Draw Media

دیمەشق‌و مۆسكۆ ئاسمانی ئیدلیب لە ئەنكەرە قەدەغە دەكەن

دیمەشق‌و مۆسكۆ ئاسمانی ئیدلیب لە ئەنكەرە قەدەغە دەكەن

2020-03-02 18:29:08


راپۆرتی: درەو
ئەمڕۆ جارێكی تر "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" داوای لەسوپای سوریا كرد لەباكوری خۆرئاوای وڵاتەكەیان پاشەكشێی بكەن بۆ ئەو هێڵانەی  توركیا دەستنیشانی كردووە، وتیشی: ئەو زیانانەی سوپای سوریا بەهۆی هێرشەكانی توركیاو گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە دووچاری بووە، تەنها سەرەتایە.
ئەردۆغان لەمیانی بەشداریكردنی لەچالاكییەكی حزبەكەی لەئەنكەرە لەوتەیەكدا ڕاشیگەیاند: "گەورەترین زیانمان لەرژێمی سوریا داوە بەدرێژایی مێژوویی خۆی، ئەگەر بەزووترین كاتیش نەكشێنەوە بۆ ئەو هێڵانەی كە توركیا دیاریكردووە، ئەوا سەریان پێوەنابێت لەسەرو شانیانەوە" .  
ئەو هەڕەشانەی ئەردۆغان لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەردانی ڕوسیا دەكات‌و، لەگەڵ "ڤلادیمێر پۆتن" دواین پێشهات‌و ئاڵۆزییەكانی دۆخی ئیدلیب تاتوێدەكات.
هاوكات "دیمتری بیسكۆف" وتەبێژی "كرملین" لەبارەی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی "ئەردۆغان" بۆ ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو "پۆتین" لەگەڵ هاوتا توركییەكەی تاوتوێی دۆخی سوریا دەكات، وتیشی: پابەندین بە ڕێككەوتنی سوچی‌و، یەكێتی خاكی سوریا‌و، پشتیوانی قەلاچۆكردنی تیرۆرستان دەكەین. 


پێشهاتەكان لەبەرژوەندی ئەنكەرە نییە 
"ئەردۆغان" لەكاتێكدا هەڕەشە لەسوپای سوریا دەكاو، سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنیشە بۆ گەشتێكی دبلۆماسی بە ئامانجی بەرگرتن لەهەر گۆڕانكارییەكی نوێ لەنەخشەی سیاسی باكوری خۆرئاوای سوریا. پێشهاتە مەیدانییەكان لەو ناوچەیە لە گۆڕانكاری خێرادان‌و، دۆخەكە تەواو پێچەوانەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەرە كە ئەردۆغان پێیوابوو، پارسەنگی هێز لەبەرژوەندی توركیا گۆڕانی بەسەرهاتووە. 
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی "سپۆتینگ" ڕوسی، شەوی ڕابردوو  سوپای سوریا هێرشێكی فراوانی كردووەتە سەر پێگەی گروپە تیرۆرستییەكان لەشاری سەراقیب‌و دەوروبەری كە تا بەیانی ئەمڕۆ بەردەوامبووە، سەرەنجام توانیویەتی كۆنتڕۆڵی شارەكە بكاتەوە. لەدوای دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیدلیبەوە ئەوە جاری دووەمە سوپای سوریا شاری سەراقیب لەچنگی گروپە توندڕەوەكانی نزیك لەتوركیا دەردێنێت. 
هەر لەوچوارچێوەیەدا، سەنتەری ئاشتبونەوەی ڕوسی لەسوریا لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: پۆلیسی سەربازیی ڕوسیا بەفەرمی چووتە ناو شاری سەراقیب-وە. بەگوێرەی بەیاننامەی سەنتەرەكە، لەپێناو زامنكردنی جوڵەی بارهەڵگرەكان‌و هاوڵاتیان بەدرێژایی هەردوو ڕێگای خێرای (ئێم4 و ئێم5)، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكەكەكانی پۆلیسی سەربازیی ڕوسیا چونەتە ناو شاری سەراقیب_وە. 
لەچەند ڕۆژی ڕبردودا گروپە توندڕەوەكان لەچوارچێوەی پرۆسەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ یەكەكانی كۆماندۆزی توركی توانیان شاری سەراقیب كۆنتڕۆڵ بكەنەوە. بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەمڕۆی لەلایەن سوپای سوریاوەو سپاردنی ئاسایشی شارەكە بە پۆلیسی سەربازیی ڕوسیا، پەلاماردانی سەرلەنوێی شارەكە لەلایەن گروپە توندڕەوەكان‌و سوپای توركیاوە كارێكی ئەستەمە، چونكە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سوپای ڕوسیا دەبنەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دوای پێنج لەڕاوەستاندنی، ئەمڕۆ سوپای سوریا پرۆسە سەربازییەكانی لەناوچەی "جەبەل زاویە" لەریفی باشوری ئیدلیب دەستپێكردووەتەوەو، توانیویەتی شارۆچكەكانی "حەزارین‌و دار ئەلكەبیرە" كۆنتڕۆڵبكاتەوە.  

كرملین هۆشداریدەدات
لەچوارچێوەی سنورداركردنی جوڵەكانی توركیا لە باكوری خۆرئاوای سوریا بەگشتی‌و شاری ئیدلیب بە تایبەتی، ڕوسیاو سوریا گەمارۆكانی سەر توركیایان بەتەواوی توندتر كردووەتەوەو، هەموو جوڵەیەكی فرۆكەوانی ئەنكەرەیان لەو ناوچەیە قەدەغەكرد، لەوبارەیەوە ئەمڕۆ "كرملین" ڕایگەیاند: وەزارەتی بەرگری ڕوسی هۆشداریداوەتە توركیا كە مۆسكۆ ناتوانێت زەمانەتی سەلامەتی فرۆكەكانی توركیا بكات كە بەسەر ناوچەی ئیدلیبی سوریادا دەفڕن، دوای ئەوەی دیمەشق بڕیاریدا ئاسمانی ناوچەكە دابخات.
دوێنێ‌ یەك شەممە حكومەتی سوریا، داخستنی بواری ئاسمانی بۆ گەشتی فرۆكە‌و هەر فرۆكەیەكی بێفرۆكەوان قەدەغەكرد لەئاسمانی ناوچەی باكوری خۆرئاوای سوریاو بەتایبەتی لەئیدلیب، بەگوێرەی بڕیارەكەی حكومەتی سوریا مامەڵەی فرۆكەی دوژمن لەگەڵ هەر فرۆكەیەكدا دەكەن كە ئاسمانی وڵاتەكەی ببەزێنێت. 
لەم سەروبەندەشدا، وەزیری بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هیچ پشتیوانیەكی ئاسمانی پێشكەش بە توركیا ناكات لە میانی ئەو پرۆسە سەربازییەی لە ئیدلیب ئەنجامیدەدات.
"مایك ئەسپێر" وەزیری بەرگری ئەمریكا لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا سەبارەت بە ئەگەری پشتیوانی ئاسمانی توركیا لە ئیدلیب وتی: نەخێر ، ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەزیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكانی دەڕوانێت بۆ خەڵكی سوریا.
   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand