Draw Media

بارەگای بارزانی یان سەرۆكایەتی هەرێم ؟

بارەگای بارزانی یان سەرۆكایەتی هەرێم ؟

2020-03-02 14:43:59


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
كابینەی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەبارچوو، بەڵام دەریخست بڕیاری سیاسی كورد لە بارەگای بارزانییە لە پیرمام نەك لە بارەگانی سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) نێچیرڤان بارزانی رێككەوتنی كردووە، بەڵام مەسعود بارزانی رێككەوتنەكەی هەڵوەشاندوەتەوە، لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بخوێنەرەوە.

تاقیكردنەوەیەكی نوێ
لە ئەزمونێكی نوێدا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و پارتە سیاسییەكان لەبەردەم بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دوچاری شكست هاتن.
درەنگانێكی دوێنێ شەو، محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێراوی عێراق پاشەكشێی خۆی لە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق راگەیاند.
سەرباری ئەوەی لە پێكهێنانی كابینەیەكی حكومیدا بۆ ماوەی یەك ساڵ شكستی هێنا، بەڵام بەو ئەركەی لەئەستۆی گرت، عەلاوی پارت‌و لایەنە سیاسییەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانی خستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێوە.

تاقیكردنەوەكەی عەلاوی بۆ كورد
عەلاوی كە دەستبەكاربوو، بەڵێنی دروستكردنی كابینەیەكی حكومی دا، كە لە كەسانی سەربەخۆ پێكهاتبێت، ئەمە هەر لە سەرەتاوە ناڕەزایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێكەوتەوە.
پارتی پێش دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ عەلاوی كرد‌و وەفدێكی ناردە بەغداد، وەفدەكە پێكهاتبوون لە هەریەكە لە هۆشیار زێباری‌و جەعفەر ئیمینكی.
مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانوستانەكانەوە دانانی كەسانی سەربەخۆی لە پۆستە وزارییەكان رەتدەكردەوە، بارزانی دەیوت دەبێت فوئاد حسێن‌و وەزیرە كوردەكانی تر بەبێ گۆڕانكاری وەكو خۆیان لە پۆستەكانیاندا بمێننەوە، بۆ ئەمەش بەهانەی ئەوە بوو، ئەوەی لە عێراق روودەدات لە ناڕەزایەتییەكانی شەقام پەیوەندیدار نییە بە كوردو وەزیرە كوردەكانەوە.
محەمەد تۆفیق عەلاوی لەبەردەم فشارەكانی بارزانی خۆی راگرت‌و سوربوو لەسەر گۆڕینی وەزیرەكان بە كەسانی سەربەخۆ، بەڵام لەدواین ساتەكان‌و بەر لە دەستلەكاركێشانەوەی لەو ئەركەی پێی سپێردرابوو، هەوڵیدا لەڕێگەی زیادكردنی پۆستێكەوە بارزانی قایل بكات بە دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكان، بەڵام ئەو هەوڵەشی شكستی هێنا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆتاییەكانی هەفتەی رابردوو لە كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، عەلاوی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی جگە لەو سێ وەزارەتەی كە بەر كورد دەكەوێت، پۆستێكی تر بۆ كورد زیاد بكات كە ئەویش پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ كاروباری هەرێمی كوردستان، هەروەها رازی بووە بەوەی فوئاد حسێن ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەمەش بەمەبەستی بەدەستهێنانی رەزامەندی مەسعود بارزانی كە بەردەوام جەختی لەسەر مانەوەی فوئاد حسێن كردووە.
(درەو) زانیویەتی، وەفدی لایەنە كوردستانییەكان رازی بوون بە پێشنیازەكەی عەلاوی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش رێككەوتنەكەی پەسەند كرد، بەڵام دواجار مەسعود بارزانی رێككەوتنەكەی رەتكردوەتەوە‌و ریسەكەی نێچیرڤان بارزانی كردوەتەوە بە خوری.
رەنگە رەتكردنەوەی رێككەوتنەكە لەلایەن بارزانییەوە هۆكارەكەی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە، پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەرێم كە بڕیاربوو بە فوئاد حسێن بدرێت، پۆستێكی بێ دەسەڵات بوو، چونكە باس لەوەدەكرا زیادكردنی ئەو پۆستە بەپێی یاسا نەكراوە، بۆیە ئەو كەسەی پۆستەكە وەردەگرێت لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا مافی دەنگدانی نابێت‌و كەسێكی بێدەسەڵات دەبێت، پۆستەكە زیاتر لە پۆستی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد دەچوو، كە ئێستا ئەو پۆستە لەلایەن (فارس عیسا)وە بەڕێوەدەبرێت.
زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، لەدواین ساتەكاندا محەمەد تۆفیق عەلاوی هەوڵیداوە لەرێگەی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی‌و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحەوە، مەسعود بارزانی قایل بكات، فەیاز‌و عامری داوای دیداری بارزانییان كردووە، بەڵام بارزانی بەبەهانەی ئەوەی بە گەشتێك چووە بۆ چیا، دیدارەكەی رەتكردوەتەوە‌و كۆتایی بە هەوڵەكە هێناوە.
هەندێك هۆكاری رەتكردنەوەكەی بارزانی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی تا كۆتایی سەردانی بارەگای بارزانی نەكردووە‌و لە پیرمام‌و بەردەوان لەڕێگەی كەسانی ترەوە پەیامی بۆ بارزانی ناردووە.
بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دۆسیەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدایە، كابینە لەبارچووەكەی عەلاوی یەكەم تاقیكردنەوە بوو بۆ نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا‌و دەریخست سەرباری ئەوەی مەسعود بارزانی هیچ پۆستێكی فەرمی حكومی نییە، بەڵام لایەنە عێراقییەكان گوێ بۆ قسەی ئەو دەگرن نەك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم.
