بەربەستەكانی بەردەم ڕێككەوتنی مۆسكۆو ئەنكەرە
2020-03-02 09:23:56
(درەو):
10 ئاستەنگ ڕێگرن لەبەردەم گەیشتنی (مۆسكۆ و ئەنكەرە)بە ڕێككەوتنێكی نوێ سەبارەت بە ئیدلیب، ئەوە لەكاتێكدا هەردوو سەرۆك (ڤلادیمێر پۆتنو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) پەیامی فشاركردن ئاڵوگۆڕدەكەن بۆ بەهێزكردنی مەرجەكانیان بۆ هەر لێكگەیشتنێكی نوێ لە نێوان لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەكانو، كۆتایهاتنی ئەو مۆڵەتەی ئەردۆغان دیاری كردبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیو، گەڕاندنەوەی سوپای سوریا بۆ پشتی هیڵەكانی ڕێككەوتنی سوچی.
(پۆتن) لەمیانی پەیوەندیكردنی بە ئەردۆغان دوای كوژرانی 33 سەربازی توركیا لە بۆردومانێكی سوریا لە ئیدلیب، بڕیاریدا وەفدێك ڕەوانەی ئەنكەرە بكات بۆ ئەنجامدانی دانوستانێكی بەپەلە. لەگەڵ ئەوەی وەفدەكەی ڕوسیا نەرمی لەپێشنیازەكانیدا دەربڕی، بەڵام نەگەیشتە ئەو ئاستەی توركیا خوازیار بوو.
ڕوسیا خوازیاری ڕێككەوتنێكی نوێیە، توركیاش ترسی هەیەو، بۆ ئەوەی جارێكی تر "سیاسەتی گەزتنی ڕوسی" دووبارەنەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی (پۆتن و ئەردۆغان) پەرۆشن بۆ پاراستنی شكۆیان دوای ئەوەی هەریەكەیان دووچاری گورزێكی بە ئازاربوون لە ئیدلیب. مێزی دانوستان بوونی 10 گرێی لەنێوان هەردوولا دەرخست كە ئەوانیش:
1- ڕووبەر: لایەنی توركی پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی ڕوسیا هێزەكانی سوریا دوربخاتەوە بۆ پشتی خاڵەكانی چاودێری توركیا كە لەباكوری حەماو باشوری ئیدلیب جێگیركراون، بەپێی ڕێككەوتنی سوچی كە لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2018دا ئیمزاكرا، لایەنی ڕوسی لەدواین دانیشتندا لەهەڵوێستەكەی پاشگەزبووەوە، بەجۆرێك نەخشەیەكی پێشەكەش نەكرد تەنها پەیوەست بێت بەبڵاوبونەوەی سوپای توركیا لە شریتی سنوریی بە قوڵایی نێوان 5بۆ 10 كیلۆمەتر، وەك ئەوەی پێشتر كراوە. بەڵام تائێستا داواكاری توركیا ڕەتدەكاتەوە، ئەوەش دەرفەت دەكاتەوە بۆ ئەگەری چارەسەرێكی مامناوەند كە ڕەنگە مۆسكۆ پێش تەواوبوونی ماوەكە پێشكەشی بكات، بەپێی بڕیارێكی پۆتن.
2- ماوەی زەمەنی: مۆسكۆ دەیەوێت ڕێككەوتنەكە بۆ ماوەیەكی دیاریكراوبێتو، پابەندبن بە بڕگەی سەرەكی ڕێككەوتنی سوچیو بڕیاری 2254 بە ( ڕێزگرتن لە سەروەریو یەكێتی خاكی كۆماری عەرەبی سوری)، ئەنكەرەش داوا دەكات رێككەوتنەكە هەمیشەیی بێت.لێرەوە، ڕەنگە لایەنی ڕوسی بیەوێت هەر لێكگەیشتنێكی نوێ بكات، بیخاتە چوارچێوەی ڕێككەوتنی (ئەدەنە) لەنێوان (دیمەشق و ئەنكەرە) ساڵی 1998 كە ڕێگە بە سوپای توركیا دەدات بۆ ڕاوەدونانی "تیرۆستان" بە قوڵایی 5 كیلۆمەتر بچێتە ناوخاكی سوریاوە، ئەگەر ئەوە ڕوبدات، مانای شەرعیەتدان بە بوونی توركیا بە گەرەنتیكردنی لەلایەن ڕوسیاوە.
3- تیرۆرستان: لایەنی ڕوسی بە توركیای ڕاگەیاندووە، مافی هێزەكانی سوریایە تیرۆرستەكان بكەنە ئامانج كە بەپێی بریاری ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشانكراون، لایەنی توركی ڕازییە لەسەر جیاكردنەوەی تیرۆرستەكان لە میانڕەواكان. بەڵام زیاتر لە 3.5 ملیۆن كەس لە ئیدلیب دەژین، هەمویان تیرۆست نین، ئەمەش وادەكات دۆسیەی تیرۆر پێویستی بە ڕێگا چارەیەكی وورد هەبێت.
4- میكانیزمی چاودێری: تائێستا مۆسكۆ پێداگرە لەسەر ئەوەی هەر ڕێككەوتنێك لەنێوان هەردوولادا بكرێت لەلایەن ڕوسیا و توركیاوە چاودێری بكرێت، ڕێگریش دروست نەكرێت بۆ هاتنە ناوەوەی ئێران كە شەریك بووە لەهەردوو ڕێككەوتنی (ئەستانەو شوچی) بەڵام وڵاتانی خۆرئاوا سەرەنجیان هەیە لەسەر ڕۆڵی ئێران. توركیاش داوای چاودێرییەكی نێودەوڵەتی فراوانتر دەكات.
5- دووڕێگا سەرەكییەكە: مۆسكۆ دەیەوێت هەردوو ڕێگای حەلەب_دیمەشق و حەلەب_لازقییە بكرێتەوەو بكەوێتەكار، هێزەكانی حكومەتی سوریا ڕێگای دووەمیان كردەوە، بەڵام گروپەكانی نزیك لەئەنكەرە سەرلەنوێ لەچەند ناوچەیەكدا بەربەستیان بۆ دروستكردووەتەوەو، تائێستاش نێوانی سەراقیب و جسر ئەلشغوریان لە ڕێگای یەكەم لەژێر كۆنتڕۆڵدایە.
6- كاروانی هاوبەش: پێشتر هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر بەڕێكردنی كاروانی سەربازیی لەیەككاتدا لەناوچەی دابڕاو، ئەو ناوچانەی كە لەڕێككەوتنەكەدا بە ناوچەی كەمكردنەوەی ئاڵۆزی ناویان هاتووە، بەڵام لەئێستادا قسە لەسەر بەڕێكردنی كاروانی سەربازییە لەهەردوولای دوو ڕێگا سەرەكییەكە، بەجۆرێك لایەنی ڕوسی زامنی هێزەكانی سوریاو ئێران دەكات، توركیاش ناوچەكانی گروپە چەكدارەكان.
7- سەراقیب: مۆسكۆ پشتیوانی هەوڵەكانی دیمەشق دەكات بۆ گرتنەوەی شاری سەراقیبی ستراتیجی و دەرپەڕاندنی گروپە چەكدارەكانو سوپای توركیا. ڕەنگە یەكێك لەچارەسەرەكان كردنی ئەم شارەبێت بە بارەگای ڕوسی_توركی بۆ چاودێریكردنی هەر ڕێككەوتنێی نوێو، بەكارهێنانی هەردوو ڕێگا سەرەكییەكە بۆ جوڵەی هاوڵاتیانو بازرگانی.
8- جەبەل زاویە: مۆسكۆ فشار دەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی جەبەل زاویە لەلایەن سوپای سوریاوە بۆ گەیشتن بەڕێگای حەلەب_جسر ئەلشغور_لازقییە، لەكاتێكدا گروپە چەكدارەكانو، توركیا هەوڵی وەردەنانی سوپای سوریا دەدەن لەو ناوچەیە.
9- سوپای توركیا: ئەنكەرە پێداگرە لەهێشتنەوەی سوپاو چەكەكانی لەباكوری خۆرئاوای سوریاو لەخاڵەكانی چاودێری كە ڕەنگە بگاتە 50 خاڵ لە ڕیفەكانی حەلەب و حەماو ئیدلیب، ڕوسیاش ڕێگری ناكات لەمانەوەی خاڵەكانی چاودێری بۆ كاتێكی درێژتر بەبێ مانەوەیەكی سەربازیی هەمیشەیی.
10-گەمارۆی ئاسمانیی: لایەنی توركی داوا دەكات هەر ڕێككەوتنێكی نوێ گەمارۆی ئاسمانیی فڕینی فرۆكەی جەنگی ڕوسی و سوری لەخۆبگرێتو لەڕێگەی فرۆكەی بێفرۆكەوان (درون) چاودێری بكرێت، بەپێی لێكگەیشتنی نێوان ئەنكەرەو مۆسكۆو فشاری وڵاتانی خۆرئاوا هاوشێوەی ناوچەكانی (قەڵغانی فورات و چڵە زەیتون و كانی ئاشتی) تائیستا ڕوسیا ڕەزامەندی لەسەر ئەو داواكارییە پیشان نەداوە.
سەرچاوە: شەرقلئەوسەت