سوریا ناوچەكە بەخۆیەوە دەسوتێنێت

2018-04-29 15:42:22
راپۆرتی شیكاری: ئارام مەحمود
ڕۆژی (9)ی نیسانی ئەمساڵ دوو فرۆكەی جەنگی ئیسرائیل لەئاسمانی لوبنانەوە بنكەی سەربازی (تی فۆر)یان لەسوریا موشەكباران كرد، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لەوكاتەدا ڕایگەیاند، لەكۆی 8 موشەك، دژە ئاسمانیەكانی سوریا 5 موشەكیان تێكشكاندوەو 3 موشەكەكەی تریان لەبەشی خۆرئاوای سەربازگەكە كەوتۆتەوە.
وردەكاری هێرشەكە لەسەرەتادا تەمومژاوی بو، بەهۆی بێدەنگی ئیسرائیل، گوماندەكرا هاوپەیماننان بەسەرۆكایەتی ئەمریكا ئەنجامیان دابێت، بەڵام دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی كوژرانی 7 ڕاوێژكاری سەربازی ئێرانی لەو هێرشەدا و هەڕەشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوی عەلی شەمخانی ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دیمەنە سیاسیەكە بەتەواوی ڕونبۆوە و ئەوەی بەرجەستەكرد كەململانێكانی ئێران و ئیسرائیل پێنایە قۆناغێكی نوێیوە.
شەمخانی لەكاردانەوەی هێرشەكەدا وتی، وەڵاممان بۆ ئیسرائیل سزایەكی حەتمی و ئازاردەر دەبێت و، حكومەتی ئێران سروشتی وەڵامەكەو چۆنیەتی و كات و شوێنەكەی دیاریدەكات، جەختی لەوەشكرد "هەرگیز لەم ستراتیجیە پاشگەزنابنەوە چونكە ئەم پرسە پەیوەیستە بەهیبەت و شكۆی دەوڵەتی ئێران".
هەڕەشەكردنی ئیسرائیل و ئێران لەیەكتر شتێكی تازەنیە، بەڵام ئەوەی تازەبو لەهەڕەشەكانی شەمخانیدا ئەو زمانە توند و ڕاستەوخۆیە لەئیسرائیل كە (ئەفیگدۆر لیبرمان)وەزیری بەرگری ئیسرائیلی هێنایە قسەو لەوەش زیاتر لە ڕۆژنامەیەكی سعودیەوە وەڵامی هەڕەشەكانی شەمخانی دایەوە كە زیاتر لەپەیامێك بۆ ئێران لەخۆدەگرێت.
جەنگ بەلای ئیسرائیل و خۆرئاواوە پڕۆژەیەكی ئابورییە، كارگەكانی چەك و تەقەمەنیە كە بەدرێژایی شەو ڕۆژ كاردەكەن، ئەوانەی دەكوژرێن خەڵكی عێراق و سوریا و یەمەن و ناوچەكەن، پارەی جەنگیش وڵاتانی عەرەبی دابینیدەكەن.
لەدیارترین ئەو قسانەی لیبرمان لەچاوپێكەوتنەكەی ڕۆژنامەی(ئیلاف)ی، سعودیدا كردونی كە بەیەكەم چاوپێكەوتنی لەوشێوە دادەنرێت، دەڵێت، ئیسرائیل بەهەر نرخێك بێت ڕێگەنادات بەسەكۆی موشەكیی ئێرانی لەسوریا و ڕژێمی ئێرانی دوا ڕۆژەكانی تەمەنی بەسەردەبات، لیبرمان وتوشیەتی، ئەگەر ئێران هێرشبكاتە سەر تەلئەبیب، تاران دەكەنە ئامانج و سەرجەم پێگە سەربازییەكانی لەسوریا خاپوردەكەن، لەوچاوپێكەوتنەدا وێڕایی ئەم پەیامە هەڕەشە ئامێزانە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل كۆمەلێك نهێنی ئاشكرادەكات كەئاماژە بە سەرهەڵدانی دۆخێكی نوێ دەكات لەناوچەكە و وروژاندنیشی لەم كاتەدا پەیامی سیاسین بۆ ئێران.
لیبرمان دەڵێت، گفتوگۆیەكی قوڵ و ئارام لەگەڵ ژمارەیەك لەوڵاتانی عەرەبی لەئارادایە و دانوستانەكانیان بەشێوەیەكی دروست بەڕێوەدەچن و لەسەر لە 75% پرسەكان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی گەیشتونەتە لێكگەیشتن، ئەوەش ئاشكرادەكات كە هەماهەنگیان هەیە لەبواری ئاسایشداو داواش لەوڵاتانی عەرەبی دەكات پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاشكرا بكەن و هاوشێوەی ئەنوەر سادات سەردانی وڵاتەكەیان بكەن.
خوێندنەوەی دۆخەكە لەچاوی شارەزایانەوە
(مائیر جاڤیدانڤار)، شارەزای ئیسرائیلی لەبواری خۆهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستای وانەبێژە لەبارەی سیاسەتەكانی ئێران، دەلێت، ئامانجی سەرەكی لەم لێدوانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕێگری و وەستاندنی ئێرانە لەسنوری خۆی ، ئیسرائیل بونی سوپای ئێران و چەكدارە هاوپەیمانەكانی لەسوریا بەمەترسیەكی گەورە دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی.
