێكە كە خەڵكەكەی بەدەست مەحسوبیەتو گەندەڵییەوە دەناڵێننو ئومێدیان بە چینی دەسەڵاتداری وڵاتەكەیان نەماوە چاكسازییان بۆ بكات.
دوو سەرۆكو یەك سوێند
بڕیارە سبەینێ محەمەد ئەشرەف غەنی جارێكی تر وەكو سەرۆك كۆماری ئەفغانستان لە مەراسیمێكدا سوێندی یاسایی بخوات، عەبدوڵا عەبدوڵای ركابەری بەنیازە لە هەمان كاتدا لە مەراسیمێكدا وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی بخوات، واتە لە یەككاتدا دوو كەس وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی دەخۆن.
تاكە چارەسەر بۆ رێگریكردن لە دابەشبوونی ئەفغانستان لەنێوان دوو سەرۆكدا، ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەیە كە لە باڵیۆزخانەكانەوە لە كابول بەڕێوەدەچێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەنێوان ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵادا.
ئەشرەف غەنی سەرۆك كۆمارە، عەبدوڵا عەبدوڵای ركابەری سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ئەم دوو پیاوە ئەمە بۆ جاری دووەمە لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵات ناكۆكن، لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا عەبدوڵا عەبدوڵا بەرامبەر بە ئەشرەف غەنی شكستی هێناوەو دانی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا نەناوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەفغانستان تیمی ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا بۆ لێدان لە مەعنەویاتی یەكتر وێنەی نامەی بانگهێشتنامەكانیان بۆ كەسایەتییەكان بەمەبەستی ئامادەبوون لە مەراسیمی سوێندخواردن وەكو سەرۆكی وڵات بڵاودەكەنەوە.
غولام بەهادین جیلانی سەرۆكی دەستەی ئامادەكاری مەراسیمی سوێندخواردنی ئەشرەف غەنی بە تۆڕی هەواڵی (بی بی سی فارسی) وتووە:" ئامادەكارییەكانیان بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی ئەشرەف غەنی وەكو سەرۆكی وڵات تەواو كردووە".
تەلەفزیۆنی فەرمی ئەفغانستان رایگەیاند، سبەینێ بەبۆنەی سوێندخواردنی سەرۆك كۆمارەوە لە كابولی پایتەخت پشووە.
بانگهێشتنامە ئاڕاستەی ئاڕاستەی باڵیۆزی وڵاتان كراوە بۆ بەشداریكردنیان لە مەراسیمەكە، باڵیۆزی وڵاتان تێیدا ماونەتەوەو نازانن بەشداری لەكام مەراسیمیان بكەن.
سەرچاوەیەك لە نوسینگەی عەبدوڵا عەبدوڵای سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە ئەفغانستان بە (بی بی سی فارسی) رایگەیاندووە، لەلایەن باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاوە نێوەندگیری لەنێوان ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا دەكرێت تاوەكو سبەینێ مەراسیمی سوێندخواردنی ئەشرەف غەنی بەڕێوەنەچێت.
سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، ئەگەر تاوەكو كۆتایی ئەمڕۆ نەگەنە رێككەوتن، بەدڵنیایی سبەینێ دوو مەراسیمی سوێندخواردن لە كۆشكی سەرۆكایەتیو بارەگای سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەڕێوەدەچێت.
حیكمەتوڵڵا حیكمەت وتەبێژی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی عەبدوڵا عەبدوڵا دوێنێ وتی:" عەبدوڵا عەبدوڵا لە كۆشكی سپیدار وەكو سەرۆكی وڵات سوێندی یاسایی دەخوات".
بەقسەی ئەو ژمارەیەك لە سیاسەتمەدارانی گەورەو دیپلۆماتكارانی بیانی بانگهێشتكراون بۆ بەشداربوون لەو مەراسیمە، پشتڕاستیكردەوە كە لەنێوان هەردولادا گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر دروستكردنی یەك حكومەتی هاوبەش.
ئەنجامی هەڵبژاردنو ناكۆكییەكان
كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە ئەفغانستان ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتو سەركەوتنی ئەشرەف غەنی لە هەڵبژاردنەكە راگەیاند، بەڵام عەبدوڵا عەبدوڵا ئەنجامەكان رەتدەكاتەوەو دەڵێ ئەو براوەی هەڵبژاردنەكەیە.
هەفتەیەك لەمەوبەر ئەشرەف غەنی بەنیاز بوو وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام ئەوكاتیش عەبدوڵا عەبدوڵا هەڕەشەی كرد هاوكات ئەویش وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی بخوات، بۆیە سوێندخواردنەكەی ئەشرەف غەنی كێشەی تێكەوتو دواخرا، بەڵام ئەوكات سەرۆكایەتی كۆماری ئەفغانستان هۆكاری دواخستنی مەراسیمی سوێندخواردنەكەی ئەشرەف غەنی گەڕاندەوە بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بووەتە كێشە بۆ ئامادەبوونی میوانانی بیانیو رایگەیاند، ئامادەكاری هونەری زیاتر دەكرێت تاوەكو مەراسیمێكی بەشكۆ بەو بۆنەیەوە سازبكرێت، بەڵام عەبدوڵا عەبدوڵا وتی:" دواخستنی مەراسیمی سوێندخواردنەكەی ئەشرەف غەنی بۆ ئەوە بووە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانەی كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە دروستبووە".