كابینە لەبارچووەكە تاقیكردنەوەیەكیش بوو بۆ لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كە فراكسیۆنەكانیان لە بەغداد بەردەوام رەخنەیان لە پارتی‌و یەكێتی دەگرت، لەوانە (فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی).
فراكسیۆنی گۆڕان سەرباری ئەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكەی (یوسف محەمەد) بەشداری لە هیچ كۆبونەوەیەكی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان نەكرد، بەڵام بەردەوام (بەهار مەحمود) بە نوێنەرایەتی فراكسیۆن بەشداری دەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆنەكە دژی پێشنیازی بارزانی بۆ دانانی خەڵكانی حزبی لە پۆستە وزارییەكان دەوەستانەوە.
كاتێك رێككەوتن كرا لەنێوان عەلاوی‌و وەفدی لایەنە كوردییەكان، نوێنەری فراكسیۆنی گۆڕان (بەهار مەحمود) بەشدار بوو لە كۆبونەوەكەدا‌و یەكێك لەوانە بوو رێككەوتنەكەی پەسەندكرد، لەبەرامبەر ئەم بەشدارییەی گۆڕاندا لەژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم‌و لەناو وەفدی لایەنە كوردییەكان، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنیدا پۆستێكی وزاری لە بەغداد بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، بۆ ئەوەش داوای لە مستەفا سەید قادری جێگری كرد، ناوی سێ كەسی پێشكەش بكات كە دڵخوازی بزوتنەوەی گۆڕان بن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد.
واتە لە گەمەی پێكهێنانی حكومەتدا گۆڕان لەسەر دوو هێڵ یاری كرد، لەلایەك نوێنەری لەگەڵ وەفدی لایەنەكان بەشداربوو، لەلایەكی تر ئەندامانی فراكسیۆنەكە دژی خواستەكانی وەفدی كورد بەدیاریكراویش پارتی‌و بارزانی بوون بۆ دانانی كەسانی حزبی لە پۆستە وزارییەكان.
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامیش بەهەمان شێوەی فراكسیۆنی گۆڕان گەمەكەیان ئیدارە دا، فراكسیۆنی كۆمەڵ كە لە دوو ئەندام پێكهاتووە یەكێكیان (سەلیم شوشكەیی) لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری لایەنە كوردییەكان بەشدار دەبوو، ئەوی تر (ئەحمەدی حاجی رەشد) لە دەرەوەی پۆلەكە دەیخوێند، فراكسیۆنی یەكگرتووش كە دوو ئەندامی هەیە لە پەرلەمانی عێراق، رۆڵی دابەشكرد، سەرۆكی فراكسیۆنەكە (جەمال كۆچەر) لە وەفدی دانوستانكاری لایەنە كوردییەكان‌و لەژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم بەشداری دەكرد، ئەندامەكەی تر (موسەننا ئەمین) لە دەرەوە‌و لەچوارچێوەی گروپی (15) دا دەسوڕایەوە، گروپی (15) پێكهاتبوو لە (15) پەرلەمانتاری كوردی فراكسیۆنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی، ئەمانە دووجار لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی كۆبونەوە‌و داوایان دەكرد كەسانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكانی پشكی كورددا دابنێت، تەنانەت پێشنیازیان بۆ كرد ئەگەر پێویستی پێی بوو، ئەوان دەتوانن خەڵكانی سەربەخۆی لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستنیشان بكەن.
هەر لەناو گروپی (15) دا ژمارەیەك پەرلەمانتاری تر هەبوون كە روانگەیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كابینەی عەلاوی روون نەبوو، ئەمانە پێكهاتبوون لە (سێ) پەرلەمانتاری پێشتری جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە ئێستا ناویان لە خۆیانناوە فراكسیۆنی ئایندە هەروەها دوو پەرلەمانتاری پێشتری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە ئێستا ئەو حزبە هەڵوەشاوەتەوە‌و پەرلەمانتارەكان نزیكن لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە، ئەم دوو پەرلەمانتارە زیاتر لەچوارچێوەی سیاسەتەكانی بەرهەم ساڵحدا بڕیار لەسەر هەڵوێستەكانیان دەدەن.
یەكێتی نیشتمانیش كە تازە لە هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان هاتبووە دەرەوە، هەر لەم سەرەتایەوە نەیویست لەپرسی پێكهێنانی حكومەتدا لە عێراق لەگەڵ بارزانیدا تێكی بدات‌و لەگەڵ پارتی بەشداری دانوستانەكانی كرد، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەسعود بارزانی بەفەرمی پیرۆزبایی هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان (بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) لە یەكێتی نەكردبوو.
بەڵام بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە لەناو حزبەكەیدا (یەكێتی) بەمدواییە گورزێكی بەهێزی بەركەوت‌و نەكرا بە سەرۆك، هەوڵیدەدا لەژێر چەتری دانانی كەسانی سەربەخۆ بۆ پۆستە وزارییەكان، هەندێك لە دۆستەكانی خۆی لەكابینەكەی عەلاویدا جێگە بكاتەوە، بەڵام ئەمە هەرزوو لەلایەن بارزانی‌و لایەنە عێراقییەكانی ترەوە هەستی پێكراو ناڕەزایەتی دروستكرد. 
ئێستا كە ئیتر كابینە چاوەڕوانكراوەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەبارچوو، بەڵام ئەوەی لەدوای خۆی تایبەت بە هەرێمی كوردستان بەجێی هێشت ئەوەبوو، بڕیاری كۆتایی كورد لە بارەگای بارزانییە لە پیرمام نەك لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر.