ئاماژە بەوەشدەكات، كەسێك نیە لەئیسرائیل چاوەڕوانی ئەوەبكات سوپای ئێران سوریا بەجێبهێلێت، تەنانەت ئەگەر سبەینێ ئاشتی لەسوریا ڕابگەیەنرێت چونكە بەشار ئەسەد هێزی پێویستی نیە بۆ پاراستنی وڵاتەكەی، كێشەی گەورەی ئیسرائیل ئەو هێزەیە كە لەسوریا دەمێنێتەوە لەگەڵ جۆری ئەو چەكانەی كە پیاندەبێت بۆ نمونە ئەگەر موشەكی كورت مەوداشیان هەبێت دەتوانن هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل دروستبكەن، خاڵێكی تر بونی فرۆكەیە، دوای ئەویش نزیكی سوپای ئێران و چەكدارە هاوپەیمانەكانێتی لەسنورەكانی ئیسرائیلەوە، جەختیشدەكات، ڕاستڕەو چەپڕەوەكانی ئیسرائیل لەهەمو شتێكدا ناكۆكبن لەبەرامبەر هەڕەشەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی یەكدەستن و پێكەوە ڕوبەڕوی دەبنەوە.
(نەشئەت ئەلئەقتەش) مامۆستای ڕاگەیاندن لەزانكۆی (بیرزێت)ی، فەلەستین، دەڵێت، هەڕەشەكردن مانای هێزو توانا ناگەیەنێت، ئێران هەڕەشەی زۆری كردوە، هەڕەشەكانی وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش جۆرێكە لەترس و دڵەڕاوكێ، ئەگەر ئیسرائیل بیتوانیایە بۆردومانی تاران بكات دەمێك بو ئەنجامیدابو، لەڕابردودا ئیسرائیل هەژمونێكی گەورەی هەبو، بەرنامە ئەتۆمییەكەی عێراقی خاپوركرد، جەزائیری بۆردمانكرد، هەر شوێنێكی بویستایە و بەهەڕەشەی بزانایانە بەبێ هەڕەشەكردن دەیكردە ئامانج، دەشلێت بەدرێژایی 100 ساڵی ڕابردو عەرەب بكەر نەبوە لەهیچ جەنگێكدا، ئەوان تەنها كەرەستەی پشتیوانی داراین، لەجەنگی ئێران-عێراقدا وڵاتانی كەنداو سەرچاوەی دابینكردنی داهات بون، دوای ئەویش جەنگی ئازادكردنی كوەیت و جەنگی ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام و جەنگی سوریا و یەمەنیش، رژێمە عەرەبیەكان خاوەنی بڕیارنین بەڵكو (دواكەوتەن)، هیچ جەنگیشیان بەبڕیار و ئیرادەی خۆیان ئەنجامنەداوە.
پێشیوایە، جەنگ بەلای ئیسرائیل و خۆرئاواوە پڕۆژەیەكی ئابورییە، كارگەكانی چەك و تەقەمەنیە كە بەدرێژایی شەو ڕۆژ كاردەكەن، ئەوانەی دەكوژرێن خەڵكی عێراق و سوریا و یەمەن و ناوچەكەن، پارەی جەنگیش وڵاتانی عەرەبی دابینیدەكەن.
دەشلێت ئێمە لەبەردەم دوو دژ بەیەكداین كە قورسە تێگەیشتنی، لەكاتێكدا باڵكێشانی ئێران لەیەمەن و سوریا و ناوچەكە بەكێشەو مەترسی دەزانین، بەڵام بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران ڕێكەوتن لەگەڵ ئیسرائیل مەترسیدارترە، ئەمە قورسە چۆن لەوە تێبگەین لەم دۆخەدا ئێران بكەینە دوژمنی ژمارە یەك و ئیسرائیل بكەین دۆست و هاوپەیمان بۆ ڕێگریكردن لەفراوانخوازییەكانی ئێران.
بەدرێژایی 100 ساڵی ڕابردو عەرەب بكەر نەبوە لەهیچ جەنگێكدا، ئەوان تەنها كەرەستەی پشتیوانی داراین، رژێمە عەرەبیەكان خاوەنی بڕیارنین بەڵكو (دواكەوتەن)، هیچ جەنگیشیان بەبڕیار و ئیرادەی خۆیان ئەنجامنەداوە
(حسێن ریوواران) وانەبێژ لەزانكۆی خوێندنە جیهانیەكان لەتاران دەڵێت، لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران هاوكێشەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دوو ئاستە، هاوكێشەیەكی سیاسی نەگۆڕو هاوكێشەی سەربازی گۆڕاو ، ئێران پێیوایە ئیسرائیل قەوارەیەكی داگیركەرەو دەبێت كۆتایی پێبهێنرێت، لێرەوە ململانێیەكی سیاسی و ئایدۆلۆجی درێژەی هەیە و ناگۆڕێ و چارەسەرناكرێت بەسڕینەوەی ئیسرائیل نەبێت، بەڵام هاوكێشە سەربازییەكە گۆڕانی بەسەرداهاتوە، لەسەرەتای شۆڕشدا هاوكێشەكە بەشێوەیەكی بەرچاوی بەقازانجی ئیسرائیل شكابۆوە، بەڵام لەدوو دەیەی ڕابردودا ئێران توانای پیشەسازییە سەربازییەكانی برەوپێبدات و گۆڕانكاری لەم هاوكێشەیەدا بێنێتەگۆڕێ.
