رژێمی ئەسەد تاكە براوەی ڕێكەوتنی ئەردۆغانو پۆتنە
2020-03-06 12:06:10
راپۆرتی: درەو
رژێمی سوریا تاكە براوەی ڕێككەوتنی (ئەردۆغان_پۆتن)ە، ئەو نەخشەیەی بەشەڕ لەئیدلیب سەپاندی دەستكاری ناكرێ، لەهیچ بڕگەیەكی ڕێككەوتنەكەدا ئاماژە بەكشانەوەی سوپای سوریا نەكراوە وەك ئەوەی پێشتر توركیا پێداگری ئەكرد. جگە لەوەی لەڕێككەوتنەكەدا كۆمەڵێك مەسەلەی هەستیار باسنەكراوە، دیارترینیان چارەنوسی خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیایە كەژمارەیەكیان لەلایەن سوپای سوریاوە گەمارۆ دراون.
( ئاگربەست، رێرەوی ئارام، دەورەیەی هێزەكانی روسی – توركی) ئەو سێ خاڵەن كە ئێوارەی دوێنێی نێوان (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)ی سەرۆكی توركیاو (ڤلادیمێر پۆتن)ی سەرۆكی روسیا لەسەری رێككەوتن.
بڕگەكانی ڕێككەوتنەكە:
1- وەستاندنی سەرجەم كارە جەنگییەكان بە درێژایی هێڵەكانی بەرامبەر لەناوچەی كەمكردنەوەی توندوتیژی لەكاتژمێر 12ی شەوی پێنج شەمەوە.
2- دامەزراندنی ڕێڕەوێكی ئارام بەهەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزرارەتی بەرگری بە قوڵایی 6 كیلۆمەتر لەباكورو 6 كیلۆمەتر لەباشوری ڕێگای نێودەوڵەتی حەلەب_لازقییە.
3- بەگەڕخەستنی كاروانی سەربازی هاوبەشی ڕوسی_توركی لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی حەلەب_لازقییە لە ڕۆژی 15ی ئازار لەترنبە(2 كیلۆمەتر لەخۆرئاوای سەراقیب) تا عەین ئەلحور.
ڕێككەوتنەكە هیچ ناگۆڕێت
بەپێی ڕێككەوتنەكە، ئەو هێڵانەی رژێمی سوریا كێشاویەتی وەك خۆی دەمێنێتەوە، هیچ ئاماژەیەكی تێدانییە بۆ كشانەوە لێی، وەك ئەوەی توركیا پێشتر بەشێوەیەكی بەردەام دوایدەكرد. هەروەها لەڕێككەوتنەكەدا هیچ قسەیەك لەسەر ڕێگای "ئێم5"نەكراوە، كە پێگەیەكی گرنگتری هەیە لەو پێگەیەی ڕێگای "ئێم 4" هەیەتی، كە باكوری سوریا بە باشورییەوە دەبەستێتەوە.
یەكێكی تر لەو خاڵانەی كە ڕێككەوتنەكە خۆی لەباسكردنی نەداوە، كردنەوەی گەمارۆی لەسەر خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیایە لەلایەن سوپای سوریاوە لە پارێزگاكانی (حەلەبو حەماو ئیدلیب).
هاوكات، لەرێككەوتنەكەدا باس لە كشانەوەی سوپای سوریا نەكراوە لەناوچەكانی جەبەل زاویەو موعرەت نوعمانو سەراقیب، كە بایەخی ستراتیجی گرنگیان هەیەو، هاوشانی ڕێگا نێودەوڵەتییەكانن.
سوریا پابەندنابێت
(محەمەد یەحیا مەكتەبی) ئەندامی دەستەی سیاسی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) گومانی خۆی پیشانداوە كە رژێمی سوریا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بێت، وەك ئەو وتویەتی: ئەزمونەكانی پێشوو سەلمێنەری ئەوەیە كە رژێم پابەندی هیچ ڕێككەوتنو لێكگەیشتنێك نابێت، هاوكات باسی لەناڕوونی وردەكاری ڕێككەوتنەكەش كردووە، ئەوەش بەدەلالەتی ئەوە ناوبردوە كە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان توركیاو ڕوسیا بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە.
لای خۆیەوە، (عەمید فاتح حەسون) یەكێك لەسەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە: ژمارەیەكی زۆر خاڵی ناڕوون هەیە لەڕێككەوتنەكەدا، ڕەنگە مامەڵەی مەیدانی ڕوسیاو توركیا لەچەند كاتژمێری داهاتوودا ئەو مەسەلەیە ڕونبكاتەوە، بەتایبەت چارەنوسی ڕێككەوتنی سوچیو، خاڵە گەمارۆدراوەكانی چاودێری سوپای توركیاو، ڕێگای "ئێم5".
بەوتەی ناوبراو، ئەوەی لە لوتكەكە بەرهەمهاتووە ڕێككەوتنێكی كاتیو لەرزۆكە، لەهەفتەكانی داهاتوودا پێویست بەڕێككەوتنو گفتوگۆی تازەدەكات. لەبارەی بژاردەكانی بەردەم توركیاش ڕایگەیاندووە: ئەمریكا بەمەرجێك پشتیوانی دەكات كۆتایی بەگرێبەستی (ئێس400) بهێنێت، پشتیوانی ئەوروپییەكانیش پەیوەستە بە ڕاگرتنی شەپۆلی كۆچبەران، لەبەرامبەریشدا ڕوسیا پێشنیازی ڕێككەوتنێكی بۆ دەكات كە كەمتربێت لەڕێككەوتنی سوچی. ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە توركیا لەنێوان ئەم بژاردانەدا كامیان هەڵدەبژێرێت؟.
پارێزگای ئیدلیب
پارێزگای ئیدلیب دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای سوریا وبە درێژی 129 كیلۆمەتر سنوری بە توركیاوەیە، لە رۆژهەڵاتیەوە پارێزگای حەلەبەو لە باشوریەوە پارێزگای حەمایەو لە رۆژئاوایشیەوە پارێزگای لازقیەیە.
- روبەری پارێزگای ئیدلیب ( 6 هەزارو 100 كلیۆمەتر چوار گۆشەیە)
- دانیشتوانەكەی ( 3 ملیۆن و 867 هەزار) كەسە. ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی ناوچەكانی تر لەو پارێزگایە دەژین
لەدوای خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەكانی سوریاوە لە 2011 ئەو پارێزگایە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەربە توركیادایەو هەمووشیان لە دەستەیەكدا خۆیان رێكخستووە 2017 بەناوی (تەحریری شام)