Draw Media

" لە مانگی ئازاردا كێشە بۆ موچە دروست دەبێت"

" لە مانگی ئازاردا كێشە بۆ موچە دروست دەبێت"

2020-02-29 16:33:55


راپۆرتی: درەو

"بەهۆی ئەو ئیلتیزاماتە زۆرەی لەسەر وەزارەتی دارایی عێراقەو 450 هەزار فەرمانبەری نوێ زیادكراوە،  لە مانگی ئازاردا كێشە بۆ موچە موچەخۆران دروست دەبێت" بەرپرسی بودجەیەی وەزارەتی دارایی عێراق لەبەردەم ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەماندا بەم شێوەیە قسەیكردووە.
لە ئێستادا كێشە لە ناردنی بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم درووست بووەو زۆرێك لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دارایی دەڵێن كێشەكە تەكنیكیەو چارەسەر دەبێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كێشەكە جدیەو بونی هەیە، بە جۆرێك لەبەرامبەر درووست بوونی كێشە بۆ بودجەی عێراق كێشە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش درووست دەبێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە(درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەی رۆژی 9/1/2020ی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراقدا كە تەیف سامی بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی تێدا ئامادە بووە، تەیف سامی بە روونی بە ئامادەبوانی وتووە" لە مانگی ئازاردا گرفتی موچە درووست دەبێت و پارەی موچە نامێنێت".
بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی بەروونی لەبارەی نەمانی موچەی فەرمانبەرانەوە ئاماژەی بە سێ خاڵكردووە:.
•    عێراق ئیلتزاماتێكی زۆری دارایی لەسەر بووە نەیداوەو پێدانەوەی ئەو ئیلتزاماتانەی خستوەتە مانگەكانی كۆتاییەوە.
•    450 هەزار فەرمانبەریان بۆ گەڕاوەتەوە دەبێت بودجەیەكی زۆری بۆ تەرخان بكەن و لەگەڵ ئەوەشدا كەسانی نوێش دامەزرێنراون، ئەمانە پێكهاتوون لەو كەسانەی كە لەدوای خۆپیشاندانەكانەوە عادل عەلدولمەهدی بەڵێنی گەڕانەوەی هەموو ئەوانەیدا كە پێشتر لەكارەكانیان لادرابوون لەگەڵ دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆر لە دەرچووەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان.
•    ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت بەشی موچەو خەرجییەكان ناكات. 
 سەرچاویەكی ئاگادار لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند، كێشەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە:
هۆكاری یەكەم: نەمانی پارە، ئەویش بەهۆی فشاری زۆری دامەزراندن و گەڕاندەوەی ئەوانەی لە كارەكانیان لادرابوون كە نزیكەی (450 هەزار) كەس دەبێت.
هۆكاری دووەم: بەشێكی نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، فشارە لەسەر بەرپرسانی هەرێم بۆ ئەوەی رازی بن بە بەشداریكردن لە كابینەی نوێ بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت.
•    بەشێكی تری پەیوەندیدارە بە ترسی بەرپرسانی عێراق لە فشارەكانی شەقامی ناڕازی و خۆپیشاندەر. 

بیانوی بڕینی موچە!
(درەو) زانیویەتی، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی خانەشین بووەو كەسێكی تر لە شوێنی دەستبەكار بووە، ئەو كەسەی كە تازە دەستبەكاربووە، كێشە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم درووست دەكات.
گومان هەیە كەسە تازە دەستبەكاربووەكە لەلایەن ئەو كوتلە سیاسیانەوە دانرابێت كە دژایەتی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەن بەبێ رادەستكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە سۆمۆ. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، چەندجارێك بە ئاشكرا سەرۆكی لیژنەی نەزاهەو سەرۆكی لیژنەی دارایی داوای بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیان كردووە.
ئەوانەی داوای بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەن ئەمجارە بڕگەی (5) لە مادەی (27)ی یاسای كارگێری دارایی عێراقیان كردووە بە بەهانە، كە ئەو بڕگەیە دەڵێت "ئەگەر هەرێم و پارێزگاكان داهاتی فیدراڵیان رادەست نەكرد، بە ئەندازەی رادەستنەكردنەكە لە بودجەكەیان دەبڕدرێت". 
رۆژی 15/1/2020 سابت محەمەد عەباسی سەرۆكی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق لە نوسراوێكدا بۆ وەزیری دارایی داوای وەستانی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، كردووەو رایگەیاندووە لەبەر ئەوەی هەرێم، پەیوەست نەبووە بە مادەی (27)ی یاسای كارگێڕی داراییەوە، بۆیە پێویستە سەرجەم شاییستە داراییەكانی ببڕدرێت بە (1/12) شەوە.
تا پەسەندكردنی بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2020 وەزیری درایی بەپێی هاوكێشەی 1/12ی كۆی بودجە بڕیاری خەرجی و موچە دەدات، بۆیە بە هاوكێشەی 1/12 وەك خەرجییەكانی دیكەی عێراق مانگانە بڕی (453 ملیار) دینار وەك موچەی فەرمانبەران بۆ موچەی فەرمانبەران رەوانە دەكات. 

كورد و بودجەی 2020
بەر لە كۆتایی ساڵی 2019 و لە سەروبەندی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدادیان كردوو گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی 2020ی عێراقدا، بەڵام چاوەڕەوان دەكرێت لە كابینەی نوێدا گۆڕانكاری لە شێوازی رێككەوتنەكەدا بكرێت.

سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێم
لە ئەگەری بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدادەوە، ئایا حكومەتی هەرێم تەنیا بە پشتبەستن بە داهاتەكانی خۆی دەتوانێت پێداویستی موچەی مانگانەی موچەخۆران دابین بكات؟  
بەپێی قسەی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان كوردستان ئێستاو لە نوێترین داتادا داهاتەكانی ناوخۆی هەرێم بەم شێوەیەیە:
•    داهاتی ناوخۆ مانگانە (300 ملیار) دینارە.
•    داهاتی نەوت مانگانە (750 ملیۆن) دۆلارە دەكاتە (900 ملیار) دینار.
•    مانگانە لە پارەی نەوت (295 ملیۆن) دۆلار دەدرێت بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە. 
بە بێ پارەكەی بەغداد كە مانگانە (453 ملیار) دینارە، هەرێمی كوردستان كۆی گشتی داهاتەكەی (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینارە، كە (300 ملیار) دیناری زیاترە لە كۆی موچەی مانگانەی موچەخۆران كە (881 ملیار) دینارە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە پارەی داهاتی نەوت زیاتر لە (61%)ی ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی تەنها (295 ملیۆن) دۆلاری كە دەكاتە (39%)ی دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ موچە.
واتا بەبێ هاتنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداد، حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت مانگانە (30) رۆژ جارێك و لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا موچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand