داعش داوای " دیل بەدیل" لەهەرێم دەكات
2020-02-26 14:53:32
راپۆرتی: دڵشان ئەنوەر – دەنگی ئەمریكا
چەكدارانی داعش داوای ئازادكردنی ژنێكی ئێزدی لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەن، وەك مەرجێك بۆ ئازادكردنی پـۆلیسێك كە نزیكەی 4 مانگە ڕفاندوویانە.
جەلال بەبان، پـۆلیسێكی كوردی ناحیەی ڕزگاری گەرمیانە و لە ڕۆژی 4 ی مانگی یازدە، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە نزیك ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە لەگەڵ ئامۆزایەكیدا ڕفێندرا، دواتر ئامۆزاكەی بەپارە ئازادكراو خۆی تا ئێستا لای داعشە.
داعش بە تەلەفۆن پەیوەندیان بە كەس و كاری جەلال بەبانەوە كردووە، داوایان لێكردوون هەوڵی "ئازادكردن"ی ژنێكی ئێزدی بدەن، بۆ ئەوەی ئەوان ناوبراو ئازاد بكەن.
والی نارینی، مامی جەلال بەبان، بە دەنگی ئەمەریكای وت"داعش لە رۆژی 4/11 ی ساڵی رابردوو، كوڕەكەم و برازایەكمیان رفاند، كوڕەكەمیان بە پارە ئازاد كرد، بەڵام برازاكەم پۆلیس بوو، هێشتا لایان ماوە."
وتیشی"داعشەكان ناوبەناو تەلەفۆن دەكەن و داوای ئازادكردنی ژنێكی ئێزدی دەكەن، لەبەرامبەر ئازادكردنی برازاكەمدا."
والی نارینی، باسی لەوەكرد "وتمان: ئێمە هەژارین، زیندانی لای ئاسایش بە ئێمە ئازادناكرێت، بەڵام ئەوان ئازادكردنی برازاكەم بە پارە رەتدەكەنەوە، دەڵێن: دەبێت ئەو ژنە ئێزدیەمان بۆ رزگاربكەن."
ئەو ژنە ئێزدیەی داعش داوای دەكات، لای دەزگا ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان زیندانیەبەتۆمەتی بەكارهێنانی ناسنامەی ساختە ساڵێك حوكمدراوە، 8 مانگە لە زینداندایە و 4 مانگی ماوە حوكمەكەی تەواو بكات.
كەس و كاری پۆلیسەكەی لای داعش، بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەی ژنە ئێزدیەكە كردووە، كە داعش داوای دەكات، خۆی وتوویەتی"گەر لە زیندانیش ئازادبكرێم، ناگەڕێمەوە لای داعش."
بەپێی زانیاریـیەكانی دەنگی ئەمەریكا، داعش سەرەتا بۆ ئازادكردنی پۆلیسەكە مەرجی رادەستكردنی ژنەكەیان هەبووە، بەڵام دواتر مەرجەكەیان بۆ ئازادكردنی لە زیندان گۆڕیووە.
والی نارینی وتی"رۆیشتینە لای بەرپرسانی ئەمنی بۆ مەسەلەی ژنە ئێزدیەكە، داعشەكانیش ناو بەناو تەلەفۆن دەكەن، هۆشداریمان پێدەدەن، كوڕەكەمان دەگوێزنەوە بۆ ناوچەی تر، گەر ژنەكە بەر نەدرێت."
داوای ئازادكردنی ژنێكی ئێزدی لەلایەن چەكدارانی داعش، لە كاتێكدایە پێشتر دۆخەكە پێچەوانەبوو، داعش ژنانی ئێزدی دەست بەسەركردبوو، بەڵام رێكخراو و دام و دەزگاكانی هەرێم هەوڵی ئازادكردنیانی دەدا.
ئەو چەكدارانەی داعش كە داوای ژنە ئێزدیەكە دەكەن تا رادەستیان بكرێت یاخود لە زیندان ئازاد بكرێت، گومان دەكرێت یەكێكیان تێدابێت، كە پێشتر بە زۆر ژنە ئێزدیەكەی لێ مارە بڕدرابێت و بیەوێت بگەڕێتەوە لای.