ئەمریكا كێشەكانی ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستین سفر دەكاتەوە

2018-04-30 14:27:54
ئامادەكردنی درەو میدیا
تەلئەبیب بێدەنگی هەڵبژاردووە لەبارەی ئەو زانیارییانە كەناڵی دووی ئیسرائیلی بڵاویكردوە، كە باس لە ئەگەری ڕاگەیاندنی (گرێبەستی سەدە)دەكات لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە دوای گواستنەوەی باڵیۆزخانەكەی بۆ شاری قودس.
شرۆڤەكاران و لێكۆڵەرەوە سیاسییەكانی ئیسرائیل پێیانوایە هاوكات لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وردەكاری جوڵەكانی ئەمریكا سەبارەت بەپلانە نوێكەی بۆ ئاشتی، كە قەرەبووكردنەوەی دارایی فەلەستنیەكان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەو گەشتەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیداوە دەچێتە چوارچێوەی ئەو فشارانەی كە خراونەتە سەر دەسەڵاـدارێتی فەلەستینی لەپێناو گەڕاندنەوەی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
بە پێچەوانەی بڵاوكراوەكانی پێشوی میدیاكانی ئیسرائیل كە لەبارەی ناوەرۆكی (گرێبەستی سەدە) بڵاویاندەكردوە، كەناڵی دووی ئیسرائیلی ڕۆشنایی خستوەتەسەر زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی باڵای ئیسرائیلی و لەزاری ئەوەوە ئاشكرایكردوە كە پلانی نوێی ئاشتی قەرەبووكردنەوەی دارایی فەلەستینییەكان لەخۆدەگرێت وەك هەوڵێك بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ دانوستان و بەشدارییان لە دیمەنە سیاسییەكە.
دانا فایس شرۆڤەكاری سیاسی كەناڵی دووی ئیسرائیل كە زانیاریەكەی بڵاوكردوەتەوە، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای بۆ تەلئەبیب و كۆبونەوەی لەگەڵ (بنیامین نەتانیاهۆ)ی سەرۆك وەزریرانی ئیسرائیل گرێداوە بە ئامادەكارییەكان بۆ ڕاگەیاندنی پلانی ئاشتی كە ئەمریكا سەرپەرشتی دەكات، ئاماژەی بەوەشكردوە پلانەكە وڵاتانی هەرێمیش لەخۆدەگرێت، فەلەستینییەكانیش لایەنێكن تیایدا بەڵام خاوەنی قسەی یەكلاكەرەوەنین.
پێشتر میدیاكانی ئیسرائیل دیارترین خاڵەكانی (گرێبەستی سەدە)یان، لەزاری (جایسۆن گرینبلات) نێردەی ئەمریكا بۆ ئاشتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوكردوە كە پێشنیازی چارەسەری دوو دەوڵەت و دامەزراندنی دەوڵەتێكی فەلەستینی كە پایتەختەكەی خۆرهەڵاتی قودس و بەپێی سنوری 4حوزەیرانی ساڵی 1967 بنەمایەك نابێت بۆ پلانە نوێكەی ئاشتی، ئەوەش پرسێكە كە وڵاتانی عەرەبی و فەلەستینییەكان ڕەتیدەكەنەوە.
لە كاتێكدا حكومەتی ناتانیاهۆ و ئیدارەی ترەمپ هاوڕان سەبارەت بەدامەزراندنی دەوڵەتێكی فەلەستینی سەروەری نەبێت و لەچەك داماڵڕاوبێت، لەگەڵ جێگیركردنی سوپای ئیسرائیل بەدرێژایی دەریاچەی ئوردن و سەرپەرشتیكردنی ئاسایش لەلایەن ئیسرائیل بە بەشداری ئوردن و میسر و ئەمریكا، بەڵام لەبارەی پرۆژەی ئۆردوگاكانی نیشتەجێكردنی ئیسرائیلیەكان ناكۆكییان هەیە، واشنتن ڕەزامەندی لەسەر لكاندنی 10% ی خاكی كەرتی خۆرئاوا و ئۆردوگاكان بە ئیسرائیلەوە دەربڕیوە، حكومەتی ئیسرائیلیش داوای لكاندنی 15% خاكی ئەو ناوچەیە دەكات.