بەپێی ئەو ئەنجامەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڵاویكردوەتەوە، ئەشرەف غەنی رێژەی 50.64%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا عەبدوڵا عەبدوڵا رێژەی 39.52%ی دەنگەكانی هێناوە.
عەبدوڵا عەبدوڵا هاوشێوەی هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆكایەتی ئەفغانستان بەدوای رێگەچارەیەكی نوێدا دەگەڕێت، خۆی ئەو رێگەچارەیەی ناوناوە "تەدبیرو حیكمەتو ئایندەگیریی".
رۆژی 28ی ئەیلولی 2019 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەفغانستان بەڕێوەچوو، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن نزیكەی پێنج مانگ لەوادەی خۆی دواكەوت، كاتێكیش ئەنجام راگەیەندرا، هەردوولا (ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا) خۆیان وەكو براوەی هەڵبژاردنەكە راگەیاند.
ئەمە لەكاتێكدا بوو بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەشرەف غەنی (923 هەزارو 592) دەنگی بەدەستهێنابوو، عەبدوڵا عەبدوڵا (720 هەزارو 841) دەنگی بەدەستهێنابوو.
رێژەی دەنگی پشتڕاستكراوەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بەكۆی گشتی (ملیۆنێكو 823 هەزارو 48) دەنگ بوو، نزیكەی (3 ملیۆن) دەنگ بەهۆی نادروستبونیانەوە پوچەڵكرانەوە، بەبەراورد بە رێژەی دانیشتوانی ئەفغانستان كە (35 ملیۆن) كەسە هەروەها ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو كە (9 ملیۆنو 600 هەزار) كەس بوو، ئاستی بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنەدا بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو كەمترین رێژەی تۆماركرد.
زۆرێك لە دەنگدەران بەهۆی هەڕەشەكانی بزوتنەوەی تالیبان بۆ بەئامانجگرتنی بنكەكانی دەنگدانو بێئومێدبوون لە چینی سیاسیو دەسەڵاتداری وڵات، بەشداری پرۆسەكەیان نەكرد، لە وڵاتێكدا كە بەدەست مەحسوبیەتو گەندەڵییەوە دەناڵێنێت.
هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشووتر، تیمی بانگەشەی هەڵبژاردن بەر لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تۆمەتبار كرد بەوەی لایەنداری بۆ ئەشرەف غەنی دەكاتو رایگەیاند، تا ئەوكاتەی ئەو كارتانەی دەنگدان كە دروست نین، پوچەڵ نەكرێنەوە، دان بە ئەنجامەكاندا نانێن.
ئەوكات تیمی عەبدوڵا عەبدوڵا باسیان لەوەدەكرد نزیكەی (300 هەزار) دەنگی نادروستی هەڵبژاردنەكە داخڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كراوە، تیمەكە چەندین سكاڵایان لەدژی ئەو دەنگانە لە كۆمسیۆن تۆماركرد، بەڵام سكاڵاكانیان هیچ شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز نەبوو.
ئەمە دوبارەبوونەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2014 بوو، كە ئەوكاتیش عەبدوڵا عەبدوڵا باسی لە پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەدا دەكردو دواجار بە نێوەندگیری ئەمریكا لەگەڵ ئەشرەف غەنی رێككەوتنێكیان واژۆ كردو پێكەوە حكومەتێكیان دروستكرد بەناوی حكومەتی "وەحدەتی میللی"، لە ئەنجامی ئەو رێككەوتنەدا ئەشرەف غەنی بوو بە سەرۆك كۆمارو عەبدوڵا عەبدوڵاش بوو بە سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن.
ئاشتی لەگەڵ تالیبان
ناكۆكی ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا لە كابول لەسەر دەسەڵات وەكو لێدانی گورزێك لێكدەدرێتەوە لەو رێككەوتنەی كە بەمدواییە ئەمریكا لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان ئیمزای كرد بۆ بەرقەراركردنی ئاشتیو سەقامیگری لە ئەفغانستانو هاندانی حكومەتی ئەفغانستان بۆ سازدانی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ تالیبان.
ئەمریكییەكان بڕیاربوو بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەفغانستان رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان ئیمزا بكەن، بەڵام رێككەوتنەكەیان بۆ گرنگ بوو، نەیانویست بدەنە دەست چارەنوسێكی نادیار، بۆیە دوایانخست بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، تاوەكو لێیان روون بێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو كێ سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە دەكات، ئایا سەرۆكی نوێ ئامادەیە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ تالیبان دەستپێبكات یاخود نا، دروستبوونەوەی ناكۆكی لەسەر دەسەڵات لە كابولی پایتەخت ئەمریكییەكانی نیگەران كردووە بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا تێگەیشتی جیاوازیان هەیە بۆ چۆنیەتی گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ تالیباندا وەكو گەورەترین مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە.