چی ڕوودەدات لە سعودییە؟
2020-03-07 19:43:43
راپۆرتی: درەو
شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز، كە تاقە برای دایكو باوكیی پادشای سعودییە ئێستا لەژیاندا مابێت، ڕەنگە فەرمانی لەسێدەران یان حوكمی هەتا هەتایی بەسەردا بسەپێنرێت، ئەو كە ئێستا بەتۆمەتی "ناپاكی گەورە" دەستگیركراوە، دووجار لەڕیزبەندی گەیشتن بە تەختی پادشایەتی دوور خراوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز چەند مانگێك لەمەوبەر ئاماژەی بە قوڵبوونەوەی كێشەكانی ناو خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودییە كرد، باسی لەكاریگەری ئەم شازادیە كردووە كە زۆرێك لە ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودییە چاویان لەدەستی بووە گۆڕانكارییەك دروستبكاو، لە جێنشینی پادشای ئێستا بیانپارێزێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ میدیاكانی ئەمریكا لەهەوالێكی بەپەلەدا دەستگیركردنی ژمارەیەك لە شازادەكانی سعودییەیان بڵاوكردەوە، كە لەنێوانیاندا برایەكی شا سەلمان پادشای سعودییەی تێدایە. پرۆسەیەك لەدۆخێكی تەواو نادیارو تەمومژاویدا ئەنجامدراوە كە دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ دێت لەشەپۆلی یەكەمی دەستگیركردنی دەیان شازادەو بەرپرسی گەورەو دەوڵەمەندو بزنسمانی ئەو وڵاتە.
پێگەی ئەلەكترۆنی "جەزیرە"ی قەتەری بڵاویكردووەتەوە: دەسەڵاتدارانی سعودییە لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێكی دەستگیركردنیان ئەنجامداوە كە ژمارەیەك شازادەی لە خانەوادەی دەسەڵاتدار گرتووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكە: ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دیوانی شانشین جوڵەیەكی نا سروشتی بەخۆوە بینیوەو، بەدوایدا شازادەكان دەستگیركراون، بێئەوەی ناوەكانیان ئاشكرابكات.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"و "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی كە هەواڵەكەیان بڵاوكردووە، لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە ڕایانگەیاند: شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز برای پادشای سعودییەو، شازادە محەمەد بن نایف جێنشینی پێشو پادشا دەستگیركراون، هاوكات شازادە نەواف بن نایف برای جێنشینی پێشووش دەستگیركراوە.
ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ئاماژەی بەوەشكردووە، كە محەمەد بن نایف لەدوای ئەوەی لەپۆستی جێنشینی پادشا دوورخراوەتەوە، لەژێر مانەوەی زۆرە ملێدا بووە لەلایەن محمەد بن سەلمان جێنشینی ئێستای پادشای سعودییەوە.
بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەش، ژمارەیەك ئەفسەر لە دەزگاكانی ئاسایش و سوپاو پاسەوان كە گوماندەكرێت وەلائیان بۆ ئەحمەد بن عەبدولعەزیزو محەمەد بن نایف بێت دەستگیركراون.
هەوڵی كودەتایان داوە؟
ئەو سەرچاوانەی هەواڵی دەستگیركردنی شازادەكانیان بڵاوكردووەتەوە، تائێستا یەكلایان نەكردووەتەوە هۆكاری دەستگیردنەكە چییە، هەرچەندە هەندێك سەرچاوە ئاماژە بە "ناپاكی" دەكەن.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" باس لەوە دەكات كە هەردووو شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز و محەمەد بن نایف پەیوەندییان بە هەوڵی كودەتایەكەوە هەبووە كە بانگەشەی بۆ دەكرێتو، دەسەڵاتدارانی سعودییە بە ئەنجامدانی "ناپاكی گەورە" تۆمەتباریان دەكەن، بەوەش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، یان زیندانی هەتاهەتایی.
هەندێك لە شرۆڤەكاران گریمانەی كودەتای ناوخۆیی بەدوور دەزاننو، دەڵێن ڕەنگە دەستیگركردنەكە بەهۆی ناڕەزاییان بوبێت لەو گۆڕانكارییەكانی شازادەی جێنشین ئەنجامیدەدات.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وەك یەكێك لەسەرچاوەكانی گواستنەوەی هەواڵەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هەندێك لە ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودییە هەوڵی گۆڕینی ڕیزبەندی چونە سەرتەختی پادشایەتیان داوەو، شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز_یان وەك یەكێك لەو بژاردانە پێشنیازكردووە كە لەلایەن ئەندامانی خێزانی دەسەڵاتداری سعودییەوەو دەزگا ئەمنییەكانو هەندێك لەوڵاتانی خۆرئاواوە پشتیوانی دەكرێت.
ئاژانسی هەواڵی "فرانس 24" پرۆسەی دەستگیركردنی شازادەكانی بە ئاماژەیەكی ڕوون بۆ شوێن پێقایمكردنی محمەد بن سەلمان لەدەسەڵات لێكداتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا "بیكا فاسر" شرۆڤەكاری سیاسی لەدامەزراوەی "ڕاند" ی ئەمریكی بۆ دیراسات دەڵێت: شازادە محەمەد بن سەلمان دەستكراوە تربووە، پێشتر توانی هەموو هەڕەشەكانی بەردەم سەركەوتنی لابەرێت هەر لەزیندانیكردنی نەیارانییەوە تادەگاتە كوشتنیان بێئەوەی هیچ لێكەوتێكی هەبێت، ئەم پرۆسەیەش هەنگاوێكی ترە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتەكەیو پەیامێكیش بۆ هەمووان، بە ئەندامانی خانەوادەی شانشینیشەوە، كە نەبنە بەربەست لەبەردەمیدا.
هاوكات، جێفری مارتن لە ڕۆژنامەی "نیوز ویك" لەوتارێكدا نوسیویەتی:" دەستگیركردنەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دابەزینی داهاتەكانی نەوتدا بن سەلمان شوێنپێی خۆی قایم دەكات".
كاتێكی هەستیار
ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ئەوەشی نوسیووە، ئەم دەستگیركردنە تازانە لەدۆخێكی تایبەتو زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت بۆ سعودییەو خانەوادەی دەسەڵاتدارو ناوچەكەش بەگشتیو.
بڕیارەكەی محمەد بن سەلمان لەبارەی ڕاگرتنی گەشتی ئاینی بۆ شاری مەكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە.
وەك سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، لەكاتێكدا ئاهەنگەكانی ڕابواردنو پێدانی ڤیزای گەشتیاری بەردەوامە، مەكە خاڵیكراوە لەتەوافكاران. ڕەنگە ئەمەش بەشێكی تربێت لەمەترسییەكانی شازادەی جێنشینو هەستیكردووە ئەم دۆسییە لەدژی دەوروژێنرێت. لەكاردانەوەی ئەوەدا فەرمانی داوە بە دەستگیركردنی شازادەكان، بە تایبەت كە ترسێكی بەردەوامی هەبووە لە شازادە دەستیگركراوەكانو ئەگەری قۆستنەوەی هەر دۆسیەیەك لەدژی.
جێگرەوەیەكی چاوەڕواننكراو
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا ڕاپۆرتێكی بڵاویكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتدارو دەستەبژێری پیاوانی خاوەنكار لەسعودییە دووچاری نائومێدی بوون لەسەركردایەتی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین، دوای هێرشە موشەكیەكەی حوسییەكان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی سعودییە كە زیانێكی ماڵی گەورەی پێگەیاند.
ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتەكەیدا ڕایگەیاندبوو، هەندێ لە شازادەكانی سعودییە وەك جێگرەوەیەك لە شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیزی تەمەن 77 ساڵ دەڕوانن، كە تاكە برای شاە سەلمانە لەدایكو باوكی لەژیاندا مابێتەوەو، لەلایەن ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتدارو دەزگای ئاسایشو هەندێك لەهێزە خۆرئاواییەكانەوە پشتیوانی دەكرێت.
یەكێك لەگەورە پیاوانی خاوەنكاری سعودی كە بۆ ڕۆیتەرز قسەی كردووە، وتویوتی، هەموویان چاویان لە شازادە ئەحمەدە بزانن چی دەكات، خانەوادەكە پێیانوایە ئەو تاكە كەسە بتوانێت پارێزگارییان لێبكات.
ڕۆیتەرز لەبەشێكی تری ڕاپۆرتەكەیدا لەزاری چاودێرانی سعودییەوە ڕایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت شازادە ئەحمەد ئامادەبێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت،. هیچ ڕۆلێكی فەرمیش ناگێڕێتو بەردەوام خۆی بەدوور گرتووە.
شازادە ئەحمەد تاكە كەس بوو لەو سێ كەسەی ئەندامانی دەستەی بەیعەت كە لەساڵی 2017 ڕەتیكردووەتەوە شازادە محەمەد بن سەلمان ببێت بە جێنشینی پادشای سعودییە.
شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز كێیە؟
+ ساڵی 1942 لەدایكبووە.
+ سیو یەكەمین كوڕی شا عەبدولعەزیز ئال سعودە.
+ سەر بە باڵی ئەلسدێرییە كە دەسەڵاتدارترینن لەناو خانەوادەی پادشایەتیدا.
+ برای دایكو باوكیی شا فەهدو شازادە سوڵتانو شازادە توركیو شازادە نایفو شازادە عەبدولرەحمانو شا سەلمان پادشای ئێستای سعودییە.
+ خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی سیاسی.
+ 37 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی سعودییە بووە.
+ دووجار لە ڕیزبەندی گەیشتن بە تەختی پادشایەتی لابراوە، جارێك شاعەبدوڵا شازادە موقرینی برابچوكی پێشخستو، جاری دووەمیش شا سەلمان دەسەڵاتی گواستەوە بۆ نەوەكانو لەجێی ئەو كوڕەكەی خۆی دانا.