پایتەختی گەشتیاری (هەولێر) لە راپۆرتی چاودێری دارایدا
2020-03-07 11:22:14
(درەو):
ساڵی 2014 هەولێر وەكو "پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردرا"، حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، بە نوسراوێك لە رۆژی 6/8/2013دا داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كرد، بڕی (20 ملیار) دینار تەرخان بكات بۆ هەولێر بۆ پەرەپێدانی پرۆژە گەشتیارییەكان، ئەوكات سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی بوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەبری (20 ملیار) دینار، تەنیا بڕِی (5 ملیۆن) دۆلاری بۆ هەولێر تەرخانكرد.
ساڵی 2015 لەسەر داوای پەرلەمانی كوردستان، دەستەی چاودێری دارایی پرۆسەیەكی وردبینی بۆ چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو (5 ملیۆن) دۆلارە، ئەنجامدا، كۆپییەكی ئەنجامی وردبینییەكەی چاودێری دارایی دەست (درەو) كەوتووەو هاوشێوەی بڵاوكردنەوە چۆنیەتی خەرجكردنی (20 ملیار) دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری (سلێمانی)، بەچەند بەشێك بڵاودەكرێتەوە.
خەرجكردنی پارە بەبێ تۆماری ژمێریاریی
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، سەرۆكی دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەی (پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی/ هەولێر) كەسێك بووە كە نوێنەری حكومەتی عێراق بووەو لەسەر فەرمانێكی پارێزگای هەولێر لە رۆژی 19/5/2013 دەستبەكاربووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنج بووە بۆ چاودێری دارایی حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ پرۆژەكە دابین نەكردووە.
چاودێری دارایی دەڵێ:" ئەم دەستەیە بەدەر لە رێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومییەكانو مەرجی گشتی بەڵێندەرایەتیو رێنماییەكانی دارایی پەیڕەوكراو.. خەرجییەكانی ئەنجامداوە".
خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە كە وەكو پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی بۆ هەولێر خەرجكراوە، هیچ تۆمارێكی تایبەت بە ژمێریاری نەبووەو لیستی تایبەت بە چۆنیەتی خەركردنی پارەكە دروست نەكراوە، بۆیە چاودێری دارایی بەناچاری پەنای بۆ دەرخستەی بانك بردووە بە (دینار)و بە (دۆلار).
چاودێری دارایی تبێینی ئەوەی كردووە، ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەت وەكو بودجە بۆ هەولێری دابین كردووە، لە ژمارە حسابێكدا لە بانكی (كوردستانی نێودەوڵەتی) دانراوە كە بانكێكی ئەهلی-یە، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە سەرپێچییەكی زەقەو دەبوو پارەكە لە بانكێكی حكومە دابنرێت.
رۆژی 28/10/2013 بڕی (5 ملیۆن) دۆلارەكەی حكومەت لە بانكی كوردستان دانراوە.
لەیەك رۆژدا دووجار پارەی گۆڕیوەتەوە
دەستەی باڵای پرۆژەی هەولێر پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی، لەماوەی یەك رۆژدا بڕی (4 ملیۆن) دۆلاری گۆڕیوەتەوە بۆ دینارو جارێكی تر دینارەكەی گۆڕیوەتەوە بۆ دۆلار، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە زەرەرێكی گەورەی بە گوژمەكە گەیاندووە، سەرباری ئەمە چاودێری دارایی بەهۆی نەبوونی بەڵگەی خەرجكردنەوە دەستەوسان بووە.
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، رۆژی 12/1/2014 دەستەی باڵای سەرپەرەشتیاری پرۆژەی هەولێری پایتەختی گەشتیاری هەڵساوە بە گۆڕینەوەی بڕی (4 ملیۆن) دۆلار بە دینار، بەڵام لەبەرئەوەی بەشی زۆری خەرجییەكان بە دۆلار بووە، جارێكی ترو لە هەمان رۆژو رۆژانی دواتردا بەشی زۆری ئەم بڕە پارەیە گۆڕدراوەتەوە بە دۆلار، ئەوەش بەهۆی جیاوازی نرخی دراو، زەرەێكی گەورەی بە گوژمەی تەرخانكراو گەیاندووە.