تاقیكردنەوەی عەلاوی بۆ شیعەكان 
كابینە لەبارچووەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی تاقیكردنەوەیەكی گرنگ بوو بۆ لایەنەكانی پێكهاتەی شیعە بەتایبەتی دوای نەمانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شانۆكەدا، كە بەردەوام شیعەكانی لەسەر یەك مێز كۆدەكردەوە.
محەمەد تۆفیق عەلاوی بە پاڵپشتی موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح وەكو گەورەترین كوتلەی پەرلەمان، راسپێردرا بە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومی، بەڵام سەرباری زۆرینەبونیان، سەدرو عامری نەیانتوانی هەموو شیعەكان كۆبكەنەوە بۆ پشتیوانی لە كابینەكە بەدیاریكراویش نوری مالیكی سەرۆكی حزبی دەعوەی ئیسلامی.
لەبارچوونی كابینەكەی عەلاوی، بەپلەی یەكەم لێدان بوو لە پێگەی سەدرو عامری لەناو پەرلەمان‌و لەسەر شەقامیش.

سوننە‌و تاقیكردنەوەكەی عەلاوی
كابینە لەبارچووەكە تاقیكردنەوەیەكیش بوو بۆ پێكهاتەی سوننە، كە چەند ساڵێكە بەدەست غیابی سەركردەیەكی كاریزمییەوە دەناڵێنن‌و ناوچەكانیان بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە دوچاری وێرانكاری بووەتەوە.
كابینە لەبارچووەكە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی كرد بە سەركردەی ژمارە (1)ی سوننەكان، حەلبوسی بەهاوكاری بارزانی رۆڵی گەورەی بینی لە لەباربردنی كابینەكە، لەمە لەكاتێكدا بوو، بەپێی زانیارییەكان لە دواین ساتەكاندا محەمەد تۆفیق عەلاوی هەندێك سازشی بۆ كردووە‌و ئامادەیی نیشانداوە ئەو كەسانەی لە پۆستە وزارییەكان لەسەر پشكی پێكهاتەی سوننە دادەنرێن كەسانێك بن كە دڵخوازی ئەو بن.
لە دیمەنە گشتییەكەشدا لەبارچوونی كابینەكەی عەلاوی دەریخست هێشتا عێراق ئامادە نییە بۆ كۆتایهێنان بەقۆناغی پشكپشكێنە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا‌و بەبێ رەزامەندی هەموو پێكهاتەكان كەس ناتوانێت جڵەوی دەسەڵات وەربگرێت، لەمەشدا باس لە رۆڵی ئەمریكییەكان دەكرێت كە جەختیان لەسەر ئەوە كردووە بەبێ رەزامەندی كوردو سوننە، نابێت كابینەكە تێپەڕێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand