Draw Media

 لیستی کاندیدی وەزارەتەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە

 لیستی کاندیدی وەزارەتەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە

2020-03-01 14:10:03


(درەو):
بڕیارە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ پێدانی متمانە بە کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی.
بەپێی زانیاییەکان تائێستا ۱۰۸ پەرلەمانتار لە ناو هۆڵەکە ئامادەن، ئەگەر ژمارەکە بەمشێوەیە بمێنێتەوە نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە تەواو نابێت.
سبەینێ دواین وادەیە بۆ پێدانی متمانە بە کابینەی عەلاوی، ئەگەر کابینەکە متمانە وەرنەگرێت وادەی راسپاردنی عەلاوی کۆتایی دێت و دەبێت بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بەدوای کاندیدێکی تردا بگەڕێت یاخود بانگەشەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، ئێستا تاکە رێگایەک کە لەبەردەم عەلاویدا ماوەتەوە ئەوەیە رۆژە پشووەکان لەو وادەیە دەربکرێت کە بۆ راگەیاندنی حکومەت دیاریکراوە، ئەگەر پشووەکان دەربکرێت، عەلاوی تاوەکو رۆژی ۸ی ئەم مانگە دەرفەتی لەبەردەمدا دەمێنێت.
هاوکات بەپێی لیستێکی نوێ، محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیران راسپێردراوی عێراق گۆڕانکاری کردووە لە لیستی کاندیدی وەزارەتەکان و لیستە نوێیەکە ۱٦ وەزارەت لە خۆدەگرێت.
لایەنە شیعەکان جگە لە ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات لە کۆبونەوەدان.
لایەنە کوردییەکان تائێستا بڕیاری کۆتاییان نەداوە لەبارەی ئەوەی دەنگ بۆ کابینەکە دەدەن یاخود نا.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، عەلاوی هەندێک سازشی بۆ کوردو سوننە کردووەو بڕیاریداوە سێ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران دیاری بکات و یەکێکیان بە کوردو ئەوی تری بە پێکهاتەی سوننە بدرێت.
(درەو) زانیویەتی، نێچیرڤان بارزانی داوای کردووە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی لەچوارچێوەی هاوپەیمانی لایەنە کوردستانییەکاندا بڕیار بدەن لەسەر پێدانی متمانە بە کابینەی عەلاوی یاخود رەتکردنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە مستەفا سەید قادری جێگری کردووە ناوی سێ کاندیدی پێبدات لە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد، بەڵام تائێستا فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق نایەوێت ببێت بە بەشێک لە هاوپەیمانی لایەنە کوردییەکان.
ئەوەی تائێستا باسدەکرێت کورد لە کابینەی نوێدا بەهەمان شێوەی کابینەکانی رابردوو سێ پۆستی وزاری وەردەگرێت، پارتی داوای کردووە فوئاد حسێن وەکو خۆی لە پۆستی وەزیری دارایدا بمێنێتەوە، ئەمە لەلایەن عەلاوییەوە رەتکرایەوە، بەڵام عەلاوی قایل بووە بەوەی فوئاد حسێن پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری هەرێمی کوردستان وەرگرێت، ئەم پۆستە یاسای بۆ دەرنەکراوە، بەپێی ئەوەی باسدەکرێت ئەو کەسەی پۆستەکە وەردەگرێت تەنیا رۆڵێکی شکلی دەبێت و لە ئەنجومەنی وەزیراندا مافی دەنگدانی نابێت، بۆیە هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەبارەوە نەکراوە.
پێکهاتەی سوننەش کە زیاتر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات هێشتا ئامادەنییە دەنگ بە کابینەکە بدات و هەوڵی لەباربردنی دەدات، ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی زانیارییەکانی (درەو) بەمدواییە عەلاوی لە پێناو تێپەڕینی کابینەکەیدا هەندێک سازشی بۆ حەلبوسی کردووە.
(درەو) زانیویەتی، عەلاوی هەریەکە لە فالح فەیازی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحی راسپاردووە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان لەگەڵ مەسعود بارزانی گفتوگۆ بکەن، فەیازو عامری داوای کۆبونەوەیان لە بارزانی کردووە، بەڵام بە بەهانەی ئەوەی لە شار نییەو بە گەشتێک چووە بۆ چیا، بارزانی داوای لێبوردنی لێکردوون.
پێکهاتەی شیعەکانیش کە وادەردەکەوێت پاڵشتی سەرەکی کابینەکەی عەلاوین هێشتا لەناو خۆیاندا ناکۆکن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand