Draw Media

سوچی مرد، ئەردۆغان هەوڵی زیندوكردنەوەی دەدات

سوچی مرد، ئەردۆغان هەوڵی زیندوكردنەوەی دەدات

2020-03-05 17:33:06


راپۆرتی: درەو
لەدوای هێرشەكانی رژێمی سوریا بۆ سەر ئیدلیب‌و ناوچەكانی باكوری خۆئاراوای سوریا كە بەدواین مۆڵگەی گروپە توندڕەوەكانی نزیك لە توركیا دادەنرێت، ڕێككەوتنی سوچی بەشێوەیەكی كرداری كۆتایهات، لەئێستادا واقیعێكی تازە لەسەر زەمینی ئەو ناوچانە هاتووەتە گۆڕێ‌. رژێمی سوریا لەسەر حسابی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەتوركیا باڵادەستی لەزۆرێك لەو ناوچانە سەپاندووە، توركیاش نایەوێت ئەو واقیعە تازەیە قبوڵبكات. بەنیازە ئەوەی لەمەیدان لەدەستی داوە لە گفتوگۆی دبلۆماسی‌و بەكارهێنانی كارتی سیاسی جیاوازدا بەدەستی بهێنێتەوە، یان لایەنی كەم بەكەمترین زیان لێی دەرچێت.
دوای ئاڵۆزبونی دۆخی ئیدلیب‌و كوژران‌و برینداربوونی دەیان سەربازی توركیا، ئەمڕۆ جارێكی تر (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) گەیشتەوە مۆسكۆو لەگەڵ هاوتا ڕوسییەكەی (ڤلادیمێر پۆتن) كۆبوەوە. 
سەرەتای دیدارەكەیان، پۆتن سەرەخۆشی لە ئەردۆغان كرد بە بۆنەی كوژرانی سەربازەكانی توركیا لە سوریاو وتی:"سەربازانی ڕوسیاو سوریا زانیارییان لەبارەی شوێنی سەربازەكانی توركیا نەبووە، سوپای سوریاش ئەم ماوەیە زیانی زۆری پێگەیشتووە". 
پۆتن وتیشی:" دۆخی ئیدلیب بەجۆرێك بە جۆرێك ئاڵۆزبووە پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوانمان بوو". تەئكیدیشی لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی ئەو ئاڵۆزییانەو كاركردن بۆ دووبارە نەبوونەوەی كردەوە.
پۆتن لەقسەكانی ڕویكردەوە ئەردۆغان وتی:" وەك ئەوەی داواتان كردبوو ئامادەین بۆ دەستكردن بە قسە ڕووبەڕوو، دواتر بەرپرسانی هەردوو حكومەتی ڕوسیا و توركیا بەشداربن لە گفتوگۆكان".  
لای خۆیەوە،(ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) هیوای خواست ئەو بڕیارانەی لەم كۆبونەوەیەدا دەدرێن بێتە مایەی هێوركردنەوەی دۆخەكە لەئیدلیب، وتیشی:"پەیوەندییەكانی توركیاو ڕوسیا لەلوتكەدایەو دەمانەوێت بەهێزتربێت". 


پێش دانوستان ئیشی خۆیانكرد
بەپێی شرۆڤەیەك كە ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەنجامیداوە لەبارەی گەشتە ئاسمانییەكان‌و چاودێری گەشتی دەریاوانی لە گەروی بۆسفۆر، لە ڕۆژی 28 شوباتەوە كە دەكاتە ڕۆژێك دوای كوژرانی 34 سەربازی توركی لەگورزێكی ئاسمانی سوپای سوریادا، ڕوسیا بەشێوەیەكی بەرچاو گەشتە ئاسمانی‌و دەریاوانییەكانی بۆ سوریا زیادكردووە.
بەگوێرەی ئاژانسەكە، ڕوسیا لەماوەی 6 ڕۆژدا 5 كەشتی جەنگیی ڕەوانەی سوریا كردووە كە ئاستی ئاسایی ناردنی كەشتییەك یان دوو كەشتی جەنگییە لەماوەی هەفتەیەكدا.
لەبەرامبەر ئەو جوڵانەی ڕوسیادا پێش ئەنجامدانی كۆبونەوەكەی (پۆتن_ئەردۆغان)، خواستێكی توركی بەهێز هەیە كە گفتوگۆكانی ئەمڕۆی مۆسكۆ ئەنجامی خێراو بەرجەستەی لێبكەوێتەوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی سوچی.
هەوڵی زیندوكردنەوەی سوچی دەدات
بەپێی ڕێككەوتنی سوچی كە لە 17ی ئەیلولی ساڵی 2018 لەنێوان (ڤلادیمێر پۆتن‌و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) لەهاوینەواری سوچی لەڕوسیا ئیمزاكرا، بڕیاردرا بەپێكهێنانی ناوچەیەكی داماڵڕاو لەچەك لەئیدلیب بە پانتایی 15بۆ 20 كیلۆمەتر بەدرێژایی سنورەكانی بەریەككەوتن لەنێوان سوپای سوریاو گروپە چەكدارەكان.
هێرشەكانی ئەم دواییەی سوپای سوریا بۆ باكوری خۆرئاوای سوریاو بەدیاركراوی بۆ ئیدلیب بەتەواوی ڕوخساری ئەو ڕێككەوتنی گۆڕی‌و، زۆرێك لەو ناوچانەی كەهیڵی جیاكەرەوەو، ناوچەی هێوركردنەوەی توندتیژی بوون، لەچەند هەفتەی ڕابردودا بوونە گۆڕەپانی شەڕو زۆرێكی لەلایەن سوپای سوریاوە كۆنتڕۆڵكرانەوە.
كشانەوەی هێزەكانی رژێمی سوریا لە ئیدلیب بۆ دوای ئەو سنورانەی بەپێی ڕێككەوتنی سوچی ئەنكەرەو مۆسكۆ لەسەری ڕێككەوتوون، یەكێكە لەداواكارییە سەرەكییەكانی حكومەتی توركیا، ئەمە تاكە دەرچەیە توركیا بە چارەسەرێكی ئاشتیانەی بزانێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بەكەمترین زیان، بۆیە بەهەموو توانایەوە هەوڵی زیندكردنەوەی دەدات، بەڵام مامەڵەی ڕوسیاو دیمەشق‌و هەنگاوەكانیان ئەوە دەردەخات  كە وەك مردوو تەماشای ڕێككەوتنی سوچی دەكەن‌و، لەپێشەوە دەڕوانن، بەنیازی ئاوڕدانەوەنین لەدواوە.