سەرباری ئەمە چاودێری دارایی چەندین تێبینی تری لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكە تۆماركردووە كە ئەمانەن:
• لە رۆژی 20/1/2014دا بڕی (50 ملیۆن) دینار بەناوی (ژمێریار)ەوە لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری لەبانك راكێشراوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك دەست چاودێری دارایی نەكەوتووە لەبارەی ئەوەی ئەو پارەیە لە چ شتێكدا خەرجكراوە.
• لەهەمان رۆژدا (209 ملیۆن) دینار لە بەدجەی پایتەختی گەشتیاری لە بانك راكێشراوە بەناوی (ر ص ح/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) لەجیاتی دانەوەی قەرز بە ناوبراو، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ بەراییەكمان نەدۆزییەوە كە بیسەلمێنێ قەرز لە لەناوبراو وەرگیراوە".
• رۆژی 29/1/2014 بڕی (200 ملیۆن) دینار لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری راكێشراوە لەجیاتی قەرزی كۆن بەناوی (م ش)، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ بەڵگەیەكمان بەدەست نەكەوت بۆچیو بەچی مەبەستێك خەرجكراوە".
• رۆژی 25/2/2014 بڕی (30 ملیۆن) دینار لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری لە بانك راكێشراوە بۆ خەرجی پسوڵەكان، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ بەڵگەیەكمان بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم خەرجیانە دەستنەكەوت".
بەهمەن قوبادی لە بودجەی پایتەختی گەشتياریدا
لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاریی (300 هەزار) دۆلار دراوە بە كۆمپانیایەك بۆ ئەوەی ئاهەنگ بۆ ئەستێرەكانی عەرەب ئایدل سازبكاتو پارەی بلیتەكان بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام پارەكان نەگەڕاوەتەوە، كۆمپانیاكەی بەهمەن قوبادی بڕی (893 هەزار) دۆلاری بۆ تەرخانكراوە بۆ ئەوەی دوو فیلم بەرهەم بهێنێت، بەڵام فیلمەكانی بەرهەم نەهێناوە، ئەمە بەشێكی ترە لە راپۆرتی چاودێری دارایی لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو (5 ملیۆن) دۆلارەی بۆ هەولێر تەرخانكراوە وەكو پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی.
هەندێك خەرجی تر
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، لەسەر بودجەی هەولێر وەكو پایتەختی گەشتیاری، لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا بڕی (300 هەزار) دۆلار خەرجكراوە بۆ كۆمپانیای (الابشر) كە بریكاری گروپی (M.B.C) بووە بۆ ئاهەنگگێڕانی ئەستێرەكانی (عەرەب ئایدڵ).
بەپێی گرێبەستەكە دەبوو كۆمپانیاكە بڕی (هەزارو 500) بلیت بفرۆشێتو نرخی هەر بلیتێك (200) دۆلار بێت، دوای فرۆشتنی بلیتەكان داهاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەی پایتەختی گەشتیاریی، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ پشتگیرییەكمان بەرچاو نەكەوت كە بیسەلمێنێ داهاتی فرۆشتنی ئەو بلیتانە وەرگیراونەتەوە"، چاودێری داوا دەكات چارەنوسی داهاتی ئەو بلیتانە یەكلابكرێنەوە.
