كۆمسیۆن سندوقەكانی هەڵبژاردن تێست دەكات
2018-04-30 13:41:06
سندوقە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان گەیشتە نوسینگەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق، بەپێی دواین داتای كۆمسیۆن، رێژەی ئەوانەی كارتی بایۆمەترییان وەرگرتوەتەوە گەیشتوەتە (68%).
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سندوقەكانی دەنگدانی رەوانەی نوسینگەكانی كرد لە پارێزگاكانی عێراقی.
لەگەڵ گەیشتنیان، سندوقەكانی دەنگدان لە نوسینگەكانی كۆمسیۆن تێستیان بۆ كرا، كۆمسیۆن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سندوقەكانی دەنگدان تەكنەلۆژیان جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگیان تێدا دانراوە و هەموو سندوقەكانی كە لەسەرتاسەری عێراق ژمارەیان (60 هەزار) سندوقە، تێستیان بۆ كراوە.
تێستكردنی سندوقەكانی دەنگدان بە ئامادەبوونی پسپۆڕ و چاودێرانی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەچوو، پرۆسەیەكی دەنگدانی وەهمی بەڕێوەچوو، بەپێی بەیاننامەكەی كۆمسیۆن، دوای ئەوەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكە دەنگەكانی جیاكردوەتەوە و ئەژماریكردون و راپۆرتی ئەنجامی داوە بەدەستەوە، بۆ دڵنیابونەوە لە راست و دروستی كاری ئامێرەكە، جارێكی تر بەشێوەی دەستی دەنگەكان جیاكراونەتەوە و ئەژماركراونەتەوە، دەركەوتووە ئەنجامەكە بەرێژەی 100% هاوتای ئەو ئەنجامە بووە كە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكە نیشانیداوە.
لەلایەكی ترەوە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشكرایكرد، رێژەی ئەو كەسانەی كە كارتی بایۆمەترییان وەرگرتوەتەوە گەیشتوەتە (68%)، ئەمەش بەبۆچونی كۆمسیۆن ئاستێكی باشە.
كۆمسیۆن هۆشداری دایە دەنگدەران، رۆژی (7)ی مانگی داهاتوو دواین وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری.