خۆپیشاندەران سیاسییەكان بەدۆڕاو و خۆیان بەبراوە دەزانن
2020-03-02 13:00:56
راپۆرتی: درەو
درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، "محەمەد تۆفیق عەلاوی" سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كشانەوەی خۆی لەو ئەركە ڕاگەیاند، هۆكارەكەشی گەڕاندەوە بۆ هەندێك لەلایەنە سیاسییەكان كە بازرگانی بە تائیفەكانیانەوە دەكەنو گوێ بە بەرژوەندی وڵات نادەن.
وێڕایی ئەو ڕێكارە دەستورییانەی "بەرهەم ساڵح" سەرۆك كۆماری عێراق دوای كشانەوەی "عەلاوی" ڕایگەیاند، بەڵام وڵات بەڕووی هەموو ئەگەرە قورسەكاندا بەكراوەیی دەمێنێتەوە.
لێرە بەدواوە، سەرجەم هێزە سیاسییەكانی عێراق كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتدەكرێنەوە، جارێكی تر دەستدەكەنەوە بە گۆڕینی تەكتیكو ڕێكخستنی سەرلەنوێی كارەتەكانیان، ئەوەش دوای ئەوەی پۆزشەكەی عەلاوی گەڕاندینییەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
تائێستا دیارنییە هەڵوێستی " موقتەدا سەدر" چی دەبێت، داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەكات لەبەرامبەر تێنەپەڕاندنی حكومەتەكەی عەلاوی، وەك ئەوەی پێشتر هەڕەشەی دەكرد یان نا. دوای ڕاگەیاندنی كشانەوەی لەپێكهێنانی حكومەت، " سەدر" لەتویتێكدا وتی: هەتاكەی عێراق گیرۆدەی دەستی تاقمێك سیاسی گەندەڵ دەبێت.
دوای كشانەوەی عەلاوی ئەو پرسیارە دێتەگۆڕێ، كە ئاخۆ ڕۆژانی ئایندە چی بۆ گۆرەپانی سیاسی عێراق شاردووەتەوە؟ شكستهێنانی عەلاوی واتای سەركەوتنی خۆپیشاندەران، كە هەر لەسەرەتاوە ڕەتیاندەكردەوە؟.
چوار پەیامی شاراوە
چاودێران پێیانوایە، كشانەوەی "عەلاوی" لەپێكهێنانی حكومەت، مانای شكستهێنانی "موقتەدا سەدر" كە خۆی لە هاوپەیمانی سائیرونو "هادی عامری" كە خۆی لەنوێنەرایەتیكردنی هاوپەیمانی "فەتح" دەبینێتەوە. كەپێكەوە نەیانتوانی "عەلاوی" لەپەرلەمان تێپەڕێنن ، كەخاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانینو، دیارترین ڕوخساری هەژمونی ئێرانن لە عێراق.
"باسل كازمی" نوسەرو شرۆڤەكاری سیاسی، لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "حوڕە" پێیوایە، كشانەوەی "عەلاوی" هەڵگری چوار پەیامی بەهێزە:
یەكەمیان، كشانەوەكە وەك ڕاگەیاندنی شكست دێت، لەبەر ئەوەی لەناو ڕەحمی ڕێككەوتنە سیاسییەكانەوە هاتو، هەوڵیدا حكومەتێكی پشكێنەی تایئفی پێكبهێنێت، بەپێچەوانەی ئەوەی دەیوت.
دووەمین پەیام پەیوەستە بە سەركەوتنی خۆپیشاندەران، كە لەیەكەم ڕۆژەوە داوای كەسایەتیەكی سەربەخۆی لێهاتوو و دەستپاكیانكردووە بۆ سەركردایەتی وڵاتو، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی نوێ.
سێیەمیان، خۆی لە شكستهێنانی "هادی عامریو موقتەدا سەدر"دا دەبینێتەوە، بۆ تێپەڕاندنی حكومەتو كردنی "عەلاوی" بەسەرۆك وەزیران، چونكە بڕوایان وابوو كە ئەو شیاوترین كەسە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیو هەژموونیان.
چوارەم پەیام كە كشانەوەی "عەلاوی" هەڵیگرتوە، بەوتەی ئەو شرۆڤەكارە، بۆ تەواوی دەسەڵاتی سیاسییەو، پێیاندەڵێت، ڕاسپاردنی "عەلاوی" هیچ سودێكی نەبوو بۆ هێوركردنەوەی خۆپیشاندەران، كە تا دواین ساتەكان بەردەوامبوون لەسەر دەربڕینی ناڕەزایی.
لێدانێكی یەكلاكەرەوە لەسەدر
لەلایەكی ترەوە، "ئەحمەد ئەحمادی" چالاكی سیاسی لەبەغداد لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی حوڕە دەڵێت، كشانەوەی "عەلاوی" لە پێكهێنانی حكومەت، گوزارشتە لەقوڵی ئەو قەیرانەی رژێمەكە تێیدا دەژی، بەهۆی حزبەكان كە رژێمی سیاسی پێكدێنن، وێڕایی هەموو ئەوەی ڕویداو ڕوودەدات لەتاوان دژی خۆپیشاندەران، بەڵام ئەوان لەجیهانێكی تردا دەژی.
بەوتەی ئەو چالاكە،"محمەدتۆفیق عەلاوی" بژاردەی خۆپیشاندەران نەبوو، بەڵكو بژاردەی سەدرو هادی عامری بوو، كشانەوەشی هەنگاوێكی گرنگە بۆ قوڵكردنەوەی قەیرانی ڕژێمی پەككەوتوو.
خۆپیشاندەران بڕوایانوایە، كە چارەسەرەكە بە دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران نابێت، بەڵكو بەدورخستنەوەی ئەو گروپە سیاسییە دەبێت كە ساڵی 2003وە حوكمی عێراق دەكات، چونكە لەسەر بنەمای پشكێنەی تائیفی بنیاتنراوە.
لەبارەی زیانی ڕەوتی سەدریشەوە لەو هەنگاوە، دەڵێت، كشانەوەی "عەلاوی"لێدانێكی ترە بۆ "موقتەدا سەدر" كە هەوڵیدا لەڕێی میلشیاكانییەوە لەگۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان كاندیدەكەی لەڕێی چەقۆو تۆقاندنەوە بسەپێنێت.
پێشیوایە، نوخبەی سیاسی لەوە ناگات كەپێش ڕاپەڕین وەك دوای ڕاپەڕین نییە، پێودانەگەكانیش بەفیعلی گۆڕاونو دۆخی ئێرانیش گۆڕاوەو، سلێمانی وجودی نەماوە.
شكستی عەلاویو سەركەوتنی خۆپیشاندەران
ڕایەكی تر، بۆچونی "حەسن ڕەجەب"ە، كە ئەویش چالاكی خۆپیشاندانەكانەو بە پێگەی "حوڕە"ی وتووە: شكستی "عەلاوی" تەنیا مانای شكستی نییە لە بەدەستهێنانی ئەو پۆستە هەستیارە، بەڵكو جەختیشە لەسەر ئەوەی ڕای خۆپیشاندەران ڕاستربوو".
ڕاشیگەیاندووە: كشانەوەكە تەئكیدە بۆ ئەوەی، كێشەكە بەشێوەیەكی ڕوون ئاستی گیانی تایەفەگەری نوخبەی سیاسی دەردەخات، كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتدەكرێتەوە.
دەشڵێت: كشانەوەی عەلاوی، یەكێكە لەو سەركەوتنانەی كە ڕاپەڕینەكەمان تۆماریكردووەو، پایەكانی پرۆسەی سیاسی هەژاندووە، وەك ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشو دانی پێدانا، كە جوڵەكەمان حكومەتەكەی ڕوخاند.