پاتەختی گەشتیارییو كۆمپانیای "مژ فیلم"
كۆمپانیای "مژ فیلم" كە خاوەندارێتییەكەی بۆ دەرهێنەری بەناوبانگیی سینەمایی (بەهمەن قوبادی) دەگەڕێتەوە لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاری، بڕی (893 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە بۆ دەرهێنانی دوو فیلم، یەكێكیان ماوەی (100) خولەكەو ئەوی تر ماوەكەی (52) خولەكە، چاودێری دارایی لەسەر ئەم گرێبەستە چەند تێبینییەكی تۆماركردووە كە ئەمانەن:
• بەپێی گرێبەستەكە گوژمەی پارەكە بەدووجار دەدرێت بە كۆمپانیای ناوبراو، یەكەمیان (450 هەزار)و بەشی دووەمی گوژمەكەش دوای كۆتایهاتنی هەردوو فیلمەكە دەدرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتی چاودێری دارایی، بەپێچەوانەی گرێبەستەكەوە بڕی (630 هەزار) دۆلار وەكو پێشەكی دراوە بە كۆمپانیاكە، بەبێ بوونی هیچ دەستبەبەرێكی بانكیی، ئەمە لەكاتێكدا بووە تا ئەوكاتەی دەستەی چاودێری دارایی دەستی بە وردبینی كردووە، دوو فیلمەكە بەرهەم نەهێنراون لەكاتێكدا بەپێی گرێبەستەكە پێویست بووە فیلمەكان لە ساڵی 2014 كۆتایی بهاتنایە، چاودێری دارایی پێشنیازی كردووە لەسەر ئەم كەیسە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت، چاودێری دارایی دەڵێ دەبێ لێكۆڵینەوە لە دەستەی سەرپەرەشتیاری بودجەی پایتەختی گەشتیاری/ هەولێر بكرێت چۆن پارەی حكومەتیان داوە بە كۆمپانیایەك بەبێ بوونی دەستەبەری بانكی، هەروەها لێكۆڵینەوە بكرێت لەوەی چۆن كاریان بەو كۆمپانیایە داوە لەكاتێكدا كۆمپانیاكە بە نوسراوێك لە 24/11/2014دا داوای لێبوردنی كردووە لەوەی ناتوانێت فیلمەكان بەرهەم بهێنێت.
بودجەی پایتەختی گەشتياریو پەڕەشوت
دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەی پایتەختی گەشتیاری (هەولێر) گرێبەستێكی كردووە لەگەڵ (الجناح الژهبی السویدی) بۆ فێركردنی فڕین بە پەرەشوت بۆ ماوەی دوو رۆژ لە (11)و (20)/ 3/2014و نمایشێكی تر بەناوی "پەرەگلایدەر"، بۆ ئەم دوو كارە بڕی (280 هەزار) دۆلار تەرخانكراوە، چاودێری دارایی چەند تێبینییەكی لەسەر ئەم گرێبەستە تۆماركردووە كە ئەمانەن:
• گرێبەستەكە لەگەڵ ئەندازیارێكی فڕوكەوانی واژۆكراوە بەناوی (ی س/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە)، چاودێری دارایی دەڵێ هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێ ناوبراو نوێنەری كۆمپانیای (الجناح الژهبی السویدی)یە.
• جیاوازی هەیە لە گوژمەكان لەنێوان گرێبەستی سەرەتاییو گرێبەستی كۆتایی واژۆكراودا.
• سەرەتا بڕیاربووە پرۆژەكە بە (150 هەزار) دۆلار جێبەجێ بكرێت، بەڵام دواتر بری (280 هەزار) دۆلار دراوە بە كاپتن (ی س) بەشێوەی كەسیی.
• چاودێری دارایی دەڵێ ئەم كارە بەبێ كێبركێ دراوە بەو كۆمپانیایە لەكاتێكدا چەندین كۆمپانیای هاوشێوە هەیە، بۆیە دەبێت لێكۆڵینەوە بكرێت.
پانزە هەزار دۆلار بۆ كردنەوەی سایتێك
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاری (هەولێر) بڕی (15 هەزارو 200) دۆلار تەرخانكراوە بۆ كردنەوەی مەڵپەڕێكی ئەلیكترۆنی بۆ دەستەی (هەولێر پایتەختی گەشتیاریی)، چاودێری دارایی دەڵێ:" هیچ نییە پشتگیری راستیو دروستی ئەم خەرجییە بكات جگە لە پسوڵەیەك كە لە كۆمپانیای A.T.Cوە ئاڕاستەی ئۆفێسی دەستەی (هەولێر پایتەختی گەشتیاری 2014) كراوە.
لەسەر هەمان بودجە چەندین خەرجی تر كراوە كە چاودێری دارایی گومانی لەسەریان هەیە لەوانە:
• چالاكی نمایشی ئۆركستراو بالیە/ دیداری راگەیاندن/ دروشمی (هەولێر پایتەختی گەشتیارییە)/ بەەكرێگرتنی هۆڵ، لەبارەی خرجی ئەم چالاكییانەوە چاودێری دارایی دەڵێ لەبەر رێكنەخستنو پاراستنی بەڵگەی پێویست بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی خەرجییەكان نەمانتوانی پشتگیری راستیو دروستی خەرجییەكان بكەین.
