Draw Media

كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چۆن لەباربرا ؟

كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چۆن لەباربرا ؟

2020-03-03 12:00:56


 (درەو):
بە فشاری قوباد تاڵەبانی‌و رێبەر ئەحمەد‌و شەعبان شەعبان چالی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ بڕیاردان لەسەر راگرتنی دەوام لە فەرمانگەكان، لەباربرا.
بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆببێتەوە‌و بڕیار لەسەر گرتنەبەری چەند رێوشوێنێك بدات بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام كۆبونەوەكە لەباربرا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، زۆربەی فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگا بەنیازبوون پێشنیازێك بخەنە دەنگدانەوە بۆ راگرتنی تەواوەتی دەوامی فەرمانگەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەی گەرمیان‌و راپەڕین تاوەكو رۆژی 24/3، جگە لە دەوامی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان.
بڕیاربوو لەو كۆبونەوەیەدا هەریەكە لە پارێزگارو بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و سەرپەرەشتیارەكانی ئیدارەی راپەڕین‌و گەرمیان بەشداربن، بەڵام جگە لە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی‌و هەڵەبجە، هیچ یەكێك لەو كەسانە ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوون.
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی:" هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ئامادەیی دەربڕیوە بەشداری لە كۆبونەوەكەدا بكات، بەڵام بەمەرج، ئێمەش مەرجەكەمان قبوڵ نەبووە".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، مەرجی هەڤاڵ ئەبوبەكر بۆ بەشداربوون لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگا ئەوە بووە، كۆبونەوەكە داخراو بێت‌و دور لە چاوی كامێراكان بەڕێوەبچێت هەروەها لە كۆبونەوەكەدا بڕیار لەسەر راگرتنی دەوامی فەرمانگەكان نەدرێت".
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، شەعبان شەعبان چالی بەڕێوەبەری نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران تەلەفۆنیان بۆ پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە‌و سەرپەرەشتیاری ئیدارەكانی راپەڕین‌و گەرمیان كردووە‌و داوایان لێكردون بەشداری لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگادا نەكەن".
(درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانی دژی ئەوە بووە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەت بڕیار لەسەر راگرتنی دەوامی فەرمانگە حكومییەكان بدات، بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێن بەپێی یاسای كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەو دەسەڵاتەیان پێدراوە لەبارودۆخە تایبەتەكاندا بڕیار لەسەر هەر رێوشوێنێك بدەن لە سنوری پارێزگاكەی خۆیاندا، ئەوان رێگریكردنی حكومەت لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگا بە لێدان لە بنەمای شۆڕبوونەوەی دەسەڵات‌و لامەركەزیەتی بڕیاردان، ناودەبەن. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا فراكسیۆنەكان راوبۆچونیان جیاوازبووە، هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی‌و كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەبوون ئەنجومەن بڕیار لەسەر راگرتنی دەوامی فەرمانگەكانی سنوری سلێمانی بدات، لەبەرامبەردا فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و پارتی‌و یەكگرتووی ئیسلامی لەدژی دەركردنی بڕیارەكە بوون.
حكومەتی هەرێم لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە چەند رێنماییەكی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە، لە یەكێك لە رێنماییەكاندا داوا لە هاوڵاتیان دەكات بۆ كاری پێویست نەبێت سەردانی فەرمانگەكان نەكەن، ئەمڕۆ هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێرو سلێمانی مامەڵەی هاوڵاتیانیان راگرت، بەڵام هێشتا حكومەت بەتەواوەتی بڕیاری لەسەر راگرتنی داوامی فەرمانگەكان نەداوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand