كابینە تەكنۆكراتەكەی عەلاوی
2020-02-26 15:44:51
(درەو):
لیستی ناوی كاندیدەكانی كابینەی محەمەد تۆفیق عەلاوی بڵاوكرایەوە، وەزارەتەكانی كورد لە لیستەكەدا نییەو پێدەچێت پڕكردنەوەیان بۆ كاتێكی تر دوابكەوێت.
بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی نوێی حكومەت كە پێكهاتەكەی بەمجۆرەیە:
• زەینەب عەبدولساحب عەبود- وەزیری پەیوەندییەكان
ساڵی 1969 لە بەغداد لەدایكبووە، ئەندازیاری تایبەتمەندە لەبواری پەیوەندییەكانو ئەزمونی 20 ساڵی كاركردنی لە بواری پەیوەندییەكان لە عێراقدا هەیە.
• شاكر عەبدولئەمیر عەتار- وەزیری كشتوكاڵ
ساڵی 1952 لە بەغداد لەدایكبووە، پرۆفیسۆری تایبەتمەندە لە بواری كشتوكاڵدا، عەمیدی كۆلیژی زانستی ئەندازیاریی كشتوكاڵییە.
• یوسف مەحمود مەشهەدانی- وەزیری پیشەسازی
ساڵی 1959 لە بەغداد لەدایكبووە، ئەندزیارو بەڕێوەبەری گشتیو فەرمانبەر بووە لە وەزارەتی پیشەسازی بۆ ماوەی زیاتر لە 34 ساڵ.
• جاسب عەبدولزەهرە- وەزیری كارەبا
ساڵی 1963 لە بەسرە لەدایكبووە، ئەندازیارەو پێشتر بەڕێوەبەری گشتی بووە لە وەزارەتی پیشەسازی، ئەزمونی زیاتر لە 30 ساڵ كاركردنی هەیە.
• ئەحمەد وەلید دوری- وەزیری وەرزشو لاوان
ساڵی 1972 لە بەغداد لەدایكبووە، پرۆفیسۆرە لە زانستی پەروەردەی وەرزشیداو عەمیدی كۆلیژی پەروەردەی جەستەییو زانستە وەرزشییەكانە لە زانكۆی موستەنسەریە.
• وەزارەتی پلاندانان- دوو كەسی بۆ كاندیدكراوە كە بریتین لە هەریەكە لە (خالید بەتال جغێفی)و (مەزهەر محەمەد ساڵح عەلوانی)
خالید بەتال بڕوانامەی پرۆفیسۆرو دكتۆرای هەیەو سەرۆكی زانكۆی ئەنبارە، مەزهەر محەمەد ساڵی 1948 لە فەلوجە لەدایكبووەو شارەزای ئابورییەو ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندییە.
• موزیر زەكی هەداب- وەزارەتی تەندورستی
ساڵی 1977 لە زیقار لە دایكبووە، پزیشكی پسۆڕەو ئەزمونی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە تەندروستییەكاندا هەیە.
• مازن سەمیر عەلی- وەزارەتی پەروەردە
ساڵی 1978 لە دیوانیە لەدایكبووە، كەسێكی ئەكادیمی زانكۆیەو پسپۆڕە لە تەكنەلۆژیای زانیارییەكانو فێركاریی ئەلیكترۆنیدا.
• واسیق سالم هاشمی- وەزیری رۆشنبیری
ساڵی 1959 لە بەغداد لەدایكبووە، سەرۆكی كۆمەڵەی عێراقییە بۆ توێژینەوە ستراتیژییەكانو راوێژكاری سەنتەری نەهرەین-ە بۆ توێژینەوە ستراتیژییەكان.
• مزاحیم قاسم خەیات- وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
ساڵی 1953 لە نەینەوا لەدایكبووە، پزیشكو مامۆستای پرۆفیسۆرو سەرۆكی زانكۆی نەینەوایە.
• باسم جەمیل ئەنتۆن جەرجیس یەزدیە- وەزیری كۆچو كۆچبەران
ساڵی 1942 لە نەینەوا لەدایكبووە، ماوەی 50 ساڵ ئەزمونی هەیە لە بواری پیشەسازیو كەرتی تایبەتدا.
• قوسەی عەبدولموحسین عوبەید- وەزیری بەرگری
ساڵی 1956 لە زیقار لەدایكبووە، ئەندازیاری كیمیایە، لیوای خانەنشینە، ماوەی 34 ساڵ وەكو ئەفسەر خزمەتی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیە.
• حسێن ئەحمەد چەلەبی- وەزیری نەوت
ساڵی 1946 لە بەغداد لەدایكبووە، ئەندازیارو پسپۆڕە لە بواری نەوتدا، ماوەی 50 ساڵ ئەزمونی كاركردنی لە كۆمپانیا جیهانییەكانو دامەزراوە حكومییەكاندا هەیە.
• ریاز كازم خەزرەجی- وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنو شارەوانییەكان
ساڵی 1970 لە بەغداد لەدایكبووە، ئەندازیارەو بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەندازیاریدا هەیە، ئەزمونی كرداری هەیە لە بەڕێوەبردنی پرۆژەكانی ژێرخاندا لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی جیهاندا.