گرێبەست و چارەسەر
(یواف شتێران) میدیاكاری ئیسرائیلی تایبەتمەند لە كاروباری عەرەبی و فەلەستینی دەڵێت، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل، ئەگەر لەجەوهەریشدا تایبەت بوبێت بەتاوتوێكردنی پرسی پلانی سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و كێشە هەرێمییەكان و بەتایبەتیش دۆسیەی سوریا، تاتوێكردنی پرسی چارەسەری ملانێی عەرەب-ئیسرائیل و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ فەلەستین تەوەرێكی گرنگی باسەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە بەتایبەتی لە تەلئەبیب.
لەبارەی هەوڵەكانیشی بۆ كۆتاییهێنان بەو ڕەتكردنەوە عەرەبی و فەلەستینیەی سەبارەت بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس هەیە ، (شتێران) بەكەناڵی جەزیرەی وتوە، ئیدارەی ترەمپ پێشنیازی پایتەختێكی دروستكراو دەكات بۆ فەلستینیەكان لەدەوروبەری شاری قودس لەدەرەوەی چوارچێوەی 6 كیلۆمەتر چوارگۆشە لە سنوری ساڵی 1967 و هێشتنەوەی دۆخی قودسی كۆن وەكو خۆی لەگەڵ بونی چاودێرییەكی نێودەوڵەتی، لەبەرامبەردا ئیسرائیل زامنی ئازادی پەرستن بكات بۆ سەرجەم ئاینەكان لەناوچە پیرۆزەكان، كە بەوتەی ئەو شرۆڤەكارە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تێبینی هەیە لەسەر ئەم پێشنیازەی ئەمریكا.
گرێبەستی سەدە كشانەوەی هەنگاوبەهەنگاوی سوپای ئیسرائیلیش لەخۆدەگرێت لەو ناوچانەی بە(أ، ب ، ج) پۆلێنكراون و وەك ئەوەی لەڕێككەوتنی دووەمی (ئۆسڵۆ)دا، هاتوە كە مانگی ئەیلولی ساڵی 1995دا ئیمزاكراوە، كە مۆڵەتی كۆتایی كشانەوەی دیارینەكراوە و مەرجدارە بەمامەڵەی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین و دوای ئەوە دەوڵەتی فەلەستینی لەو سنورەدا ڕادەگەیەنرێت بەپێی ئەو ناوچانەی پۆلێنكراون، بەوپێەش پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیسرائیل وەك نیشتمانێكی نەتەوەیی گەلی جولەكە و دەوڵەتی فەلەستنیش وەك نیشتمانی گەلی فەلەستین بناسێنێت.
ڕازیبون و ڕەتكردنەوە
(نەمرود جۆرن) بەڕێوەری پەیمانگای (میتفیم)كە تایبەتمەندە بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل، دەڵێت، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2017وە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوەڕوانی دۆناڵد ترمپە گرێبەستی سەدە ئاشكرابكات، پێشیوایە ئەو ناوەڕۆك و پێشنیازانەی دزەیان كردوە واقیعی نین و لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێناكرێن، بەهۆی ڕەتكردنەوەی لەلایەن فەلەستین و وڵاتە عەرەبییەكان.
جۆرن ئاماژە بەوەشدەكات، كرۆكی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ناوچەكە ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و ڕۆڵی ئێران بوە لە سوریا و یەمەن و ململانێكانی ئیسرائیل و فەلەستینیش ئامادەییان هەبوە، لەو بڕوایەشدایە كە ئیدارەی ئەمریكا ئەو ڕاستیەی بۆ ڕونبوەتەوە كە بەبێ چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین ناتوانێت هاوپەیمانییەكی ئەمریكی ئیسرائیلی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانخوازییەكانی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێكبهێنێت.
گومانی خۆشی پیشاندەدات لەوەی ئەمریكا بتوانێت هیچ چارەسەرێك بەسەر فەلەستنیەكاندا بسەپێنێت ئەگەر چارەسەری دوو دەوڵەت و دروستكردنی دەوڵەتێكی فەلەستینی كە پایتەختەكەی خۆرهەڵاتی قودس نەبێت، پێشیوایە، واشنتن ناتوانێت هیچ چارەسەرێك لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێبكات ناوەرۆك و بڕگەكانی هەرچۆنێك بن، ئەگەر لایەنی فەلەستینی قبوڵیان نەبێت و ڕازامەندنەبن لەسەری.
سەرچاوە: ئاژانسەكان