• پسوڵەیەك رێكخراوە بۆ بەكرێگرتنی هۆڵی "شەهید سەعد عەبدوڵا) بەبڕی (15 هەزارو 400) دۆلار، چاودێری دارایی تێبینی كردووە دووجار پسوڵە بۆ ئەم كارە كراوە لەلایەن دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەی پایتەختی گەشتیاریی.
• چالاكی فێستیڤاڵی رۆژی جیهانی منداڵان، چاودێری دارایی تێبینی كردووە، بەبێ بوونی پسوڵەی پێویستو هیچ بەراییەك ، پاڵپشت بە یاداشتی بەڕێوەبەری هۆبەی هونەری بڕی (15 ملیۆنو 200 هەزار) دینار خەرجكراوە بۆ ئەم كارە، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە پێچەوانەی یاسای ژمێریاریو رێنماییە داراییەكانە.
• پێشەنگای نێودەوڵەتی گوڵ، بەپێی راپۆرتی چاودێری دارایی بڕی (18 هەزار) دۆلار بۆ خەرجكراوە بەمەبەستی دیزاینكردنی شوێنی ئەم پێشانگایە لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە بەناوی (EIAN EXPO)، ئەم پارەیە لەلایەن كەسێكەوە بەناوی (ا ج ج/ ناوەكەی لای درەو پارێزراوە) وەرگیراوە، كە هاوڵاتییەكی سورییەو هیچ بەڵگەیەك نەبووە لەبارەی ئەوەی كە ئەو كەسە نوێنەرایەتی كۆمپانیاكە دەكات، سەرباری ئەوە كۆنوس رێكنەخراوە تایبەت بە خەرجییەكە.
كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ مودیر ناحیە لە بودجەی پایتەختی گەشتیاریی
لەسەر ئەو (5 ملیۆن) دۆلارەی وەكو پایتەختی گەشتیاری بۆ هەولێر تەرخانكراوە، ئۆتۆمبیل بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی دیبەگە كڕدراوە، سەرباری ئەوە دەستەی سەرپەرەشتیاری پایتەختی گەشتیاری لە گوندی ئینگلیزی خانویەكیان بۆ خۆیان بەكرێگرتووە، چاودێری دارایی دەڵێ:" كرێی خانوەكە زۆرەو لە نوسراوەكاندا بەپێنوس دەستكاری كراوە".
خانوی دەستەی سەرپەرەشتیار
لەسەر بودجەی پایتەختی پایتەختی گەشتیاریی (هەولێر)، دەستەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەكە لە گوندی ئینگلیزی لە هەولێر خانویەكیان بۆخۆیان بە كرێگرتووە بە بڕی (83 هەزار) دۆلار بۆ ماوەی سالێك، چاودێری دارایی دەڵێ سەرۆكی دەستەكە گرێبەستەكەی واژۆ نەكردووەو سەرباری ئەوەش بڕی پارەی گرێبەستەكە بە پێنوس دەستكاری كراوە، لەبارەی خەرجكردنی ئەم پارەیە بۆ بەكرێگرتنی خانوو، چاودێری دارایی ئاماژەی بەوەكردووە ئەو كرێیە زۆر گرانە.
ئۆتۆمبیل بۆ مودیر ناحیە
هەر لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاری دوو ئۆتۆمبیلی جۆری فۆرد بە بڕی (84 هەزار) دۆلار كڕدراوە، بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی یەكێك لەە ئۆتۆمبیلەكان كراوە بەناوی (تۆڵە مەهدی خۆشناو) بەڕێوەبەری ناحیەی دیبەگە، چاودێری دارایی دەڵێ:" ئەوە سەرپێچی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە).
چارەنوسی كەلوپەلەكان
راپۆرتی چاودێری دارایی تێبینی كردووە هەر لەسەر بودجەی پایتەختی گەشتیاری ژمارەیەكی زۆر كەلوپەل بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگو چالاكییەكان كڕدراوە، بەڵام چارەنوسیان نادیارە، بۆ ئەوەش نمونەی بە كڕینی (200) كورسی توركی كردووە بۆ ئاهەنگێك لە رۆژی 11و 20/3/2014 بەبڕی (8 هەزار) دۆلار، هەروەها كڕینی (هەزار) كورسی بەبڕی (100 هەزار) دۆلار بۆ (مدرج)ی شوێنی ئاهەنگەكان.