بژاردەكانی ئەنكەرە 
سەربازیی: 
بەكارهێنانی هێز یەكێكبووە لەو بژاردانەی حكومەتی توركیا لەم پێشهاتە نوێیانەی ئیدلیب دا پەنای بۆ برد، بەڵام بەشێوەیەكی سنوردارو بە ڕێككەوتن لەگەڵ ڕوسیا، بەتایبەت دوای كوژران‌و برینداربوونی دەیان سەربازی لە بۆردومانی سوپای سوریادا، توركیا زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەودۆخە دەكات و نایەوێت هیچ بەریەككەوتنێكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سوپای ڕوسیا لەسوریا بۆ دروستبێت، چونكە ئەزمونێكی تاڵی هەیە لەمامەڵەكردن لەگەڵ ڕوسەكان بە تایبەت دوای بەردانەوەی فرۆكە ڕوسییەكە كە پۆتن ئەردۆغانی ناچاركرد داوای لێبوردن لە ڕوسیا بكات، وێڕایی ئەوەی زیانی ملیارەها دۆلاری بە ئابوری توركیا گەیاند.
ئەو هێرشە سەربازییانەی توركیا لە ئێستادا ئەنجامیدەدات  زیاتر بۆ هەڵلوشینی توڕەیی ناوخۆیی وڵاتەكەی‌و تۆڵكردنەوەیە لەرژێمی سوریا، بەدەر لەوە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر گۆڕینی هاوكێشەی هێز و نەخشەی شەڕەكە نابێت.


هەڕەشە:
لەدوای هێرشەكانی سوپای سوریاوە بۆ ئیدلیب، ئەردۆغان تاكۆتایی مانگی شوباتی بۆ رژێمی سوریا دیاریكرد بۆ كشانەوەی هێزەكانی بەپێچەوانەوە، هەڕەشەی ئەنجامدانی پرۆسەیەكی سەربازی كرد بۆ وەدەرنانی سوپای سوریا لەو ناوچانە، بەڵام سوپای توركیا لەبری ئەو پرۆسەیە دوای كوژرانی 34 سەربازەكەی، پرۆسەی (قەڵغانی بەهاری) ڕاگەیاند، كە خۆی لەئەنجامدانی كۆمەڵێك گورزی ئاسمانیدا دەبینێتەوە بۆ سەر سوپای سوریاو، ئەو پرۆسەیەی پێشتر هەڕەشەی ئەنجامدانی كرد نەیتوانی جێبەجێبكات. 


پەنابەران:
دۆسیەی پەنابەران یەكێكی ترە لەو كارتانەی توركیا بۆ دروستكردنی فشار لەسەر وڵاتانی ئەوروپا بەكاریدەهێنێت تا وەك هاوپەیمانێكی ڕێكخراوی ناتۆ لەمەسەلەی ئیدلیب ئاوڕی لێبدنەوەو، بەتەنیا لەبەردەم ڕوسیا بەجێی نەهێڵن.
گەرچی توركیا لەڕابردودا توانیویەتی ئەم دۆسیەیە مرۆییە وەك كارتێكی سیاسی‌و هەڕەشەی بەردەوام بە باشی بەكاربهێنی‌و، فشاری توند لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دروست بكات، بەڵام پێنناچێت ئەمجارە ئەوروپییەكان بەهەمان سنگ فراوانی ڕابردوەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەن.
دوێنی وەزیرانی ناوخۆی یەكێتی ئەوروپا لەكۆبونەوەیەكدا بەكارهێنانی پەنابەرانیان وەك كارت‌و فشاری سیاسی لەلایەن توركیاوە بەتوندی ڕەتكردەوەو، داوایان لە ئەنكەرە كرد سەرجەم بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێبكات كە ساڵی 2016 لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا ئیمزای كردووە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand